Accessibility links

یەک بازنەیی و چوار بازنەیی هەڵبژاردن: کامیان گونجاوترە بۆ هەرێمی کوردستان؟


هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە بڕیارە لە 2022/10/1 بەڕێوەبچێت، مەترسی دواکەوتنی هەیە بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکان لەسەر سیستەمی هەڵبژاردن. لە کاتێکدا پارتی و پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکان لەگەڵ ئەوەن کە شێوازی هەڵبژاردن بە شێوەی یەک بازنەیی ئێستا بمێنێتەوە، بەڵام یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و نەوەی نوێ داوای گۆڕینی سیستەمەکە دەکەن بۆ چوار بازنە لەسەر بنەمای چوار پارێزگاکەی هەرێم.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە چەند بەرپرس و چاودێرێکی هەڵبژاردن کرد سەبارەت جیاوازی نێوان ئەو دوو سیستەمە و گونجانیان بۆ هەرێمی کوردستان. شارەزایان دەڵێن ناکۆکی لایەنەکان پەیوەندی بە پاراستی بەرژەوەندی کاتی حزبی هەیە و ئەگەرێکی دوورە کە هیچ کام لەو سیستەمانە پرۆسەی حکومڕانی هەرێمی کوردستان پێشبخەن.

هەندرێن محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان
هەندرێن محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان

لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، هەندرێن محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، "من نامەوێت قسەبکەم لەسەر ئەو بابەتە چونکە بەداخەوە ئەگەر بۆچونێکی تەکنیکیش بڵێم دەبێتە لایەنگری بۆ لایەنێک. بەڵام بەڕای من هیچ سیستەمێکی هەڵبژاردن %100 تەواو نییە، بەڵکو هەر یەکەیان باشە و خراپەی خۆی هەیە."

هۆگر چەتۆ، بەرپرسی تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکان، بە هەمان شێوە بە دووری دەبینێت کە یەکێک لەو سیستەمانە کێشەکانی فەرمانڕەوایی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات.

ئەو بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "بە بڕاوی من پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی تر کۆی ئەو ناکۆکیەی کە هەیانە وابەستەیە بە بەرژەوەندی حزبی، کامەیان بەرژەوەندی لە چیدایە بۆ ئەوەی کە هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت، وە دەرئەنجام سیستەمی هەڵبژاردن و یاسای هەڵبژاردن چۆن لە بەرژەوەندی ئەو حزبانە دەکەوێتەوە."

یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کە بۆ یەکەم جار ساڵی 1992 دەرچوو، هەرێمی کوردستان دەکات بە یەک بازنەی هەڵبژاردن کە تێیدا لایەنەکان دەتوانن کێبڕکێی بەدەستهێنانی 100 کورسی پەرلەمان بکەن و 11 کورسی بۆ پێکهاتەکان دەبێت. بە گوێرەی یاساکە، ئەو پارتانەی کە لە کۆی گشتی بەشداربووانی هەڵبژاردن زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنن دەتوانن زۆرترین کورسی پەرلەمان ببەن.

بەڵام یەکێتی و چوار لایەنەکەی تر بە پشتگیری چەند پەرلەمانتارێکی تری سەربەخۆ داوای دابەشکردنی کۆی کورسیەکان دەکەن بەسەر چوار بازنە بەپشتبەستن بە نوێترین ئاماری بایۆمەتری حکومەتی عێراق بۆ دانیشتوانی هەریەک لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان.

ئارام جەمال، ئەندامی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن و شارەزا لە سیستەمەکانی هەڵبژاردن
ئارام جەمال، ئەندامی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن و شارەزا لە سیستەمەکانی هەڵبژاردن

ئارام جەمال، ئەندامی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن و شارەزا لە سیستەمەکانی هەڵبژاردن، بۆ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، "فرە بازنەیی 11 جۆری هەیە و ئەوەی کە یەکێتی و لایەنەکانی داوای دەکەن یەکێکە لە جۆرەکان. ئەو نەخۆشیانەی کە لەیەک بازنەیی هەن هەتا ڕادەیەک لە چواربازنەییش دووبارە دەبنەوە و هەن. بۆیە هەرێمی کوردستان قەتیس نەکرێت لە نێوان یەک بازنەیی و دوو بازنەییدا."

