Accessibility links

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت توشبوون و گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمبۆتەوە


ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت ژمارەی حاڵەتە نوێیەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کوڕۆنا (COVID-19) لە ئاستی جیهانیدا هەفتەی ڕابردوو نزیکەی چارەکێک کەمی کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە کۆتایی مانگی 3وە حاڵەتەکان بەردەوام ڕوویان لە دابەزینە.

ئاژانسی تەندروستی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ لە ڕاپۆرتێکی هەفتانەیدا ڕایگەیاند کە زیاتر لە پێنج ملیۆن حاڵەتی تووشبون لە نێوان 11 بۆ 17ی مانگی چوار تۆمارکراوە کە ئەمەش 24٪ کەمترە لە هەفتەی پێشوو، هەروەها دابەزینی ڕێژەی گیان لەدەستدانەکانیش بۆ 21% ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسەکەی دابەزاندوە بۆ 18,215 کەس.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت ژمارەی حاڵەتە نوێیەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کورۆنا لە هەموو ناوچەکانی جیهاندا دابەزیوە، هەرچەندە ڕێژەی دابەزینەکە لە ئەمەریکا تەنها 2٪ بووە.

ئەو ئاژانسە دەڵێت ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین ژمارەی حاڵەتی تووشبوونیان لە هەفتەی ڕابردوودا تۆمار کردووە بریتی بوون لە کۆریای باشوور بە 972,000 حاڵەت، فەڕەنسا بە زیاتر لە 827,000 حاڵەت و ئەڵمانیاش بە زیاتر لە 769,000 حاڵەتی تووشبون.

زۆرترین ژمارەی گیان لەدەستدانەکانی ئەم دواییانەش بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئەمەریکا تۆمار کراوە کە 3076 کەس بوون و دواتریش لە ڕووسیا بە 1,784 کەس و لە کۆریای باشووریش بە 1671 کەس.

کۆی گشتی حاڵەتەکانی تووشبوون بە COVID-19 تاکو ئێستا زیاتر لە 502 ملیۆن حاڵەت بوون لە ئاستی جیهاندا و نزیکەی 6.2 ملیۆن کەسیش بە هۆی ئەو ڤایرۆسەوە لە سەرانسەری جیهان گیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG