Accessibility links

دۆسیەی یاسایی دژی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سەرهەڵدەداتەوە


ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک

ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کە لە ساڵی 2017 دەنگیان بە ڕیفراندۆم داوە، بڕیارە لەلایەن دادگای کەرکوکەوە و لەسەر داوای دادگای فیدراڵی عێراق بانگهێشت بکرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت، ئەندامانی ئەنجومەنیش گومانیان لە وروژاندنەوەی پرسی ڕیفراندۆم لەمکاتەدا هەیە.

ئەنجومەنی سڕکراوی پارێزگای کەرکوک لە 41 ئەندام پێکهاتووە، لیستی برایەتی کوردی خاوەنی 26 کورسی بوو لەو ئەنجومەنە، کە لە ساڵی 2017 ئەنجومەنەکە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان، لەکەرکوکیش پەسەندکرد، لە ڕۆژی 25/9 ی هەمان ساڵ ڕیفراندۆم ئەنجامدا.

ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کە لەسەر دەنگدان و پەسەندکردنی پرۆسەی ڕیفراندۆم لە پارێزگاکە، جارێکی تر دۆسیەی یاساییان لەسەر هەڵدراوەتەوە، ژمارەیان نزیکەی 23 ئەندامە و زۆربەیان ئەندامی یەکێتی و پارتی و یەکگرتووی ئیسلامین.

کامەران کەرکوکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای وت"زیندووکردنەوەی دۆسیەی ڕیفراندۆم و بانکگردنی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەمکاتەدا، بێ هۆ نیە، جۆرێکە لە فشار و ڕەنگە ناوەکانیان بۆ دەزگا ئەمنی و دبلۆماسیەکانی دەرەوە بووێت."

ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە زۆرینەی ئەندامەکانی کوردبوون، جیا لەپەسەندکردنی بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەکەرکوک، چەندین بڕیاری تریان دەرکرد، کە ئەوکات نیگەرانی حکومەتی عێراقی لێکەوتەوە، بەتایبەت بڕیاری هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، بەڵام ئەو ئەنجومەنە ماوەی چەند ساڵێکە و لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، هاوشێوەی ئەنجومەنەکانی تر سڕکراوە.

لەبارەی هۆکاری زیندووکردنەوەی دۆسیەی ڕیفراندۆم لەلایەن دادگاوە، دژی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ، حەسەن تۆران سەرۆکی بەرەی تورکمانی بەدەنگی ئەمەریکای وت"نازانین هۆکاری وروژاندنەوەی ئەو مەسەلە لەمکاتەدا چی یە، لەکاتێکدا دۆسیەیەکی کۆنە."

لەدوای 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە و تەنانەت پێش سڕکردنیشی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەهۆی کێشەی نێوان لایەنە سیاسیەکان، هیچ کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام نەدا.

کامەران کەرکوکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، دەڵێت"هەموو کورد دەنگی بەڕیفراندۆم داوە، هەر لە پەرلەمانتار و ئەندامی ئەنجومەن و دادوەرەوە بگرە تا بەڕێوەبەری گشتی و فەرمانبەری ئاسایی، هەموو کوردانی موسڵ و کەرکوک و دیالە و سەڵاحەدین بەشداریان کردووە، بۆ دادگا تەنها داوای ناوی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەکات، ئەمە شتی لە پشتەوەیە."

ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگا کە دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی پێوەکردن، بێ ئاگایی خۆیان لە هۆکاری زیندووکردنەوەی دۆسیەی یاسایی سەریان و ئەو لایەنەش نیشاندا کە وروژاندوویەتی، بەڵام هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پاڵنەری سیاسی لە پشت مەسەلەکەوەیە.

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:03:49 0:00

XS
SM
MD
LG