Accessibility links

چین نزیکەی 25,000 حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا لە شانگهای ڕادەگەیەنێت


شاری شانگهای لە چین ڕۆژی یەک شەممە نزیکەی 25,000 توشبووی نەخۆشی کۆڤید-19 ڕاگەیاند، وهاوکاتیش دانیشتوانی قەرەباڵغترین شاری چینی دڵنیا کردەوە لەوەی کە دەستڕاگەیشتنیان بە خواردن و کەرەستە پێویستەکانی ژیان ئاسانتر دەکات.

شەقامەکانی شاری 26 ملیۆن کەسی شانگهای لە ژێر کوت و بەندە تووندەکان کە بە هۆی کۆڤیدەوە سەپێندراون، تا ڕادەیەکی زۆر بێدەنگ و چۆڵن و جیا لە کارمەندانی تەندروستی و خۆبەخشەکان و ئەوانەی مۆڵەتی تایبەتیان هەیە، کەسی دیکە تێیدا مافی هاتوچۆی نییە.

وانگ وێنبۆ، جێگری سەرۆکی بازرگانی ئەلیکترۆنی( JD.com) لە دانیشتنێکدا ڕایگەیاند کە کۆمپانیاکە لە ئێستادا جەخت لەسەر دابینکردنی خواردنە سەرەکییەکان و کەلوپەلی چاودێری منداڵان دەکاتەوە.

ژمارەی حاڵەتەکانی توشبوون و گیان لەدەستدان بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین بەپێی ستانداردە جیهانییەکان کەمە، بەڵام ئەو وڵاتە ماوەیەکە بە قورسی کار بۆ گەیاندنی ژمارەی حاڵەتەکان بۆ سفر دەکات.

شاری شانگهای ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند 1,006 حاڵەتی توشبوون کە نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنایان هەیە، تۆمار کردوە و هەروەها 23,937 حالەتی بێ نیشانەشی تۆمارکردوە.

شانگهای بەرامبەر بە بڵاوبوونەوەی جۆری ئۆمیکرۆن بۆتە جێگای تاقیکردنەوە بۆ ستراتیژیەتی بەڕێوەبردنی کۆڤید لە وڵاتی چیندا، و بە شێوەیەکی توند و جدی، و لە رێگای تاقیکردنەوەی کۆرۆناوە بە دوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێت کە بێ نیشانەن یان نیشانە هەڵگری ڤایرۆسەکەیان هەیە.

ئاژانسی فەرمی هەواڵی شینهوا ڕۆژی یەکشەممە بە ئاماژەدان بە مەترسییەکانی توشبوون بە ئۆمیکرۆن بۆ کەسانی بەساڵاچوو و ئەوانەی نەخۆشیان هەیە و ڤاکیسنیان وەرنەگرتوە، هۆشداری دا لەمەڕ لابردنی کۆت و بەندەکان .

هاوکاتی بەردەوامبوونی کۆت و بەندەکانی کۆرۆنا لە شاری شانگهای چین، چەند ڕۆژ پێش ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ژمارەی حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرانسەری جیهاندا بۆ ماوەی دوو هەفتەیە لەسەریەک لە دابەزیندایە، و ژمارەی گیان لەدەستدانیش بەهۆی پەتاکە لە هەفتەی ڕابردووەوە دابەزیوە.

XS
SM
MD
LG