Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت چەکدارانی حوسی لە یەمەن ڕازی بوون بە ڕاگرتنی بەکارهێنانی منداڵان لەناو هێزە سەربازییەکاندا


نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، چەکدارانی حوسی لە یەمەن ڕازی بوون بە دەرهێنان و ئازادکردنی منداڵان لە ناو هێزە سەربازییەکانیاندا کە بە هەزارانیان لە ماوەی حەوت ساڵی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەدا لە ڕێزی هێزەکانی ئەو گرووپەدا شەڕیان کردووە.

حوسییەکان ئەو پلانەی کە نەتەوە یەکگرتوەکان بە "پلانێکی کرداری" ناودێری دەکات واژۆیان کردووە، بۆ ڕێگریگرتن لە وەرگرتنی منداڵان لە شەڕی چەکداریدا و بۆ کۆتاییهێنان بە کوشتنیان و هێرشکردنە سەر قوتابخانە و نەخۆشخانەکان.

ستێفان دوجێرێک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی چەکدارانی حوسی پابەند بوون بەوەی کە منداڵەکان لە ڕیزەکانیاندا دەستنیشان بکەن و لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا ئازادیان بکەن.

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە حکومەتی بە فەرمی دانپێدانراوی یەمەن لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە کە لە تاراوگە کاردەکات، لە چەندین بەڵگەنامەدا کە لە ساڵی 2014ەوە واژۆ کراون، پابەندبوونێکی هاوشێوەی قەبووڵ کردووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت نزیکەی 3500 منداڵ لە شەڕی ناوخۆی یەمەندا بەشداربوون. بەرپرسێکی باڵای سەربازی حوسییەکان لە ساڵی 2018 بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی ڕاگەیاند کە ئەو گروپە تا ئەو کاتە 18 هەزار سەربازی منداڵیان هێناوەتە ناو سوپاکەیانەوە، هەروەها سەربازێکی پێشووی منداڵیش بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاند کە تەنانەت منداڵانی تەمەن 10 ساڵ وەرگیراون بۆ شەڕ، بەڵام ئەو کات گوتەبێژێکی سەربازی حوسییەکان ڕەتی کردەوە کە کەسانی خوار تەمەن 18 ساڵیان وەرگرتبێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە میانەی شەڕی ناوخۆی یەمەندا زیاتر لە 10,200 منداڵ یان کوژراون یان برینداربوون، بەڵام ڕوون نیە کە چەن کەس لەوانەی کە کۆژراون سەرباز بوون.

جەنگی ناوخۆی یەمەن لە ساڵی 2014دا هەڵگیرسا، کاتێک حوسییەکان بە پشتیوانی ئێران دەستیان بەسەر سەنعادا گرت و حکومەتیان ناچار کرد ببێتە تاراوگەنشین.

لە سەرەتای ساڵی 2015دا هاوپەیمانیەک بە سەرۆکایەتی سعودیە و پاڵپشتی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی چووە ناو شەڕەکەوە بۆ هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی حکومەت بۆ سەر دەسەڵات.

چاودێرانی جەنگ مەزەندە دەکەن کە لەو ململانێیەدا زیاتر لە 14,500 هاوڵاتی مەدەنی کوژرابێتن و ئەگەر ژمارەی سەربازانیشی بۆ زیاد بکرێت ئەوا 150,000 کەس تاکو ئێستا لەو شەڕەدا کوژراون، هەروەها شەڕەکە یەکێک لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکانی لە جیهاندا دروستکردووە.

لایەنەکانی شەڕی یەمەن لە سەرەتای ئەم مانگە ڕازی بوون بە یەکەم ئاگربەستی سەرتاسەری لە ماوەی ئەم شەش ساڵەی دواییدا. کاتی دەستپێکی ئەو پەیمانە دوو مانگە بۆ ئاگربەست لە مانگی ڕەمەزاندا دەستی پێکردووە و هیواکانی بۆ بەرقەراری ئاشتی لەو وڵاتەدا زۆرتر کردووە.

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG