Accessibility links

لێکۆڵینەوەیەک: ڕوخساری سەگ هەزاران ساڵ پەرەیسەندووە بۆ سەرنجڕاکێشانی مرۆڤ


سەگ یەکێکە لەو گیاندارانەی کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ مرۆڤدا هەیە و توانیویەتی خۆشەویستییەکی تایبەتی ئێمەی مرۆڤ بەدەستبهێنێت.

بەڵام ڕەنگە ئەو خۆشەویستییە بە ڕێکەوت نەبێت بەڵکو لە ئەنجامی هەزاران ساڵ لە پرۆسەی پەرەسەندنی سەگ بێت بۆ ئەوەی بتوانێت سەرنجی مرۆڤ بۆ خۆی ڕابکێشێت، ئەمە بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک لە زانکۆی دوکەین لە پیتسبێرگی ئەمەریکا.

لێکۆڵینەوەکە ڕوخساری سەگی بەراوردکردووە لەگەڵ ئەو گورگانەی کە بە سەرچاوەی ڕەچەڵەکی سەگ دادەندرێن. دەرکەوتووە کە ماسولکەکانی ڕوخساری سەگ بە درێژایی هەزاران ساڵی ژیان لەگەڵ مرۆڤدا توانای ئەوەیان پەیداکردووە کە باشتر و خێراتر بجوڵێن بۆ ئەوەی بتوانن هەڵسوکەوت لەگەڵ مرۆڤ بکەن.

ئانا بورۆس، سەرپەرشتیاری لێکۆڵینەوەکە و شارەزای ئەنترۆپۆلۆجی بایەلۆجی، لەم بارەوە ڕایگەیاند، "جیاوازیەکە زۆرە لە نێوان سەگ و گورگ. ئەوان دەموچاویان وەکو یەک ناجوڵێنن."

ئەم لێکۆڵەرەوانە لە راپۆرتێکی تردا ساڵی 2019 ئەوەیان خستەڕوو کە ماسولکەیەکی تایبەت لەسەروو چاوی سەگ پەرەیسەندووە بۆ ئەوەی یارمەتی گیاندارەکە بدات چاوی گەورەتر دەربکەوێت بە شێوەیەک کە هەستی بەزەیی و دڵگیری لای مرۆڤ دروستبکات.

XS
SM
MD
LG