Accessibility links

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک: دەیانەوێت بمانبەنە دادگا و مەرامەکانیان جێبەجێ بکەن


ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک
ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک

سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان، کە هاوکات ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکە و یەکێکە لە ئەندامە داواکراوەکان لەلایەن دادگاوە بەتۆمەتی بەشداریکردن لە ڕیفراندۆم، ئاماژە بەوەدەکات ئەو دۆسییەی دژی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک جوڵێنراوە سیاسیە و دەیانەوێت بچنە دادگا و مەرامەکانیان لەبەرامبەریان جێبەجێ بکەن.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عیرفان کەرکوکی کە هەرچەندە سەرۆکی پارتێکی تورکمانیە، بەڵام لەساڵی 2017 ەوە کەرکوکی جێهێشتووە و لە هەولێر نیشتەجێ یە، دەڵێت"هەندێک ئەندامی بەرەی تورکمانی و عەرەبی، جارێکی تر پرسی ریفراندۆمیان دژی ئەو ئەندامانەی ئەنجومەن جوڵاندووەتەوە، کە بەشدار ڕیفراندۆمیان کردووە و دەنگیان داوە، دەیانەوێت بمانبەنە بەردەم دادگا و مەرامە سیاسیەکانیان جێبەجێ بکەن."

ڕوونیشیکردەوە، جوڵاندنی دۆسیەی ڕیفراندۆم دژی ئەندامانی ئەنجومەن، هەوڵێکی ئەو لایەنانەیە کە سکاڵاکەیان کردووە تا بوونی خۆیان بسەلمێنن، وتی"گەر ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێتەوە، خۆم و پارتەکەم و لایەنگرانم بەڕۆح و گیان، بەشداری دەکەینەوە."

سەبارەت بەناوەڕۆکی داواکردنیان لەلایەن دادگاوە، عیرفان کەرکوکی وتی"داواکردنەکە شێوازی بڕیاری گرتنی هەیەو لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی کەرکوکەوە دەرکراوە، لە عێراق و کەرکوک متمانە و یاسا نەماوە، چیان بوێ دەیکەن."

بەبڕوای عیرفان کەرکوکی سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی، جوڵاندنەوەی دۆسێی سەردەمی ڕیفراندۆم دژی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەمکاتەدا، هەوڵێکە بۆ ڕێگرتن لە ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک و بەردەوامیدان بەدەسەڵاتی پارێزگار، کە لە بۆشایی سیاسی و ئیداری و لە غیابی ئەنجومەندا دەست بەکاربووە، وتی"ئەم دۆخەی کەرکوک کە ئەوان دەیانەوێت بەردەوامی پێبدەن، قابیلی قەبوڵ نیە، دەبێت دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە و بارەگا و ماڵەکانمان ڕادەست بکرێتەوە."

جەختیشیکردەوە"داواکاری گێڕانەوەی ماڵ و بارەگاکانیان گەیاندووەتە کازمی و ئەویش نوسراوی بۆ کەرکوک کردووە، بەڵام بەدەمەوەهاتن نیە."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عیرفان کەرکوکی سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان ئاشکراشیکرد، کە بارەگاو ماڵ و موڵکەکەی لەکەرکوک لەلایەن هێزە شیعەکانەوە دەستی بەسەرداگیراوە، بەبیانووی ئەوەی چۆن سەرۆک پارتێکی تورکمان و لایەنگرانی پشتگیری ڕیفراندۆمیان کردووە، بۆیە لەدادگای کەرکوک سکاڵای تۆمارکردووە، بەڵام هیچی بۆ نەکراوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:39 0:00

XS
SM
MD
LG