Accessibility links

ئاژانسێکی نەتەوە یەکگرتوەکان باس لە پەرەسەندنی بەرنامەی ناوکی ئێران دەکات  


Iran Nuclear
Iran Nuclear

بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتێکی نهێنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی پێنجشەممە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند ئێران لە ڕێگای ئەو کەرەستانەی کە لە کارگەی کەرەج گواستویەتییەوە بۆ کارگەیەکی نوێ لە نەتەنز، خەریکی دروستکردنی ئەو پارچانەی سەنتەرفیوجە کە تایبەتن بە پیتاندنی یۆرانیۆم.

کارگە نوێیەکەی ئێران پرسیارەکان دەربارەی پلانەکانی ئێران بۆ دروست کردنی سەنتەرفیوجە پێشکەوتووەکانی دەهێنێتەوە ئاراوە، ئەو سەنتەرفیوجانەی کە یۆرانیۆمی پیتێندراو بە بەراورد بە نەوەی یەکەم زۆر خێراتر بەرهەم دەهێنێت.

ئەو سەنتەرفیوجانە بەکارهێنانەکەی لە ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015 ی ئێران لەگەڵ زلهێزەکانی جیهانیدا بۆ ئەو مەبەستە سنووردارکرابوو.

ئێران لە ئێستادا لە ڕێگای بەکارهێنانی سەدان سەنترریفیجی پێشکەوتوو خەریکی پیتاندنی یۆرانیۆمە و ڕێژەی پیتاندنی هەندێک لە ئامێرەکانی دەگاتە%60، ئەمەش نزیک بووەتەوە لە %90 کە پێویستە بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی.

ڕێژەکەی زۆر لە سەرووی ئەو %3.6 کە لە ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015دا بۆی دیاریکرابوو، تەنانەت لە سەرووی %20 کە ئێران بەر لە ڕێککەوتنەکە بەدەستی هێنابوو.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە راپۆرتە نهێنیەکەیدا بۆ وڵاتانی ئەندامی ئەو ئاژانسە ڕایگەیاندوە کە لە 12ی مانگی 4 دا دامەزراندنی کامێراکانی چاودێری لە شوێنی خۆی تەواو کردووە و دواتر مۆرەکانی خۆی لە ئامێرەکان لێکردوەتەوە. ئاژانسەکە باسی جێگای کارگەکەی لە نەتەنز نەکردوە.

ڕۆیتەرز دەڵێت زانیاریی تەواوەتی لەبارەی شوێنی کارگە نوێیەکەی ئێران بایەخێکی تایبەتی بۆ ئیسرائیل و هێزە ڕۆژئاواییەکان هەیە.

ئێران دوای ڕوداوێک لە بنکەی تێسا لە کەرەج ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە هێرشی تێکدەرانە و لەو کاتەوە لەهەوڵدایە کە ئاسایشی زیاتر بۆ ئەم جۆرە دامەزراوانە دەستەبەر بکات.

دامەزراوەی گەورەی نەتەنز کارخانەیەکی پیتاندنی بازرگانی لەخۆ دەگرێت کە لە ژێر زەویدایە و دەتوانێت تا ڕادەیەکی زۆر لە هێرشی فڕۆکەی ئاسمانی خۆی بپارێزێت. لە ڕاپۆرتەکەی ئاژانسەکەدا هاتووە ئێران لە 13ی مانگی 4ی ساڵی 2022دا بە ئاژانسی ڕاگەیاندووە کە ئامێرەکان لە کارگە نوێکەیدا لە هەمان ڕۆژدا دەست بە کارکردن دەکەن.

بە پێی ڕێککەوتنێک کە تەمەنی زیاتر لە ساڵێکە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی تاکو ئێستا ناتوانێت دەستیڕابگات بەو زانیاریانەی کە لەلایەن هەندێک لە کامێراکانیەوە کۆکراونەتەوە، وەک ئەو داتایانەی لەسەر چالاکییە ناوکییەکانی ئێران لە ناوەندە نوێکەی ئەسفەهانن.

ئێران و ئەمەریکا لەوەتەی دەستبەکارکردنی جۆو بایدنەوە، دانوستاندنی ناڕاستەوخۆیان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 دەستپێکردوە و تا ئێستا نەگەیشتونەتە ئەنجام.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران سڕینەوەی سوپای پاسدارانیان لە لیستی تیرۆردا وەک مەرجێک بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران ڕاگەیاندوە.

جێی ئاماژەیە گوتەبێژی کۆشکی سپی چەند ڕۆژ پێش ئێستا ڕایگەیاند کە تاران هۆکاری وەستاندنی گفتوگۆکانە بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزانی جیهان.

بەپێی ڕێکەوتنی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و زلهێزەکان، تاران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر سنووردارکردنی چالاکییە ناوکییەکانی لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەکاندا.

سەرۆکی پێشو دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2018دا ویلایەتە یەکگرتووەکانی کشانەوە لە ڕێکەوتنەکەدا و وکۆمەڵێک سزا ئابووریی قورسی بە سەر ئێراندا سەپاند.

لە ساڵی 2019ەوە ئێرانیش بە پێشێلکردنی چەندین کۆتوبەندی بنەڕەتی ڕێککەوتنەکە وەڵامی دایەوە، وەک پیتاندنی یۆرانیۆم بە پلەیەکی بەرزی پاکژتر، نزیکتر لەو پلەیەی کە بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی بە کار دێت.

XS
SM
MD
LG