Accessibility links

درێسەکەی مارادۆنا کە لە کاتی گۆڵە بەناوبانگەکەیدا لەبەریبوو لە مەزادێکدا دەفرۆشرێت


کاتێک مارادۆنای یاریزانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بە دەست گۆڵێکی لە هەڵبژاردەی ئینگلتەرا تۆمارکرد لە جامی جیهانی ساڵی 1986دا، درێسێکی ژمارە 10ی لەبەردا بوو. بڕیارە لە مانگی داهاتوو ئەو درێسە لە مەزادێکدا بفرۆشرێت. هەر لە ئێستاوە کەسێک لە مەزادێکدا لە ئۆنلاین ئۆفەرێکی 4 ملیۆن پاوەنی پێشکەشکردووە. مەزادەکە لە 20ی مانگی چوارەوە دەستی پێکردووە و بڕیارە تا 4ی مانگی پێنج بەردەوام بێت.

ئەو گۆڵەی مارادۆنا کە لە سەرەتای نیوەی دووەمی یاریەکەدا بە دەست تۆماریکرد، توانی ئەرجەنتین لە چارەکی کۆتایی جامی جیهانی کە لە مەکسیک ئەنجامدرا، بباتە قۆناغی دواترەوە.

یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی ئینگلتەرا، ستیڤ هاج دوای یاریەکە درێسەکەی مارادۆنای بەدەستهێنا و بەم دواییانە ڕایگەیاند لە مەزادێکدا دەیفرۆشێت، ئەمەش پاش ئەوەی بۆ ماوەی 19 ساڵ لە مۆزەخانەی تۆپی پێی نیشتیمانی ئینگلتەرا نمایش دەکرا.

لێدوانەکانی کەسوکاری مارادۆنا فرۆشتنی درێسەکەی ئاڵۆزکرد. کچەکەی مارادۆنا، داڵما ڕایگەیاند من دڵنیام ئەو درێسەکەی باوکمی لانیە و دەشزانم لای کێیە، بەڵام نامەوێ بڵێم لای کێیە.

کۆمپانیای ساسەبی Sotheby کە مەزادێکی بەریتانیە، ئەو لێدوانانەی کەسوکارەکەی مارادۆنای ڕەتکردەوە کە ئەو درێسەی لە مەزادەکەدا دانراوە بۆ فرۆشتن، هەمان ئەو درێسەی مارادۆنا نیە.

براهام واچەر بەرپرسێکە لە مەزادی ساسەبی ڕایگەیاند کە لە ڕێگەی بەراوردکردنی وێنەکانەوە بە مایکرۆسکۆب پشڕاستیان کردۆتەوە کە ئەو درێسەی لە مەزادەکەدا دانراوە هەمان ئەو درێسیە کە مارادۆنا لە کاتی گۆڵەکەدا لەبەریبووە.

کۆمپانیاکە هاوکات ئاماژەیان بە نووسینەکانی مارادۆنا کردووە کە باس لەوە دەکات لە کۆتایی یاریەکەدا درێسەکەی داوە بە ستیڤ هاج.

کۆمپانیاکە ڕایشیگەیاندووە ئەو درێسە بۆ نزیکەی دوو دەیەیە لە مۆزەخانەی تۆپی پێی نیشتیمانی دانراوە، بەڵام کەس نەیوتووە ئەو درێسە هەمان ئەو درێسە نیە کە مارادۆنا لە کاتی گۆڵەکەدا لەبەریبووە.

مارادۆنا بە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی تۆپی پێ دادەنرێت لە مێژوودا. لە تەمەنی 60 ساڵیدا، لە مانگی 11ی ساڵی 2020 بەهۆی نەخۆشیەوە کۆچی دوایی کرد.

XS
SM
MD
LG