Accessibility links

ئێران گواستنەوەی کارگەیەکی دروستکردنی پارچەکانی سەنتەرفیوجی پشتڕاست دەکاتەوە


چەند ڕۆژ پاش ئەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند کە لەسەر داوای تاران کامێرای چاودێری لە دامەزراوە ناوکییە نوێکەی ئێراندا دامەزراندووە، میدیا کانی فەرمی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاند ئێران بنکەیەکی دروستکردنی پارچەکانی سەنتەرفیوجی لە شاری کەرەج بۆ کارگەیەکی گەورەتر لە ناوەندی نەتەنز لە ئەسفەهان گواستوەوتەوە.

ڕاپۆرتەکەی کۆتایی ڕۆژی شەممەی ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئیرنا لە کاتێکدا دێت کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزە جیهانییەکان ڕاگیراوە.

ئاژانس هەواڵی ئیرنا لە زاری بەهرۆز کەمالوەندی گوتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران دەڵێت دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە کەرەستە و بنکەکەیان بۆ شوێنێکی پارێزراوتر گواستووەتەوە.

ئێران دوای ڕوداوێک لە بنکەی تێسا لە کەرەج، ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە هێرشی تێکدەرانە و لەو کاتەوە لەهەوڵدایە کە ئاسایشی زیاتر بۆ ئەم جۆرە دامەزراوانە دەستەبەر بکات.

ڕۆژی پێنجشەممە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بنکە لە ڤییەننا ڕایگەیاند کامێراکانی لە بنکەی ناوکی ئێران دامەزراندووە، و مۆرەکانی لە ئامێرەکانی ئەو کارگەیە کردوەتەوە.

ئێران لە ئێستادا لە ڕێگای بەکارهێنانی سەدان سەنتەرفیوجی پێشکەوتوو خەریکی پیتاندنی یۆرانیۆمە، و ڕێژەی پیتاندنی هەندێک لە ئامێرەکانی دەگاتە%60، ئەمەش نزیک بووەتەوە لە %90 کە پێویستە بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی.

ڕێژەکەی زۆر لە سەرووی ئەو %3.6 کە لە ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015دا بۆی دیاریکرابوو، تەنانەت لە سەرووی %20 کە ئێران بەر لە ڕێککەوتنەکە بەدەستی هێنابوو.

کەمالوەندی بە جەختکردنەوە لەسەر هەڵوێستی ئێران گوتی ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت ئەوا تاران ناهێڵێت ئاژانسی ناوکی نەتەوە یەکگرتوەکان دەستی بە داتای کامێراکان بگات.

ئێران و ئەمەریکا لەوەتەی دەستبەکارکردنی جۆو بایدنەوە، دانوستاندنی ناڕاستەوخۆیان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 دا دەستپێکردوە و تا ئێستا نەگەیشتونەتە ئەنجام.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لابردنی ناوی سوپای پاسدارانیان لە لیستی تیرۆردا وەک مەرجێک بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران ڕاگەیاندوە.

بەپێی ڕێککەوتنی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان، تاران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر سنووردارکردنی چالاکییە ناوکییەکانی لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەکاندا.

سەرۆکی پێشو دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2018دا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای کشانەوە لە ڕێکەوتنەکەدا و وکۆمەڵێک سزا ئابووریی قورسی بە سەر ئێراندا سەپاند.

لە ساڵی 2019ەوە ئێرانیش بە پێشێلکردنی چەندین کۆتوبەندی بنەڕەتی ڕێککەوتنەکە وەڵامی دایەوە، وەک پیتاندنی یۆرانیۆم بە پلەیەکی بەرزی پاکژتر، نزیکتر لەو پلەیەی کە بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی بە کار دێت

XS
SM
MD
LG