مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاش سەردانە فەرمییەکەی بۆ بەریتانیا، ئەمڕۆ سێشەممە لە لەندەن لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بۆریس جۆنسن کۆبووەوە.
بارزانی لە تویتێکدا دەڵێت " خۆشحاڵم ئەمڕۆ چاوم بە سەرۆک وەزیران بۆریس جۆنسن کەوت بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی هاوبەشی بەهێزی نەگۆڕمان. سوپاسیم کرد بۆ دۆستایەتییەکەی لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی هەرێمەکە."
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە کۆبونەوەکەی نێوان بارزانی و جۆنسن دەڵێت "لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا تاووتوێ کرا."
ڕاگەیاندنەکەی حکومەتی هەرێم دەشڵێت " سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئاماژەی بە پەیوەندی دۆستانە و مێژوویی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان دا و باسی لە سەردانی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و گوتی یەکێک بوو لە سەردانەکانم کە هەرگیز لە بیر ناکرێت و هیوادارم دەرفەتی ئەوەم هەبێت جارێکی دیکە سەردانی هەولێر بکەمەوە.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاریکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دووپاتکردەوە . هەروەهاپشتیوانی خۆی بۆ گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور دەربڕی."
جەگە لە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، بارزانی لەگەڵ چەندین بەرپرسی تری حکومەتی بەریتانیا گفتوگۆی کردووە لەناویاندا ئەماندا میلینگ وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ئاسیا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لەم باریەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندێکدا دەڵێت ” لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و دەرفەتەکانی برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرا."
هەروەها دەڵشێت "تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو دەربارەی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاند، لەم ڕووەوە وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ئاسیا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە."
بارزانی ڕۆژی دووشەممە، بە سەرۆكایەتی وەفدێكی حكومی و بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، ئەم سەردانەی بەرتیانیای پاش سەردانێکی ڕۆژی هەینی بوو بۆ تورکیا و لەوێش لەگەڵ سەرۆکی وڵاتەکە ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا کۆبووەوە.