Accessibility links

پاپا لە جەژنی ئیستەردا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕەخنە لە ڕووسیا دەگرێت


پاپا فرانسیس سەرۆکی کاسۆلیکەکانی جیهان ڕۆژی یەکشەممە لە جەژنی ئیستەردا (ڕۆژی هەستانەوەی رۆحی مەسیح) داوای لەسەرکردەکانی جیهان کرد گوێ لەداوای خەڵک بۆ ئاشتی لە ئۆکراینا بگرن، و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆش ڕەخنەی توندی لەڕووسیا گرت سەبارت بەوەی ئەو وڵاتەی خستوەتە ناو ململانێیەکی "دڵڕەقانە و بێ مانا"وە.

پاپای تەمەن 85 ساڵ کە قسەی بۆ 100 هەزار کەس لە گۆڕەپانی سەنت پیتەر دەکرد، زۆربەی لێدوانەکانی بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە تەرخان کردبوو.

لە ساڵی 2019وە ئەمە یەکەم جەژنی ئیستەرە کە لە دوای کۆت و بەندەکانی پەتای کۆرۆنا، خەڵک ڕێگەیان پێدراوە بۆ بیستنی لێدوانی پاپا کۆ ببنەوە.

پاپا بە ئاماژەدان بە جەژنی ئیستەری ئەمساڵ وەک "جەژنی ئیستەری شەڕ" گوتی "ئێمە خوێنێکی زۆر و توندوتیژی زۆرمان بینیوە و هەروەها دڵمان پڕە لە ترس و پەژارە، چونکە زۆرێک لە خوشک و برایانمان لە ترسی بۆردومانەکان ڕوویان لە پەناگاکان کردووە".

مۆسکۆ داگیرکارییەکانی کە لە 24ی مانگی 2وەوە دەستپێکردووە بە "ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تایبەت" وەسف دەکات.

پاپا کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ناوی ڕووسیای نەهێنا، پێشتر ئەو دەستەواژەیەی ڕووسیای بۆ شەڕەکە ڕەتکردووەتەوە، و کارەکەی ئەو وڵاتەی بە جەنگ ناوبردبوو، و پێشتریش دەستەواژەکانی وەک دەستدرێژی و داگیرکاری ناڕەوای بۆ شەڕەکە بەکارهێناوە.

پاپا فرانسیس لە درێژەی قسەکانیدا دوعا و نزای کرد کە لەرێگای بەرقەراربوونی ئاشتییەوە، ئازار و پەژارەی ئۆکرانییەکان کۆتایی پێ بێت و گوتی " تکایە مەهێڵن بە شەڕ ڕابێین."

سەرکردەی کاسۆلیکەکانی جیهان داوای لە سەرکردەکان کرد بۆ هێنانە دی ئاشتی و گوتیشی "هەموو قوربانییە ئۆکرانییەکان و ملیۆنان ئاوارە و خێزانە دابڕاوەکان لە بنەماڵەکانیان و ژیان و شارە وێرانبووەکان لە دڵمدا دەهێڵمەوە."

پاپا لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا داوای ئاشتی لە نێوان فەلەستینیەکان و ئیسرائیلیەکان و هەروەها لە لوبنان و سوریا و عێراق و لیبیا و میانمار و کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ کرد.

XS
SM
MD
LG