سلێمانی و دهۆک چەقی ململانێکانن

بە گوێرەی چاودێران، کەمی ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی بە بەراورد بە پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا، سەرەڕای جیاوازی دابەشبوونی دەنگەکان لە هەریەک لەو دوو پارێزگایە، هۆکاری سەرەکی دروستبوونی ناکۆکی نێوان حزبە سیاسیەکانە لەسەر یاسای هەڵبژاردن.


ئەو شارەزایانە دەڵێن کە لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا پارتی توانیویەتی ژمارەی کورسییەکانی بۆ پەرلەمان زیادبکات بەهۆی زۆری ڕێژەی بەشداری دەنگدەرانی دهۆک بەراورد بە سلێمانی.

سەرەڕای کەمی ڕێژەی بەشداری دەنگدەرانی سلێمانی، هۆگر چەتۆ ڕایگەیاند کە دابەشبوونی دەنگەکان لە هەریەک لەو دوو پارێزگایە وەهادەکات شێوەی هەڵبژاردنی ئێستای هەرێم لە بەرژەوەندی پارتی بێت. ئەو چاودێرە دەڵێت، "بۆ نمونە ئەگەر %60 خەڵک لە دهۆک چوون بۆ دەنگدان، لەو ڕێژەیە %85-80 دەنگەکان بۆ پارتی یە. لە سلێمانی ئەگەر %60خەڵک چوون بۆ دەنگدان، لەو ڕێژەیە دەکرێت %30 دەنگەکان بۆ یەکێتی بێت و ئەوەی تر پەرتدەبێت بەسەر حزب و لایەنەکانی تر."

بە گوێرەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێم، لە دوایین هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ساڵی 2018 ڕێژەی گشتی بەشداری هاوڵاتیان 59% بووە و لەو ڕێژەیە بەشداری دەنگدەرانی دهۆک نزیکی 61% و سلێمانی 54 % بووە. بە پێی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لە دهۆک، ئەو حزبە زیاتر لە %80 دەنگەکانی ئەو پارێزگایەی بۆچووە.


لە هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردووی پەرلەمانی عێراقدا، بە گوێرەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، پارێزگای دهۆک بە ڕێژەی 54% بەرزترین ژمارەی بەشداری هاوڵاتیانی تۆمارکرد لەسەر ئاستی عێراق. بەڵام لە دوای پارێزگای بەغدا کەمترین ڕێژەی بەشداری لە سلێمانی بووە و تەنیا %37 بووە.

ئارام جەمال لە پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن دەڵێت ئەو جیاوازییە وەهایکردووە کە ژمارەی پەڕلەمانتارانی سلێمانی کەمتر بێت سەرەڕای ئەوەی ژمارەی دانیشتوانی زۆرترە لە هەولێر و دهۆک.
بە گوێرەی ڕەشنووسێکی هەڵبژاردن کە لە لایەن ڕێکخراوی ماڵی سەرکەوتن بۆ گەشەپێدانی تواناکان ئامادەکراوە و دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، لە ئەگەری گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردن بۆ چوار بازنە و بەپێی دوایین ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگاکان، لە کۆی 100 کورسی پەرلەمانی، پارێزگای سلێمانی کە خاوەنی 1,196,980 دەنگدەرە 39 کورسی بەردەکەوێت، هەولێر کە خاوەنی 1,109,072 دەنگدەرە 36 کورسی بەردەکەوێت، دهۆک کە خاوەنی 711,218 دەنگدەرە 23 کورسی و هەڵەبجە کە خاوەنی 68,191 دەنگدەرە تەنیا 2 کورسی.

