Accessibility links

دادگایەکی تورکیا دۆسیەی خاشوقچی ڕادەگرێت و دەیگوازێتەوە بۆ عەرەبستانی سعودیە


دادگایەکی تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە دادگاییکردنی تۆمەتبارانی سعودیە سەبارەت بە کوشتنی ڕۆژنامەنوس جەمال خاشوقچی ڕاگرت و گواستییەوە بۆ عەرەبستانی سعودیە.

بڕیارەکەی دادگای تورکیا ڕووبەڕووی سەرکۆنەکردنی گرووپەکانی مافەکانی مرۆڤ بووەتەوە و دەوترێت ئەم بابەتەش لە کاتێکدایە کە تورکیا هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە ساردەکانی لەگەڵ سعودیە دەدات کە لە دوای کوژرانی خاشوقچی لە ساڵی 2018 لە ناو کونسوڵخانەی سعودیە لە ئەستەنبوڵ، خراپتر بوو.

بڕیارەکە دوای ئەوە دێت کە داواکارێکی گشتی تورکیا داوای لە دادگایەکی ئەستەنبوڵ کردبوو کە دەستهەبڵگرێت لە دۆسیەی جەمال خاشوقچی کە بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراو و دۆسیەکەی بگوازرێتەوە بۆ عەرەبستانی سعودیە.

کوژرانی خاشقچی لە کونسوڵخانەی سعودییە لە ئەستەنبوڵ چوار ساڵ پێش ئێستا ڕەخنەیەکی زۆری لە سەر ئاستی جیهان بە دوای خۆیدا هێناو و فشارێکی زۆری خستە سەر شازادە محەمەد بن سەلمانی سعودییە.

لە 2ی مانگی10ی ساڵی 2018دا، خاشوقچی تەمەن 59 ساڵی لە تورکیا سەردانی کونسوڵخانەی عەرەبستانی سعودیەی کرد بۆ جێبەجێکردنی کاری ڤیزای دەزگیرانەکەی کە هاووڵاتییەکی تورکیایە.

کاربەدەستانی ئەمەریکا و تورکیا ڕایانگەیاند کە تیمێکی تایبەتی سعودی ناوبراویان کوشتووە و تەرمەکەشیان بە شێوەیەک پارچە پارچە کردووە کە هەر نەدۆزراوەتەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەو کاتەدا بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ ئاماژە بە نێوی شازادەی ئەو وڵاتە بکات، گوتی کە فەرمانی کوشتنەکە لەلایەن " بەرزترین پلەکان"ی حکومەتی سعودیەوە دەرکراوە.

خەدیجە چەنگیز، دەزگیرانە تورکەکە خاشوقچی گوتی لەم بڕیارە سیاسیە سەرم سوڕماوە و زۆر خەمبارم بەو بڕیارە.

ئەو بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کەیسەکە لە دانیشتنەکانی پێشوودا وەستابوو، من بێ هیوابووبووم لەوەی بگاتە ئەنجام، بەڵام هەرگیز چاوەڕێی بڕیارێکی لەو شێوەیەم نەدەکرد."

گۆکمن باسپینار، پارێزەری چەنگیز ڕۆژی پێنجشەممە بڕیاری گواستنەوەی دۆسیەکەی بۆ سعودیە دژی یاسا وەسف کرد و گوتیشی ئەمە بە مانای ڕادەستکردنی سەروەری تورکیایە.

تورکیا، کە تووشی دۆخێکی نالەباری ئابووری بووەتەوە و بەرپرسانی لە هەوڵی باشترکردنی دۆخی وڵاتەکەیاندان، خەریکن لە نەیارانی خۆیان لە ناوچەکەدا وەک وەک سعودیە و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب نزیک دەبنەوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG