Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵگە لەسەر شیانی تاوانی جەنگ لە ئۆکرانیا کۆدەکاتەوە


ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت بەڵگەی ئەگەری تاوانەکانی جەنگ کۆدەکاتەوە کە ڕەنگە لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە لە شارۆچکەی بوچا ئەنجام درابێت.

مشێڵ باچێڵێی بەرپرسی مارفەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی دەربڕی لەسەر ئەو وێنە ترسناکانەی تەرمی خەڵکی سڤیل کە لەسەر شەقامەکانی بوچا، شارۆچکەیەکی نزیک کیێڤی پایتەخت، کەوتوون.

لز ترۆسەل گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند وێنەی تەرمەکانی کە بڵاو بوونەتەوە، بێئەندازە ترسناکن.

ترۆسڵ گوتیشی وێنەکانی ئەو کەسانەی کە دەستیان بەستراوە، بە تایبەتی ئەوانەی ژنە ڕووتەکان، و وێنەی ئەو تەرمانەی کە سووتێندراون ئەوە دەخانە ڕوو کە ئەم کەسانە ڕاستەوخۆ کراونەتە ئامانج.

ئەو گوتیشی بە پێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان کوشتنی بە ئەنقەستی خەڵکی مەدەنی تاوانێکی جەنگە. گوتیشی " ئێمە ناڵێین ئەم ڕووداوە بە دیاریکراوی تاوانێکی جەنگیە. هێشتا ناتوانین ئەوە پشتڕاست بکەینەوە. بۆیە پێویستە بۆ نمونە تاقیکردنەوەی پزیشکی دادوەری ورد بکرێت. بۆیە پێویستە چاودێری و زانیاری ورد کۆبکرێتەوە دەربارەی ئەوەی دژ بە چ کەسانێک و لە چ کاتێکی دیاریکراودا ڕوویداوە. ئێستا ئێمە لەسەر ئەمبابەتە کار دەکەین."

دادگای تاوانی نێودەولەتی لێکۆڵینەوەیەکی دەستپێکردووە سەبارەت بە تاوانی جەنگی گوایە لەلایەن سوپای ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا ئەنجام دراوە. داواکاری گشتی باڵای دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند بنەمایەکی گونجاو هەیە کە بڕوا بکرێت تاوانی جەنگ لە شەڕەکەدا ئەنجام درابێت. ئەو گوتیشی بەڵگە لەسەر ئەگەری تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆساید کۆکراوەتەوە.

ترۆسڵ گوتی گرنگە ئەم کارە بەردەوام بێت و ئەنجامدەرانی ئەو جۆرە تاوانانە بەرپرسیار بکرێن و بخرێنە بەردەم دادگا " ئێمە لە چوارچێوەی تۆپباران و بۆردومانی و هێرشی مەدەنیدا باس لە تاوانی جەنگ دەکەین. ئێستا پێویستە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. بەڵام تۆ دەتوانی باسی ئەوە بکەیت کە ئەوان لە چوارچێوەیەکی سەربازیدا بەکار دەهێنرێن، بۆ نمونە بۆ ئەوەی لە بینایەک بدرێت. زۆر سەختە بزانین چ چوارچێوەیەکە کاتێک کەسێک لەسەر شەقامەکان دەبینرێت گولە بە سەری کەوتووە یان سوتێندراوە."

ڕووسیا ئەوەی کە گوایە سەربازەکانی لە ئۆکرانیا تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە، بە پروپاگەندەیەکی ساختە وەسف دەکات و هێزی تایبەتی ئۆکرانیا بە ئەنجامدانی ئەم کارە لە بوچا بۆ زیانگەیاندن بە ناوبانگی کرملن تۆمەتبار دەکات.

XS
SM
MD
LG