ئەمە لەکاتێکدایە کە پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن دەڵێت، بە گوێرەی ڕێژەی بەشداربوونی هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ساڵی 2018 ، سلێمانی ژمارەی نوێنەرەکانی لە پێنجەمین خولی پەرلەمانی کوردستاندا تەنها 35 ئەندام پەرلەمانە بەڵام پارێزگای هەولێر 48 ئەندام پەرلەمان و دهۆک 27 ئەندام پەرلەمان.
چاودێران دەڵێن بە گۆڕینی سیستەمەکە وەک تاکتیکێکی هەڵبژاردن یەکێتی و چوار لایەنەکەی تر دەتوانن سەرەنجام ژمارەی کورسییەکانی پارتی لە پەرلەمان کەمبکەنەوە.
بەڵام ئەگەری ئەنجامدانی ئەو گۆڕانکارییە هەتا ئێستا لاوازە چونکە پارتی بە 45 کورسی و پشتگیری پێکهاتەکانی تر دەتوانێت ڕێگری بکات لە تێپەڕاندنی یاسا پێشنیارکراوەکەی یەکێتی.


ڕای پارتی و یەکێتی


سەبارەت بە هۆکاری ناڕەزایی یەکێتی لە سیستەمی یەک بازنەیی، زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی هەرێم، لە بەرنامەی هەلەو واشنتن ڕایگەیاند، "ئێمە لە هەرێمی کوردستان نەمانتوانیوە هاوسەنگی نوێنەرایەتی پارێزگاکان بکەین."

هەروەها زیاد جەبار داوای 'پاککردنەوەی' تۆماری دەنگدەرانی لە هەرێم کرد و ئاماژەی دا کە تۆمارەکە "لە ڕابردوودا هەموو ناوی ئەو کەسانەی تێدا ماوەتەوە کە مردوون و بە هەزاران کەسی تریش لە ئاوارە تێخزێنراون کە مافی دەنگدانیان نییە لە هەرێمی کوردستان."


لە بەرامبەردا، هێڤیدار ئەحمەد لە فراکسیۆنی پارتی، بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە هەوڵەکانی یەکێتی و لایەنەکانی دەبنە هۆی فراوانکردنی شارچێتی و دابەشبوون لە هەرێمی کوردستان.

هێڤیدار ئەحمەد ڕایگەیاند، "ئێمە کێشەمان نییە لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن. خۆ پێشتریش هەموارکراوە چەند جارێک. بەڵام ئێمە هەستدەکەین کە هەموارکردنی ئەمجارە یاسایەکە کە ئەیدورین بۆ بەرگی حزبێک لە سلێمانی.... پارتیش لە ئەلیفەوە تا یا فێری سیاسەت بووە بۆ ئەوەی تۆ فێڵی لێنەکەیت."

گەیشتن بە چارەسەر

بە گوێرەی هەندێک لە شارەزایانی هەڵبژاردن، پەیڕەوکردنی سیستەمێکی هەڵبژاردنی تێکەڵاو و دورکەوتنەوە لە نوێنەرایەتی ڕێژەیی چارەسەرێکی گونجاوە بۆ ناکۆکیەکە و پێشخستنی پرۆسەی حکومڕانی هەرێمی کوردستان.

لە هەرێمی کوردستان ئێستا پەیڕەوەی نوێنەرایەتی ڕێژەیی دەکرێت کە تێیدا حزبەکان دەتوانن 100 کاندیدیان هەبێت بۆ هەڵبژاردن و دەنگی هەر کاندیدێکی حزبێک بە گوێرەی دابەشکاری هەڵبژاردن و ژمارەی دەنگەکان دەکرێت لە کۆتاییدا بچێت بۆ کاندیدەکانی تری ئەو حزبە کە دەنگی پێویستیان نەهێناوە.


شارەزایان دەڵێن ئەو سیستەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە حزبەکان کاندیدەکان بەکاربهێنن "تەنها بۆ دەنگ کۆکردنەوە" و بووەتە هۆکاری لاوازی پەرلەمانی هەرێم.

شایەنی باسە، پرۆژەکەی یەکێتی بۆ پەیڕەوکردنی سیستەمی چوار بازنەیی نابێتە هۆی لابردنی نوێنەرایەتی ڕێژەیی.

ئارام جەمال سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی ئەو سیستەمە ڕایگەکاند، "بەهۆی ئەو دابەشکارییە لە هەر لیستێک 3-2 کەس دەتوانن دەنگی پێویست بێنن کە بریتین لە سەرۆک لیستەکان قوباد تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید و هێمن هەورامی و عەلی حەمەساڵح و سۆران عومەر. ئەوانیش لە کۆتاییدا دەنگەکانیان دابەشدەبێت بەسەر کاندیدانی تردا کە زۆرینەیان بە 4-3 هەزار دەنگ دەچنە ناو پەرلەمانەوە... ئەم لیستی نوێنەرایەتی ڕێژەییە بریتییە لە ئیش دۆزینەوە بۆ ئەندامانی پلە ناوەند و خوارووی حزبەکان لە پەرلەمان."

ئارام جەمال گوتی، "ئەگەر لە هەرێمی کوردستان ململانێکە دروستبوایە، دەبوایە ئەو هێزەی بەرامبەر پارتی داوای چوار بازنە دەکات دوای ئەوەی کردبایە کە بچینە دەرەوەی لیستی نوێنەرایەتی ڕێژەیی."

لە هەمان کاتدا، سەبارەت بە پێداگری پارتی، ئەو ڕایگەیاند، "پێم سەیرە هێزێک کە لە ساڵی 1946 دروستبووە ئێستا بیر لەوەبکاتەوە کە سوود لە بایکۆتی ناوچەیەک ببینێت بۆ ئەوەی کە خۆی دەنگ زیاتر بێنێت.


لە کۆتاییدا، پێویستە چاکسازی لە سیستەمی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەک بێت کە ڕەچاوی هاوسەنگی هێزەکان و دابەشبوونی هەرێمەکە بکات دوای شەڕی ناوخۆ، ئەمە بەبڕاوای هۆگر چەتۆ لە تۆڕی شەمس.

هۆگر چەتۆ ڕایگەیاند، "بە ڕای من دەکرێت سیستەمێکی تێکەڵاو جێبەجێبکەین. لەو سیستەمە بۆ 50% دەنگەکان کوردستان یەک بازنەی داخراو بێت نەک کراوە بۆ ئەوەی بە هۆیەوە سەرکردەی حزبەکانی تێدا هەڵبژێرین و کێشەی کۆتای ژنان و کۆتای کەمینەکان چارەسەربکەین.... لە بەرامبەردا 50% کوردستان بکەین بە 50 بازنە لەسەر بنچینەی قەزا و ناحیەکان و بەپێی دانیشتوان."

بە هەمان شێوە، ئارام جەمال هاوڕایە کە سیستەمێکی هەڵبژاردنی تێکەڵ و زیادکردنی نوێنەرایەتی قەزا و ناحیەکان ڕەنگە باشترین چارەسەربێت بۆ هەرێمی کوردستان.

ئەو شارەزایە بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "ئێمە پێویستە ئەو نادادپەروەریە کەمیبکەینەوە کە لە ڕوی جوگرافیەوە بۆ نوێنەرەکان هەیە چونکە ئێستا لە کۆی 135 قەزا و ناحیە ژمارەیەکی زۆر زۆر کەم نوێنەریان هەیە لە پەرلەمان. زۆربەی زۆری ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمان کە ژمارەیان 74 پەرلەمانتارە هی سێ شارە گەورەکەن لە کاتێکدا بە هەموو قەزاو ناحیەکان تەنها 37 ئەنداممان هەیە."

XS
SM
MD
LG