Accessibility links

ئەمەریکا دەڵێت لە 12ی مانگی5دا کۆبوونەوەی لوتکەیی لەسەر کۆرۆنا بەڕێوەدەچێت


کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند بڕیارە کۆبوونەوەی لوتکەیی جیهانی بۆ کۆتایی هێنانی قەیرانەکانی کۆڤید-19 و پلانەکان بۆ گۆڕانکارییەکانی داهاتوو لە 12ی مانگی 5دا بەڕێوەبچێت، ئەمەش لە کاتێکدایە سەرۆک جۆو بایدن لە هەوڵدایە بۆ ڕازیکردنی کۆنگرێس بۆ بەدەستهێنانی بوجەی پێویست بۆ بەرنگاری پەتای کۆرۆنا.

کۆبوونەوە لوتکەییەکە بڕیارە بە شێوەیەی ئەلکترۆنی و بە ڕێبەرایەتی هاوبەشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و سەرۆک کۆماری ئاڵمانیا وەک سەرۆکی ئێستای وڵاتانی گرووپی G-7 و هەروەها ئیندۆنیزیا وەک سەرۆکی وڵاتانی گرووپی G-20 و سینیگال وەک سەرۆکی یەکێتی ئەفریکا و بەلیز وەک سەرۆکی ئێستای گروپی کاریبی بەڕێوەبچێت.

وڵاتانی بەشداربوو لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاندوە "ئەو کۆبوونەوە لوتکەییە هەوڵە پێکەوەییەکانمان بۆ کۆتایهێنان بە قەیرانی کۆڤید-19 و ئامادەکاری بۆ هەڕەشەکان لەسەر تەندروستی لە داهاتوو زیاتر و چڕتر دەکات."

ئەمە دووەم ھەوڵی جیهانییە بۆ بەرنگاری قەیرانەکانی پەتای کۆرۆنا کە تاکو ئێستا بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە شەش ملیۆن کەس و سەرهەڵدانی قەیرانە ئابوورییەکان لە ئاستی جیهانیدا.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە مانگی 9ی ساڵی ڕابردووش میوانداری کۆبوونەوەیەکی لوتکەیی هاوشێوە بوو کە تیایدا داوای لە وڵاتانی هاوبەش و بەشداربوو کرد ژمارەی ڤاکسینەکان زۆرتر بکەن و دڵنیاببنەوە لەوەی کە لەسەدا 70ی دانیشتوانی هەر وڵاتێک تا مانگی 9ی ئەمساڵ ڤاکسینەکەیان وەرگرتبێت.

هەرچەندە ڕێژەی گیان لەدەستدانەکان بە هۆی پەتای کۆرۆناوە لە ئاستی جیهانیدا بەرەو کەمی دەچێت، بەڵام ڤایرۆسەکە بەردەوامە لە بڵاوبوونەوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی زۆربەی وڵاتان هێشتا کۆت و بەندەکانی تایبەت بە کۆرۆنا بسەپێنن، وەک شانگهای چین کە لە ئیستادا لە ژێر کۆتوبەندێکی توند و قورسدایە.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG