بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەکان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئۆتۆمبیلی کارەبایی تێسڵا، ئیڵان مەسک، بۆتە گەورەترین خاوەن پشکی کۆمپانیای تویتەر دوای ئەوەی 9.2% پشکەکانی ئەو کۆمپانیایەی کڕی و بووە خاوەنی زیاتر لە 73 ملیۆن پشک.
مەسک، کە دەوڵەمەندترین پیاوی جیهانە و لە ئەمەریکا دەژی، یەکێک لەو کەسانەی کە تویتەر زۆر بەکاردەهێنێت و هەندێکجار تویتێکی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی پشک و دراو دیجیتاڵییەکان.
لە چەند رۆژی رابردوودا، مەسک پرسیاری کردبوو لەسەر ئازادی ڕادەربرین و داهاتووی تویتەر و ئایا سنووردارکردنی بۆچوونی خەڵک لەو پلاتفۆرمەی میدیای کۆمەڵایەتی زیان بە دیموکراسی ناگەیەنێت.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی وەبەرهێنانی مەسک لە تویتەر، نرخی پشکەکانی ٢٥% بەرزبووەوە.
پسپۆڕان ئەم وەبەرهێنانەی مەسک بە "وەبەرهێنانی ناچالاک" دادەنێن، بەواتایەکی دیکە وەبەرهێنانێکی درێژخایەن کە نیەتی نییە لەماوەیەکی نزیکدا و دوای بەرزبوونەوەی نرخ، پشکەکانی بفرۆشێت.
سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا