Accessibility links

سەرۆکەکانی پۆڵەندا، لاتڤیا، لیتوانیا و ئیستۆنیا بۆ دەربڕینی پشتیوانی دەگەنە کیێڤ


نووسینگەی سەرۆکی پۆڵەندا ڕایگەیاند سەرۆکەکانی پۆڵەندا، لیتوانیا، لاتڤیا و ئیستۆنیا ڕۆژی چوارشەممە گەیشتنە کیێڤ بۆ نیشاندانی پشتیوانی خۆیان بۆ ئۆکرانیا و کۆبوونەوە لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا.دوای ئەوەی سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند کە تا کۆتایی هێرشەکانیان بەردەوام دەبێت.

ئەو چوارە سەرۆکە چوونە پاڵ ژمارەیەکی زۆر لە سیاسەتمەدارانی ئەوروپی کە سەردانی پایتەختی ئۆکرانیایان کردووە لە سەرەتای ئەم مانگەوە، لەو کاتەوەی کە هێزەکانی ڕووسیا لە باکووری وڵاتەکە کشاونەتەوە.

سەرۆکی لیتوانیا گیتاناس نەوسیدا، ڕۆژی چوارشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا نوسیویەتی "بە پەیامێکی بەهێزی بۆ نیشاندانی پشتگیری سیاسی و یارمەتی سەربازی بەرەو کیێڤ بەڕێکەوتین."

نووسینگەی سەرۆکی پۆڵەندا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا دووپاتی کردەوە کە ئەوان گەیشتوونەتە کیێڤ.

ئالار کاریس گوتەبێژی سەرۆکایەتی ئیستۆنیا گوتی کۆبوونەوەکە جەخت لەسەر ڕێگاکانی یارمەتیدانی خەڵکی سیڤیل و سوپا لە ئۆکرانیا دەکاتەوە، هەروەها لێکۆڵینەوە لەتاوانەکانی جەنگ دەکات .

ئەم سەردانەیان دوای ئەوە هات کە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە گوتی داگیرکارییەکانی مۆسکۆ بۆ ئۆکرانیا گەیشتۆتە ئاستی جینۆساید، لە کاتێکدا سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن بەڵێنیدا کە ڕووسیا "بەشێوەیەکی لە سەرخۆ و هێمنانە لە ئۆپەراسیۆنەکەی بەردەوام دەبێت تا بە ئامانجەکانی دەگات.

ئۆفیسی هەر چوار سەرۆکەکە ڕەتیان کردەوە کە وردەکاری سەردانەکە لەبەر هۆکاری ئاسایشی بخەنەڕوو.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG