Accessibility links

ڕووسیا ڕووبەڕوی سزای زیاتر و سەرکۆنەی نێودەوڵەتی دەبێتەوە


گۆرێکی بەکۆمەڵ لە ناوچەی بوچا لە ئۆکرانیا
گۆرێکی بەکۆمەڵ لە ناوچەی بوچا لە ئۆکرانیا

ڕووسیا ڕووبەڕووی ئیدانەکردنی نێودەوڵەتی بۆتەوە لەکاتێکدا ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە ئەنجامدانی ئەگەری تاوانی جەنگ لەلایەن هێزەکانی ڕوسیاوە لە بوچا، ناوچەیەکی نزیک کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا، و ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکە دەکەن.

لە پۆستێکدا لە تویتەر رۆژی یەکشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا چارلس میشێل وتی مۆسکۆ ڕووبەڕووی "سزای زیاتری یەکێتی ئەوروپا" دەبێتەوە.

میشێل وتی کە "شۆکبووە بە وێنەی دڕندانەی تاوان کە لە لایەن سوپای ڕووسیاوە لە هەرێمی ئازادکراوی کیێڤ ئەنجام دراوە."

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لیز تروس لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند حکومەتەکەی " بەڵگەی زیاتری کردەوە قێزەونەکانی هێزە داگیرکەرەکانی لە شارۆچکەکانی وەک ئیرپین و بوچا" بینیوە.

سەرۆکی شارەوانی بوچا ئەناتۆلی فێدۆروک لە ڕۆژی شەممەدا ڕایگەیاند کە نزیکەی 300 هاووڵاتی شارۆچکەکەی لەو ماوەیەدا تەقەیان لێکراوە، کە شارۆچکەکە لە ژێر داگیرکاری هێزەکانی ڕوسیادا بووە. دەگوترێت نزیکەی 280 کەس لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا فڕێدراون، لە کاتێکدا جەستەی مردووی دیکە لە شەقامەکاندا کەتبوون.

وێنەی هەستوروژێنی جەستەی مردووەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەوە.

فێدۆروک گوتی: "ئەمانە دەرەنجامی داگیرکاریی ڕوسیان."

ڕووسیا وەڵامی ڕاپۆرتەکانی نەداوەتەوە.

ڤیتالی کلیتشکۆ سەرۆکی شارەوانی کیێڤ بە ڕۆژنامەی بیلدی ئەڵمانیای ڕاگەیاند کە "ئەوەی لە بوچا و قەراغەکانی تری کییڤ ڕوویدا دەکرێت تەنیا بە جینۆساید وەسف بکرێن." ئەو سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پۆتین بە بەرپرسیار دانا.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دیمترۆ کۆلێبا وتی کە "کۆمەڵکوژیەکەی بوچا بە ئەنقەست بووە."

کۆلیبا لە پۆستێکی 3ی نیساندا لە تویتەر ڕووی دەمی کردە حەوت وڵاتە زلهێزەکەی جیهان ناسراوە بە G7 و گوتی، "هەرئێستا داوای سزای نوێ و وێرانکەری G7 دەکەم".

ئەو تۆمەتانەی کە بانگەشەی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ دەکەن لە کاتێکدا بڵاوبوونەوە کە هێزەکانی ڕووسیا لە شوێنەکانی دەوروبەری کیێڤ و شارەکانی باکووری چەرنێهیڤ و خارکیڤ دەکشانەوە.

ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ (هیومان ڕایتس وۆچ (HRW) کە لە نیویۆرکە، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە "بەڵگەی چەندین کەیسی هێزەکانی سوپای ڕووسیایان دەستکەوتووە کە یاسای تاوانی جەنگیان بەرامبەر خەڵکی مەدەنی لە ناوچە داگیرکراوەکانی چەرنێهیڤ و خارکیڤ و کییڤی ئۆکراینا پێشێلکردووە."

ڕێکخراوە ناحکومییەکە گوتی، لە 4ی ئازاردا، هێزەکانی ڕووسیا لە بوچا بەلایەنی کەمەوە تەقەیان لە پیاوێک کردووە کە بەر پشتی سەری کەوتووە.

تروس لە ڕۆژی شەممەدا گوتی کە ئەو لە بۆچا و شارۆچکەکانی دیکەی ئۆکرانیا ترسێنراوە و بەڵێنی دا کە ئەنجامدەران دادگایی بکرێن.

میشێل لە پۆستەکەیدا لە تویتەر گوتی یەکێتی ئەوروپا یارمەتی ئۆکرانیا دەدات " لە کۆکردنەوەی بەڵگەی پێویست بۆ بەدواداچوون لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا."

پێشتر دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوەیەکی کردەوە سەبارەت بەتاوانە جەنگییەکانی کە گوایە لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە لەئۆکراینا ئەنجام دراون.

ڕاپۆرتەکەی HRW چەندین تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی و دوو حاڵەتی لەسێدارەدانی هەڕەمەکی تێدایە کە حەوت قوربانی تێدابوو، هەروەها حاڵەتەکانی تری هەڕەشە و توندوتیژی دژی خەڵکی مەدەنی.

XS
SM
MD
LG