Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: عێراقی دوای سەدام حوسەین


لە نێوەندی قەیرانی سیاسی و ئابوری و تەندروستی و ژمارەیەک قەیرانی تریشدا، ساڵیادی ڕوخاندنی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی سەدام حوسەین تێدەپەڕێت بەبێ هەبوونی مەڕاسیمێکی گەورە لەو نۆزدەهەمین ساڵیادەدا، وەک شیکەرەوە دەڵێن کێشەکانی عێراق هێندە زۆر و ئاڵۆزن و ناڕەزاییەکانی خەڵکیش گەیشتۆتە ئەوپەڕی بەرامبەر ڕێبەرانی نوێی عێراق، هەربۆیە زۆر بە کزی ساڵیادی ڕوخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری تێدەپەڕێت.
سەدام حوسەین، ئەو دیکتاتۆرەی عێراق کە لە پێناو مانەوەیدا لە دەسەڵاتدا هەموو کارێکی دژ بە مرۆڤایەتی دەکرد.
سەدام حوسەین، ئەو خۆ بە ژەنەراڵ زانە بوو، کە دەیخواست لە هەموو شەڕەکانیدا سەرکەوتن بەدەست بێنێت، بەو شەڕانەشەوە کە دژی شیعە و سوننە و کورد دەیکردن.
سەدام حوسەین، ئەو دیکتاتۆرە عێراقییە بوو تەنانەت دەستیشی لە ژینگە نەدەپاراست و دوژمنی دارستانەکان و ئاو و شاخ و بیابانیش بوو.
لە ساڵی 1979دا سەدام حوسەین بە پیلانێک تەواوی دەسەڵاتەکانی لە ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر، سەرۆکی ئەو کاتەی عێراق سەندەوە و لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەو کاتەشدا دەگوترا بەکر نەخۆشە و دەسەڵاتەکانی خۆی ڕادەستی سەدام کردووە.
هەرچۆنێک بێت پاش ماوەیەکی کورت لەو پیلانە، بەکر لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی بەغدادا مرد.
سەدام لە ماوەی دەسەڵاتدارێتیدا دوو شەڕی ئێجگار گەورەی کرد، شەڕی 8 ساڵەی عێراق ئێران و هەروەهاش شەڕی داگیرکردنی کوێت. ئەمانە بێ لەو شەڕانەی لەناو عێراقدا دەیکردن دژی شیعەکان و کورد و تائەندازەیەکیش دژی سوننەکان. لەو شەڕانەیدا، دەستی لە بەکارهێنانی هیچ جۆرە چەکێک نەدەپاراست بە چەکی کیمیایی و بایۆلۆژی و موشەکی دور هاوێژیشەوە.

میوانی بەرنامە:

دکتۆر کامەران مەنتک، پسپۆڕی سیاسی لە زانکۆی سەڵاحەدین

سەدام حوسەین، تەواوی عێراقی پڕ کرد لە وێنە و پەیکەری خۆی، بودجەی زەبەلاحی تەرخاندەکرد بۆ دەزگا سەرکوتکار و هەواڵگرییەکانیش، عێراقی کردبووە زیندانێکی گەورە، هەموو شتێک لەژێر چاودێریدا بوو، تەواوی زۆرداریی و خۆسەپاندنەکانی ئەو ڕژێمە دیکتاتۆرییە لە پێناو مانەوەی خودی سەدام حوسەیندا بوو لە دەسەڵاتدا، هەرکاتێکیش بیزانیبا لە لایەکەوە مەترسی ئاسایشی بۆ دروست دەبێت، ئەوا بێ هیچ دوو دڵییەک چەکی کیمیایی بەکاردەهێنا و ئەنفال و دەیان جۆر هێرشی تری دەستپێدەکرد.
ئەم ڕژێمەی سەدام حوسەین تا ساڵی 2003 لە دەسەڵاتدا بوو، لە مانگی 3ی هەمان ساڵدا هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا هێرشی کردە سەر عێراق و ڕۆژی 9ی مانگی 4ی هەمان ساڵ، هێزە سەربازیەکانی هاوپەیمانان توانییان بگەنە شاری بەغدا و لەوێش لە مەیدانی فیردەوس، یەکێک لە پەیکەرە گەورەکانی سەدام حوسەین شکێندرا. شکاندنی ئەو پەیکەرە بووە نیشانەی ڕوخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری لە عێراق.
دواتر سەدام حوسەین، دیکتاتۆرەکەی پێشووی عێراق لە پارێزگای سەڵاحەدین لەناو چاڵێکدا دەدۆزرێتەوە و دادگایی دەکرێت و دادگا بڕیاری مردن دەسەپێنێت بەسەریدا و بڕیارەکەش هەر لە بەغدا جێبەجێکرا.
سەدام و دەستەودایەرەکەی، کۆتاییان پێهات و بوونە پەڵەیەکی ڕەش لە مێژووی کۆن و نوێی عێراقدا.
19 ساڵ بەسەر ڕوخاندنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەیندا تێدەپەڕێت، بەڵام خەونی عێراقییەکان بۆ ئازادی و دیموکراتی، وەک خۆیان دەڵێن نەهاتۆتە دی.
ئایا دوای ڕوخاندنی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی عێراق، چ شتێکی لە ژیانی عێراقییەکان گۆڕی؟
ئایا ئەوەی لە 19 ساڵی ڕابردوودا لە عێراق ڕوویانداوە، کەموکوڕییە، یان نەزانینە، یان کەمتەرخەمی ڕێبەرانی نوێی عێراقن؟
ئایا ناڕەزاییەکانی گەلانی عێراق لەم 19 ساڵەی ڕابردوودا، هیچ پڕۆژەیەکی بۆ ئایندەی وڵاتەکە بەرهەمهێناوە؟
دکتۆر کامەران مەنتک، پسپۆڕی سیاسی لە زانکۆی سەڵاحەدین، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:05 0:00


XS
SM
MD
LG