Accessibility links

زانایانی ئایینی و چالاکوانان: قەدەغەکردنی خوێندن لەسەر بنەمای ڕەگەزی هیچ پاساوێکی ئایینی نییە


تاڵیبان بڕیاری قەدەغەی ڕێبەرەکەیان لەسەر خوێندنی قۆناغی ناوەندی بۆ ژنان و کچانی ئەفغانی بە بنەما ئاینییەکان وێنا کردووە، بەڵام زانایان و چالاکوانانی موسڵمان دەڵێن قەدەغەکردنی خوێندن لەسەر بنەمای ڕەگەزی هیچ پاساوێکی ئایینی نییە.

سەرۆکی نادیاری میرنشینی ئیسلامی ئەفغانستان هەیبەتوڵا ئاخوندزادە وێڕای زیادبوونی داواکاری لەسەرانسەری جیهانی ئیسلامی بۆ هەڵگرتنی قەدەغەی خوێندنی قۆناغی ناوەندی بۆ کچانی ئەفغانی بێدەنگ بوو.

بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی تاڵیبان دەڵێن ئامادەن هەرکاتێک ئاخوندزادە فەرمان بکات قوتابخانە بۆ هەموو کچان بکرێتەوە، بەڵام سەرکردەی توندڕەوی تاڵیبان کە ناونیشانی ئایینی "میری ئیمانداران" هەڵگرتووە، داواکارییە دووبارەکانی پشتگوێ خست، تەنانەت لەلایەن زۆرێک لە پیاوانی ئایینی موسڵمانی ئەفغانیەوە داوای لێکراوە پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیدا بکات.

ڕۆژی سێشەممە کۆمەڵێک لە پیاوانی ئایینی لە کابول لە کاتێکدا داوای کردنەوەی قوتابخانەی ناوەندی کچانیان دەکرد دەڵێن "ئیسلام هەڵگری مافی ئافرەتانە و مافی پەروەردە و دامەزراندنیش دەگرێتەوە" ئەمەش دووەم داواکاری پیاوانی ئایینی بوو لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا.

زانایانی دیاری ئاینیش لە کاتی باسکردنی وێژەی ئیسلامی بۆ پشتگیریکردن لە پەروەردە و کارکردن بۆ ژنان بانگەوازێکی هاوشێوەیان هەیە.

شێخ فەقیروڵا فایق، توێژەری دیاری ئیسلامی لە ئەفغانستان لە پەیامێکی دەنگیدا لە مانگی ڕابردوودا گوتی "هیچ کێشەیەک لەگەڵ خوێندن و پەروەردەی خانماندا نییە" ئەو گوتیشی لە بری زۆرێک لە زانایانی ئیسلام ئەو قسەیە دەکات.

ئاخوندزادە کە دەسەڵاتی کۆتایی بێ جیاوازی لە ڕژێمی تاڵیباندا هەیە، هیچ هۆکار و پاساوێکی بۆ دژایەتیکردنی لە پەروەردە و خوێندنی کچاندا پێشکەش نەکرد، بەڵام لە کورتە نوسراوەکەیدا کە بە فراوانی لەلایەن بەرپرسانی تاڵیبانەوە بڵاوکراوەتەوە، هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە.

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG