Accessibility links

عومەر محەمەد: دەسەڵاتی بەعس ئەنفالی کردین، دەسەڵاتی کوردیش رۆحی کوردبوونی کوشتین


لە هەرێمی کوردستان ساڵوەگەڕی یادکردنەوەی تراژیدیای ئەنفال، لە چەندین شوێنی جیاوازدا بەڕێوەچوو، لە هەندێکیشیان پشێوی بەخۆوە دی، بە تایبەتی لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ ڕێگری کرا لە وەزیری شەهیدانی حکومەتی هەرێم لە کاتی خوێندنەوەی وتارەکەیدا.

لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی هەلەو واشنتندا میوانداری نوسەر و شارەزای بواری ئەنفال بەڕێز عومەر محەمەد دەکەین سەبارەت بە یادکردنەوەی ئەنفال، ئەو پێی وایە نەک یادکردنەوەی ئەنفال بەڵکو کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەو ڕووداوانەی تریش کە لە خانەی جینۆسایدی کورددان و ناوی یادکردنەوەیان لە خۆیان ناوە، هەرگیز ئەوەی دەکرێت، یاد کردنەوە نییە. لەو بارەیەوە دەڵێت "خەڵک کۆکرنەوە، دروستکردنی قەرەباڵغی و وتاردانی سیاسیەکان لە بری خەڵک یادکردنەوە نییە. ئەو یاد کردنەوانە شتێکی وای نەکردووە کە کەس و کاری قوربانیەکان هەست بە شکۆمەندی بکەن. بە داخەوە ئەم یاد کردنەوانە دەبوو، رۆژی بەخۆدا چوونەوەدا بوایە و رۆژی دادپەروەری و متمانە دروستکردنەوە بوایە، بەداخەوە ئەو یادانە رۆژی درۆکردنە، بە درێژایی ئەو ساڵانەی دەسەڵاتی کوردی خەرمانێک بەڵێنی جێبەجێ نەکراوی خستووەتە ڕوو."

ئەم نوسەرە کە چەندین ساڵە ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ چاوپێکەوتنی قوربانیانی ئەنفال و دواندنی ئەو شاهید حاڵانەی کە لە ژیاندا ماون و سێ بەرگی بەرهەمەکانی بە چاپ گەیاندووە، پێی وایە ئێستا کەسوکاری قوربانیەکان دەیانەوێ خۆیان ببنە خاوەنی یادەوەریەکان کە ئەوەش باشی وخراپی خۆی هەیە "هەموو ناوچە و گوندێکی بەرکەوتەی ئەنفال مافی خۆیانە، هەر خۆیان یادەکە بکەنەوە، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە کە ئەو یاد کردنەوانە دیدێکی سەرانسەریان نییە، بەڵام ئەوەش گۆڕانکاریە کە خەڵک ئامادە نییە کە گوێ لە وتاری سیاسیەکان بگرێت."

عومەر موحەمەد
عومەر موحەمەد

لە بەشێکی تری قسەکانیدا عومەر محەمەد باس لەو هەموو پارەیە دەکات کە حکومەتی هەرێم لەو بۆنانەدا خەرجی کردووە، ئەوانەش بە هێندی کارەکەی هاوڵاتیەکی ئاسایی وەکو فەرحان سلێمان کە خەڵکی قەڵاچەرمەڵەی سەر بەقەزای کفریە لە زاکیرەی خەڵکدا نامێنێتەوە. لەو بارەیەوە عومەر محەمەد دەڵێت "ساڵی 2012 حکومەتی هەرێم بڕی 7 ملیۆن دۆلاری لەسەرجەم ئەو بۆنانە خەرج کردووە کە لە چوارچێوەی جینۆسایددان. کارەکەی فەرمان کە کاری تەنها خۆیەتی و خەڵکی گوندەکەشی هاوکاریان نەکردووە، هاتووە لە گوندەکەیان، ناوی هەموو ئەنفال کراوی گوندەکەیان نوسیوە و مۆنۆمێنتێکی بچووکی دروست کردووە. من دەمێکە ئەمەم وتووە، پێویستە گوندەکان، ئەوانەی قوربانیان داوە، ناوی قوربانیەکان لەسەر دیوارێکیش بێت بینووسن. ئەگەر حکومەتی هەرێم پشتگیری پرۆژەیەکی وەها بکات، سەد قات لەو یادکردنەوانە باشترە، یادکردنەوەکان وەها دەبینرێن کە رژد نین و هەر لە کۆڵ خۆیانی دەکەنەوە و پەرۆشیان تێدا نییە."

کەسوکاری ئەنفالەکان و مافی قوربانیەکان و قەرەبوکردنەوەیان لە لایەن حکومەتی عێڕاقییەوە، بووتە چەند وشە و باس کردنێک، هەروەها دووبارە بوونەوەی، لە ڕاستیشدا وهێشتا هیچ بەرەوپێش چوونێکی بەخۆوە نەدیوە، تەنانەت لە وتاری سەرۆکی وەزیرانی حکومەت بە بۆنەی یادی 34 ساڵەی کارەساتی ئەنفالەوە، تۆپی قەرەبوکردنەوەی کەوسوکاری ئەنفال کراوانی خستۆتەوە گۆڕەپانی عێڕاق.

لە کاتێکدا ئەوە ئەرکی حکومەتی هەرێم و پەرلەمانتاران و بەرپرسەکانیەتی لە بەغدا کە تاوەکو ئێستا چییان لەو بارەیەوە کردووە. لەو بارەیەوە عومەر محەمەد دەڵێت "دەسەڵاتی کوردی پرسی ئەنفالیان بە سیاسی نەکردووە، ئەنفالیان بە حیزبی کردووە و حیزبیشیان بە خێڵ کردووە، ئەو داوایەی حکومەتی هەرێم لە حکومەتی عێڕاقی کردووە، هەرگیز لە دروشم تێنەپەڕیوە. چونکە فرسەت لەبەر دەستدا بووە، دەیان توانی شتی باشی تێدا بکەن، هەم رووی هەرێم سوور بکات و لە هەمان کاتیشدا ئیعتبارێکیشیان دەگەڕاندەوە بۆ کەسوکاری قوربانیەکان، بەڵام بە ئەنقەست نەیان کردووە."

لە هەرکوێی دنیادا بوایە کەیسێکی هاوشێوەی ئەنفال، بەو چەشنە فەرامۆش نەدەکرا، وەک ئەوەی ئێستا لە هەرێمەکە دەگوزەرێت، بە بڕوای ئەم نوسەرە، ئەگەر حکومەتی بەعس ئەنفالی کردبین، ئەوا دەسەڵاتی کوردی رۆحی کوردبوونی کوشتووە و ئینسانی کوردی بە تەواوەتی ڕووخاندووە. ئەو پەراوێز خستنە وەهای کردووە، خەڵکیش دەربەست نەیەن. لەو بارەیەوە دەڵێت "کوڕێک وێنەیەکی لە لای من بینی، وتی ئەوە باوکمە ئەنفال کراوە، 3 ساڵە چاوەروانی ئەوەم کە زانیاریم لەسەر باوکی بۆ بنێرێت، هێشتا نەیناردووە. لەسەر ئاستی حکومەتیش نەیان توانیوە بەڵگە کۆ بکەنەوە، چونکە کارەساتی ئەنفال وەک هەڵەبجە نییە کە زمانی وێنە رۆڵی بە جیهان بوونی کێشاوە. ئەنفال وێنەی نییە، بەڵام چیرۆکی زۆر و بەڵگە هەن، کە بە داخەوە کار بۆ کۆکردنەوەیان نەکراوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:29:29 0:00

XS
SM
MD
LG