Accessibility links

زانیاری لەسەر نەمانی پارەی نەختینە لە بانکەکانی سلێمانی


سلێمانی، مزگەوتی گەورە

نەمانی پارەی نەختینە لە بانکەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی دەوروبەری، گرفتێکی گەورەی دارایی و ئابووری دروستکردووە و خەریکە دەبێتە ڕاوەستانی بەشێک لە پرۆژە خزمەتگوزاریەکان و ئیش و کارە حکومیەکان.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی دەوروبەری، 33 بانکی تێدایە بە بانکی هەرێمەوە لە سلێمانی، کە سەرجەم ئەو بانکانە گرفتی نەبوون یاخود کەمی پارەی نەختینەیان هەیە.

نەمانی پارە لە بانکەکانی سلێمانی، هاوکاتە لەگەڵ قوڵبوونەوەی ناکۆکیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، کە پشکی سەرەکیان لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم دا هەیە، بۆیە یەکێتی، پارتی بە گەمارۆخستنە سەر سلێمانی و پارتیش، یەکێتی بەبردنی داهاتی پارێزگاکە تۆمەتبار دەکات.

عەلی حەمە ساڵەح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بۆ تێگەیشتن لە گرفتی کەمی پارەی نەختینە لە بانکەکانی سلێمانی، مانگی دووی ئەمساڵی بەنموونە هێنایەوە و ڕوونیکردەوە، داهاتی نەوت لەو مانگەدا 488 ملیۆن دۆلاربووە، لەکاتێکدا هەرێم پێویستی بە 600 ملیۆن دۆلارە بۆ موچە، واتە 112 ملیۆن دۆلار لەپارەی نەوت کەمتر بووە، تا موچەی پێدابین بکرێت، وتی"لە 488 ملیۆن دۆلارەکەی داهاتی نەوت، 43% کە دەکاتە 209 ملیۆن دۆلار بۆ سلێمانی و باقیەکەی بۆ هەولێر و دهۆک بووە، بۆیە بۆ دابینکردنی پارەی موچە، سلێمانی پێویستی بە 48 ملیۆن دۆلاری تر هەبووە، تا موچەی موچەخۆرانی پارێزگاکەی پێدابین بکرێت، بۆیە تائێستا هەندێک لە موچەخۆران ماون و 48 ملیۆن دۆلارەکە تەواو نەبووە و نزیکەی 7 ملیۆن دۆلاری ماوە."

وتیشی"پارەی پرۆژە و خاشاک و دەرمان و نەسریەی فەرمانگەکان و خەرجی هێزە سەربازیەکان، دەبێت هەر ناوچەیەک لە داهاتی خۆی بیدات، لە سلێمانی دەڵێن، داهاتی پێویستمان بۆ ئەمە لەبەر دەست نیە."

نەمانی پارەی نەختینە لە بانکەکانی سلێمانی، چەندین گرفتی گەورەی خزمەتگوزاری و بەڕێوەبردنی بەدوای خۆیدا هێناوە، کۆمپانیان لە زۆربەی شاروشارۆچکەکان خزمەتگوزاریان ڕاگرتووە، گرفتی کەمی دەرمان دروستبووە و بەشێکی زۆر لە پرۆژەکانیش ڕاگیراون.

بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای وت"نەمانی پارەی نەختینە لەنێو بانکەکان، گرفتێکی گەورەیە و پێویستی بەچارەسەر کردن هەیە، دەبێت یەکێتی و پارتی 130 ملیار دینار پارە بۆ بانکەکان پەیدا بکەن."

بەپێی وتەی بەرپرسە باڵاکەی حکومەت، 32 بانک لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی دەوروبەری هەیە، دەبێت هەر بانکێک، ملیارێک دیناری تێدا بێت تا ئیش و کارەکانی ڕانەوەستێت، تا ئەوکاتەی پارەیان پێدەگات، کەچی ئەو بانکانە پارەیان تێدا نیە.

بەڵام ئازاد محەمەد سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەبارەی نەمانی پارەی نەختینە لەبانکەکانی سلێمانی، بەدەنگی ئەمەریکای وت "لە مانگی 2 دا، سلێمانی ناچارکراوە 78 ملیار دینار دابین بکات بۆ موچە، دەبێت پارەی دەرمان و خاشاک و گرێبەست و بودجەی تەشغیلیش بدات، لەکاتێکدا داهاتی ناوخۆ و گومرگەکان بەشی ئەم هەموو پێداویستیە ناکات."

بەپێویستیزانی، حکومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بێنە سەر هێڵ و گرفتەکان چارەسەر بکەن.

گرفتی کەمی پارەی نەختینە لە بانکەکانی سنووری سلێمانی لەکاتێکدایە، یەکێتی و پارتی ناکۆکن، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمیش کە لەپشکی بزووتنەوەی گۆڕانە، لە دۆخەکە نیگەرانە و ماوەیەکە لەنێو وەزارەتەکەی دەوامی نەکردووە.

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:04:08 0:00

XS
SM
MD
LG