Accessibility links

دکتۆر کامەران مەنتیک: لە دنیادا شتی وانەبووە وڵاتەکەت داگیربکەن و تۆش ئاهەنگ بگێڕیت


شەڕی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە لە ناوچە شاخاویە سنورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەستی پێکردەوە. پاش ئەوەی سوپای تورکیا بە کردەیەکی سەربازی لە ژێر ناوی چنگ کلیل هاتووەتە نێو خاکی عێراقەوە و شەرێکی سەخت بەرپا بووە، تاکو ئێستا بە پێی راگەیاندنی هەردوولایان، ژمارەیەک کوژراو لە ڕیزی گەریلاکانی پەکەکە و سەربازانی سوپای تورکیا کەوتووەتەوە.

لە بەرنامەی هەلەو واشنتن ئەم مژارە سیاسیە لەگەڵ میوانی بەرنامە دکتۆر کامەران مەنتک تاوتوێ دەکەین، وەک مامۆستایەکی زانکۆ شارەزاییەکی تەواوی لەسەر سیاسەت بە گشتی هەیە و لە بواری دیپلۆماسی نێو دەوڵەتیدا هەیە. بەڕێزیان پێیان وایە لەشکر کێشی تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان و دروستبوونی شەڕ لە نێوان تورکیا و پەکەکەدا شتێکی نوێ نیە و پرۆسەیەکی بەردەوام بووە، لای وایە، ئەمجارە نیەتی سوپای تورکیا هاتنە ناوەوەیەتی بۆ نێو قوڵایی هەرێمی کوردستان.

لەو بارەیەوە دکتۆر کامەران مەنتیک دەڵێت "لەوەتەی هەرێمی کوردستان دروست بووە، تورکیا کاری لەسەر ئەوە کردووە کە چۆن هەموو توانایەکی گەشەسەندنی لێ بستێنێتەوە، هەر بۆیە رۆژ بە رۆژ هەنگاوەکانی ئەو پلانەیان فراوانتر دەبێت. لە ساڵی 2020 لەشکری تورکیا، هاتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە. کێشەی تورکیا لەگەڵ کوردە، نەوەک لە دژی فراوان خوازی پەکەکە بێت لەو ناوچانە. ئەو کێشەی لەگەڵ کورددا هەیە. پێم وایە ئەگەر تورکیا تەنها مەبەستی پەکەکە بێت، خۆ پەکەکە چەندین جار دەستپێشخەری بۆ پرۆسەی ئاشتی کردووە، تاوەکو کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەر ببێت، بەڵام تورکیا دەخوازێت لە رووی هێزەوە سنورەکانی خۆی فراوانتر بکات، لە رووی جوگرافیاوە ئەو ناوچانەی کە خۆی دەیەوێت بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، ئێستا لەم شەڕە تازەیەی زۆرتر هاتونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە."

دکتۆر کامەران مەنتک
دکتۆر کامەران مەنتک

تورکیا لەم ئۆپەراسیۆنە تازەیە کە لە ژێر ناوی چنگ کلیل بەڕێوە دەچێت، وەک ڕاگەیاندنی پەکەکەش ڕایگەیاندووە، لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی خاڵە ستراتیژییەکانی دەڤەری زابدان بە تایبەتی لوتکە شاخە بەرزەکانی ناوچەکەو هاوشێوەی کوڕوژارۆ، لەو شوێنانەش شەڕو پێکدادانی قورس روویان داوە، لەو بارەیەوە دکتۆر کامەران دەڵێت "تورکیا دەستی بەسەر زۆر شوێندا گرتووە، بەڵام میدیاکان باسی ناکەن، تورکیا ساڵانێکە لە لای شرناخەوە تا دەگاتە خواکوڕکی کوردستانی عێڕاق، زۆربەی لوتکە بەرزەکانی گرتووە، ئێستا گەریلاکانی پەکەکە شەڕی پارتیزانی دەکەن، ئیستا لە دەڤەری بارزان کە پێگەی سەرەکی پارتی دیموکراتە، زۆربەی لوتکە بەرزەکانی ئەو ناوەش بە دەستی تورکیاوەیە، ببینە لە دەڤەری بەرواری باڵا، قەرەقولی تورکیا واتە بنکەی پۆلیسی تورکیا لێیە، کە بەرواری باڵا عێراقە."

لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک سەربازگەی تورکیای لێیە، ئەو شوێنانەش کە لە کاتی جیاوازدا لە نێو خاکی هەرێمی کوردستاندا خۆی جێگییر کردووە، زۆربەیان کەوتونەتە ناوچە سنورییەکانی هەرێم لەگەڵ تورکیادا کە پێگەی گەورەترین حزبی هەرێمی کوردستانە، پارتی دیموکراتی کوردستان. ئایا ئەوە زیان بە ئایندەی ئەو حیزبە ناگەیەنێت؟ لەو بارەیەوە دکتۆر کامەران پێی وایە، لە ئایندە زیانی دەبێت، لای تورکیا کورد هەر کوردە. "بێگومان کاریگەری دەبێت، ئەو شوێنانەی تورکیا لە کوردستانی عێراق داگیریکردووە، ناوچەی هەژموونی پارتییە، من پێم وایە لە رووی سیاسیەوە و ئابوریشەوە تورکیا شارەکانی دهۆک و هەولێریشی داگیر کردووە، بە تایبەتی لە رووی ئابورییەوە. ئێستا دەخوازێت جڵەوی ئەو شوێنانە باکت کە لە رووی سەربازیەوە گرنگن، تاوەکو لە دواییدا داگیرکردنی کوردستان رابگەیەنێت، ئەگەر راشینەگەیەنێت، تورکیا لەم سیاسەتەی بەردەوام دەبێت، تا دەگاتە دوا خاڵی دەڤەری زەرد کە دەچێتە ئەو شوێنەی کە سنورە لە نێوان عێراق و ئێران و تورکیادا کە ئەویش زینی وەرتێیە. ئەگەر ئەمجارە تورکیا لوتکە شاخی کوڕوژارۆ داگیر بکات، ئەوە تاوەکو دەشتاییەکانی موسڵ کۆنتڕۆڵ دەکات."

بەپێی یاساکانی نێودەوڵەتی، هاتنە نێو خاکی هەر وڵاتێکی تر ڕێگە پێدراو نییە، ئەمەی تورکیاش لە عێراق دەیکات، ئایا ئەو یاسایە دەیگرێتەوە؟ لە کاتێکدا خاوەن ماڵ، هەرێمی کوردستان و عێڕاقیش، تا رادەیەک بێ دەنگیان هەڵبژاردووە. لەو بارەیەوە دکتۆر کامەران دەڵێت "هەست دەکەم ڕێکەوتنێکی هەرێمی هەیە، هەندێک کەس کە بەناوی شیکەرەوەی سیاسی لەو مەسەلەیە دەدوێن، ویلایەتی موسڵ ورێکەوتنی لۆزان و هەڵدانەوەیان و زیندووکردنەوەیان، هەست دەکەم زیاتر شوێن پڕوپاگەندەی هەواڵگیری تورکیا کەوتوون، بەو پڕوپاگەندانە زەمینەیان بۆ لەشکرکێشیەکەی تورکیا خۆش کردووە، دەنا رێکەوتنی لۆزان کۆتاییەکەی دیاری نەکراوە و ئامانجەکانی هاتونەتە دی و کۆتاییان هاتووە. سەبارەت بە هەرێمی کوردستان وهەڵبژاردنی بێ دەنگی لە لایەن حیزبەکانەوە، من پێم وایە بەر لەوە دەمەوێ ئاماژە بە خاڵێک بکەم کە میدیای ئێمە لێی بێ ئاگان و باسیشی ناکەن، خەڵکی سیڤیڵی ناوچەکەیە کە تاکە قوربانی ئەو ململانێیانەن، جگە لەوەی لە باری دەرونییەوە لە ژێر ترس و دڵە ڕاوکێدا ژیان دەکەن و بەشێکی زۆریان گوندەکانیان جێهێشتووە، تورکیا خوازیارە ئەو ناوچەی ئارامەی دەیخوازێت، لە هەمووشتێکی ژیانی ڕابماڵێت.

حزبەکانی کوردستان بەوانەی لە دەسەڵاتدان وئەوانەش کە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دادەنێن، هەڵوێستی وایان نەبووە، چونکە ئەوان لە روانگەی بەرژەوەندی خۆیانەوە دەڕوانن و لە روانگەیەکی نیشتیمانیەوە لەو دۆخە ناڕوانن. بە بڕوای من لە هەرێمی کوردستان حزبی نیشتیمانی نەماوە، گروپێک هەن کە دەیانەوێت لە پەنای سیاسەتەوە بژێوی ژیانی خۆیان و ئەو خەڵکەی بە چواردەوریانەوەن بیان ژێنن. ببینە وڵاتەکەت داگیر دەکرێت، بۆردومانی خەڵکەکەت دەکرێت، دارستان وژینگەت خاپوور دەکرێت، لەو کاتەدا تۆ هەڵوێستت نەبێت ئەی کەی دەتبێت. لە دنیادا حزبی بەو شێوەیە هەر بوونی نەماوە، هیچ دەسەڵاتێکی سیاسی لە دنیادا نییە، داگیرکەر بێت وڵاتەکەت داگیر بکات، تۆش دابنیشیت ئاهەنگ بگێڕیت."

