Accessibility links

بکوژی مەلاکەی ئێران و شەش گومانلێکراوی دیکەش دەستگیرکراون 


ڕۆژی چوارشەممە ئێران بەنیازبوو مەراسیمی ماتەمینی سازبکات بۆ ئەو پیاوە ئاینیە شیعە مەزهەبەی کە ڕۆژێک لەمەوبەر لەلایەن توندڕەوێکی گومانلێکراوی سوننە مەزهەبەوە لە مەزارگەی ئیمام ڕەزا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری مەشهەد بە چەقۆ کوژرا.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردەوە کە گومانلێکراوی سەرەکی لەهێرشە خوێناوییەکە ناوی عەبدول لەتیف مورادە و تەمەنی 21 ساڵە و ئۆزبەکییە و ساڵێک لەمەوبەر لە ڕێی سنووری پاکساتنەوە بەنایاسایی چووەتە ناو خاکی ئێرانەوە.

مورادی لە ناوچە هەژارەنشینەکانی شارەکە کاری گواستنەوەی کردووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە بەکارهێنانی چەند ناوێکی خوازراوی وەک عەبدولەتیف سەلەفی چالاک بووە بۆ "بڵاوکردنەوەی بیروڕوانینی تەکفیری و ڕووبەڕووبونەوەی شیعە".

ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو هێرشەی سەرزەنشت کرد کە بە چەقۆ کرابووە سەر دوو پیاوی ئاینی دیکە و لۆمەی کاریگەری "تەکفیری"ی کرد لە ئەمەریکا، کە دەستواژەیەک بۆ ئەو موسڵمانانە بەکاردێت کە ئەوانی دیکە بە لادەر و هەڵگەراوە لە ئاین ناودەبەن و مەحکومیان دەکەن بە مردن و زوربەی کات ئاماژە بە توندڕەوە سونی مەزهەبەکان دەدرێت.

رەئیسی کە سەرۆکایەتی ئەو دامەزراوە خێرخوازەیە دەکات کە مەزارگەی حەزرەتی ئیمام ڕەزا بەڕێوەدەبات فەرمانی بە وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران کرد کە لێکۆڵینەوە لە کوشتنی پیاوە ئاینیەکە واتە محەمەد ئەساڵانی بکات کە پلەی ئاینی حاجی ئیسلامی هەڵگرتبوو.

لە سێیەمین ڕۆژی مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا هێرشبەرەکە هێرشەکەی ئەنجامدابوو لە کاتێکدا حەوشەی مەزاری ئیمام ڕەزا زۆر قەرەباڵەغ بووە بەو کەسانەی کە هاتبوون بۆ نوێژ و نزاکردن، مەزاری ئیمام ڕەزا مەزاری کەسایەتییەکی ئاینی پیرۆزی موسڵمانە شیعە مەزهەبەکانە.

دوابەدوای هێرشەکەی مەشهەد کە دووەم گەورەترین شاری ئێرانە و دانیشتوانکەی زیاترە لە سێ ملیۆن کەس، دەسەڵاتداران شەش گومانلێکراویان دەستگیرکرد کە دووان لەوانە برای گومانلێکراوە سەرەکیەکە بوون.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی تەسنیم هێرشبەرەکە "20 جار" چەقۆی لە یەکێک لە قوربانییەکان داوە.

تاجە گوڵینە لە شوێنی هێرشەکە دانرا واتە لە حەوشەی مەزارگەی ئیمام ڕەزای هەشتەمی دوازدە ئیمامی موسڵمانانی شیعە مەزهەب، کە ئاینزای دەوڵەتی ئێرانە لە سەدەی 16 ەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامی ئێران ئێوارەی رۆژی چوارشەمە مەراسیمی ماتەمینی بۆ ئەسڵانی بەڕێوەچووە و بەرپرسانی مەزارگەکە چەند جارێک تەرمەکەیان هەڵدەگرتووە و بەدەوری حەوشەکەدا گێڕاویانە، لە کاتێکدا نوێژخوانەکان قورئان دەخوێننەوە.

ڕۆژی پێنج شەممە لە مەزارگەی شەهیدان لە گۆڕەپانی مەزارگەکە بە خاک دەسپێردرێت.

هاوکات میدیاکانی ئێران ڕۆژی یەکشەممە بەبێ ئەوەی هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەو بارەیەوە بدەن ڕایانگەیاند کە دوو پیاوی ئاینی سوننەش لە مزگەوتێکدا لە شارۆچکەی گونبەد کاڤوس لە پارێزگای گوڵستان لە باکووری ئێران کوژراون.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG