Accessibility links

شارەزایەکی بواری قەیرانی ئاو: وشکە ساڵی مەترسی گەورە لەسەر بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم دروست دەکات


بەرپرسانی حکومەتی هەرێم، بۆ دووەم ساڵ لەسەر یەکتری، وشکەساڵیان لە ناوچەی گەرمیان ڕاگەیاند، چەندین ناوچەی تری هەرێمی کوردستانیش لەبەردەم مەترسی وشکە ساڵی و کەمئاویداین.

جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لە کاتی ڕاگەیاندنی وشکەساڵی و هۆشداریدان لەدەرئەنجامەکانی، جەختیکردەوە"دووەم ساڵە لەسەریەک، وشکە ساڵی گەرمیان دەگرێتەوە، بۆیە 135هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی زیانی پێدەگات، زیان بەر بەروبوومی ماسی دەکەوێت و لەوەرگا کەم دەبێت بۆ ئاژەڵ، ئەمەش مەترسی لەسەر چۆڵبوونی گوندەکان دروست دەکات."

دەربارەی بڕی باران بارین لە مساڵدا لەناوچەی گەرمیان، دکتۆر عەبدولموتەلیب ڕەفعەت شارەزای بواری قەیرانی ئاو، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ساڵی پار لەگەرمیان 117 ملم باران باریووە، بەڵام ئەمساڵ 110 ملم باریووە، ڕێژەکە لەخانەقین زۆر کەمترە و نزیکەی 89 ملم باران باریووە."

ئەو شارەزایەی بواری قەیرانی ئاو، هۆشداریدا لە کاریگەریەکانی وشکەساڵی لەسەر ناوچەی گەرمیان و ڕوونیکردەوە، لە ڕووی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی، لە بواری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، لەبواری ژینگە و خۆڵ بارین، ناوچەکە لە بەردەم قەیرانێکی گەورەدایە.

بەپێی وتەی ئەو شارەزایەی بواری قەیرانی ئاو، گەرمیان ناوچەیەکی سەخت و نیمچە وشکە، لە ساڵێکدا پێویستی بە 250ملم باران بارین هەیە، تا توشی وشکە ساڵی نەبێت، لە کاتێکدا لەمساڵدا نیوەی ئەو ڕێژەیەش نەباریووە، وتی"بۆ کشتوکاڵ پێویستمان بە دابارینە لەهەموو مانگەکانی وەرز، بەڵام لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا باران نەباریووە، لە مانگی یەکدا لە ڕێژەی خۆی زیاتر باریووە، لە مانگی دوو و سێشدا کەم باریووە، بۆیە وشکەساڵی ڕووبەڕووی ناوچەکە بووەتەوە، دەبووایە لەمانگی 11 ی ساڵی ڕابردوو، پلان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی وشکەساڵی دانرابا، بەڵام حکومەت گرنگی پێنەداوە."

دکتۆر عەبدولموتەلیب ڕەفعەت شارەزای بواری قەیرانی ئاو باسیلەوەشکرد، جگە لە ناوچەی گەرمیان، هەولێر و ناوچەکانی تریش لەبەردەم مەترسی وشکە ساڵی و سلێمانیش لە بەردەم مەترسی کەم بارانیدایە، وتی"گەر حکومەت بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی وشکە ساڵی بودجەی پێویست تەرخان نەکات، ڕەنگە کارەسات ڕووبدات."

پێش ڕاگەیاندنی وشکەساڵی لە ناوچەی گەرمیان، بەرپرسانی دام و دەزگا حکومیەکان لە ئیدارەی گەرمیان کۆبوونەوە وهەڵسەنگاندنیان بۆ مەترسیەکانی وشکەساڵی لەسەر دەڤەرەکە ئەنجامدا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:16 0:00

XS
SM
MD
LG