بەپێی ڕاگەیاندنەکانی پەکەکە، پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆمەکی سوپای تورکیایان کردووە. هەرچەندە بەرپرسانی پارتی ئەوە رەد دەکەنەوەو لە وتوێژیان لەگەڵ دەنگی ئەمریکا ئەوەیان ڕاگەیاندووە. هاوکات لەو بارەیەوەو هەر لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکەی تورکیا، ڕایان گەیاندووە کە سوپای تورکیا بە هاوکاری دۆستەکانیان ئەو کردەوە سەربازیەیان ئەنجام داوە. بەڵام پرسیارێکی ڕژد دێتە کایەوە، ئایا پارتی دیموکرات کە ئێستا فۆکەسی زۆری لەسەرە دەتوانێت، بەر بە لەشکرکێشی سوپای تورکیا بگرێت؟ لەو بارەیەوە دکتۆر کامەران مەنتیک پێی وایە ئەوەی ئێستا کە ڕوودەدات لە ناوچەی ژێر هەژموونی پارتیدایە، بەڵام توانای ئەو رووبەرووبونەوەیەی نیە، "پارتی ئەو هێزە نییە کە بتوانێت ڕووبەرووی سوپای تورکیا بوەستێتەوە، لە رووی سیاسیەوە چۆن باس دەکرێت، ئەوە شتێکی ترە، بەڵام لە رووی سەربازییەوە ئەو توانایەی نییە، پێم وانیە تورکیا ئەوەندە حیساب بۆ پارتی بکات، ئەوەندەشی کە وەکو دۆستێک ناوی دەبات، بۆ ڕەوایی دانە بە داگیرکارییەکەی.

پێویستە هەموو لایەنە کوردییەکان ئەوەیان لە لا ڕوون بێت کە تورکیا دۆستی هیچ لایەکێکیان نییە، هۆکارەکەش روونە لە بەر ئەوەی کوردن. زەرورەتە حیزبەکانی تر دەرفەتێک بۆ پارتی بڕەخسێنن زیاتر نەکەوێتە باوەشی تورکیاوە، پێویستە کورد لەم قۆناغەدا هۆشیارانە سیاسەت بکات لەسەر بنچینەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و شەڕەجوێن، سیاسەت نەکات. ڕایەڵەیەک بدۆزنەوە لە نێوان یەکتردا، ئەگەر بێ هێزیش بێت. پێکەوە ڕوو بەڕووی سیاسەتە جیهانی و هەرێمیەکان ببنەوە. ئەوەی ئێستا دەکرێت، کە باشووری کوردستان ببێتە شوێنی شەڕێکی گەورە، هەرچییەکیشمان بنیات ناوە پێدەچێت لە ناوی بدەین."

کورد لە تورکیا داوای مافی نەتەوەیی دەکات و پەکەکەش رێگای چەکداری گرتۆتە بەر بۆ دروستکردنی فشارو هێنانە دی ئەو مافە. پرسیارێک دێتە کایەوە، ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە، پەکەکەش بیر لە شێوە خەباتی تر بکاتەوە؟ بە تایبەتی ئەوەتا چەند ساڵیکە کورد بە زۆری لە هەڵبژاردن بەشدارە و لە ڕیگای ئەو پارتە کوردیانەی دروست بوون، توانیویانە هەندێک گۆرانکاری بهێننە دی.

لەو بارەیەوە میوانەکەمان کە شارەزایەکی باشی ئەو شەنوکەوە سیاسیەیە، دکتۆر کامەران مەنتیک دەڵێت "تورکیا لەسەر ئەو باوەڕییە کار دەکات، لە ئەفریکاش دەوڵەتی کوردی بەدەست بێت، ئەو دژایەتی. بەو شێوازە بیر دەکاتەوە. بەڵام من لەگەڵ خەباتی چەکداریدا نیم، پێم وایە کورد دەبێت لە رووی خەباتی مەدەنیەوە جومگەکانی دەسەڵات بگرێتە دەست لەو وڵاتانەی ئەوانی لێیە، گرفتەکە لەوەدایە تورکیا ڕێگا بە خەباتی مەدەنی نادات، ببینە چەند ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لە کوردەکان لە زینداندان، ببینە دەمیرتاش هەموو ئەوروپا داوای ئازاد کردنی دەکەن، تورکیا ئازادی ناکات. بۆ ئەوەی چیتر دایکی تورک و کورد بۆ کوژرانی منداڵەکانیان فرمێسک نەڕێژن، دەبێت تورکیا کێشەی کورد چارەسەر بکات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:29:23 0:00

XS
SM
MD
LG