Accessibility links

بەرپرسی لقی کەرکوکی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان: لە کەرکوک بە مەزاج مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنوس دەکرێت نەک یاسا


بەرپرسی لقی کەرکوکی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان، هۆکاری داخستنی بارەگای لقەکەی لە کەرکوک بۆ گرفتی دارایی دەگێڕێتەوە، جەخت لەسەرئەوەشدەکاتەوە لە کەرکوک بەپێی "مەزاج" مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنوساندا دەکرێت، نەک بەیاسا.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، مەهدی زریان بەرپرسی لقی کەرکوکی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان، دەڵێت"بارەگامان لە کەرکوک نەماوە، چونکە دۆخی کەرکوک و دەوروبەری لەبارنەبوو، گرفتی شوێن و داراییمان هەبوو، جێگەکەمان گونجاو نەبوو، بۆیە نەمانویست هەیبەتی لقەکەمان بشکێ کە خاوەنی هەیبەت بوو."

داخستنی بارەگای لقی کەرکوکی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان لە کاتێکدایە، ڕۆژنامەنوسانی کورد کە زۆربەیان ئەندام بوون لەو لقەدا، دوای 16 ی ئۆکتۆبەر کەوتنە ژێر فشارەوە و پێویستیان بە هاوکاری سەندیکای ڕۆژنامەنوسان هەبوو، لەو بارەیەوە مەهدی زریان دەڵێت"قەیرانی دارایی کاری ڕێکخراو و سەندیکاکانی سست کرد، ئێمە لە بیناکەیەکی گەورەدا بووین و کەوتینە ژێر قەرزێکی زۆرەوە، دەعممان نەما، تەنانەت ڕۆژنامەنوسانیش کە 800 ئەنداممان لەکەرکوک هەبوو، ئابونەیان نەدەدا."

دەربارەی لەمپەرەکانی بەردەم کاری ڕۆژنامەوانی لە کەرکوک، بەرپرسی لقی کەرکوکی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان گوتی"لە کەرکوک بە بەپێی مەزاج مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەوان دەکرێت نەک یاسا، ڕۆژنامەنوس بۆ کارکردن دەوەستێتەوە سەر پەیوەندی خۆی، ئەگینا چەندین ڕۆژنامەنوس دەستگیرکراون و کامێراو میمۆریان شکێنراوە."

لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، مەهدی زریان بەرپرسی لقی کەرکوکی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان، لەبارەی ئەوەی ئایا ڕێگەیان پێدەدرێت لە دانیشتنەکانی دادگاییکردنی ڕۆژنامەنوسان ئامادەبن بە مەبەستی داکۆکیکردن لێییان، وتی"ڕێگە دەدەن بەڵام سودی نیە، چونکە ئەنجامی دادگایی کردنەکە هەر ئەوەیە کە پێشوەخت بڕیاریان لێداوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:57 0:00

XS
SM
MD
LG