Accessibility links

بەریتانیا 'چارەسەری گۆڕینی' هاوڕەگەزخوازان قەدەغە دەکات


حکومەتی بەریتانیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە بە یاسا پرۆسەی بەناو 'چارەسەر بۆ گۆڕینی هاوڕەگەزخوازان' کە بە Conversion Therapy ناسراوە لە وڵاتەکە قەدەغە دەکات.

ئەم بڕیارەی حکومەتی بەریتانیا کۆمەڵی بایسێکشواڵەکانیش دەگرێتەوە و دەبێتە هۆی داخستنی ئەو سەنتەرانەی کە گوایە دەتوانن هاوڕەگەزخوازی لە ڕێگەی چارەسەری پزیشکی و دەروونی بگۆڕن.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی بی بی سی، بڕیارەکە لە گوتاری داهاتووی شاژن ئیلزابێسی دووهەم ئاماژەی پێدەکرێت و دەبێتە هۆی قەدەغەکردنی هەوڵەکان بۆ گۆڕینی جنسی کەسەکان، بەڵام کاریگەری نابێت لە سەر گۆڕینی ناسنامەی ڕەگەزی. لە هەمان کاتدا بڕیارەکە کەسانی ترانسجێندەر ناگرێتەوە.

"چارەسەری گۆڕین" بۆ هاوڕەگەزخوازان و کۆمەڵەکانی تر بریتین لەو هەنگاوە پزیشکی و دەروونیانەی کە بۆ دەیان ساڵە لە وڵاتانی جیهاندا پەیڕەوکراون بە تایبەتی لە وڵاتانی خۆرئاوا بۆ گۆڕینی ڕەگەزی کەسەکان بۆ ڕەگەزی باڵادەست.

بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە چەندین ئامرازی جیاواز بەکارهێندراون وەکو گۆڕانکاری هۆڕمۆنی و پچراندنی دەمارەخانەکانی مێشک لە ڕێگەی نەشتەرگەری و لێدانی شۆکی کارەبا و خەساندن. چارەسەرییە دەروونیەکانیش بەگشتی بریتین لە گفتوگۆ لەگەڵ دەروونناسان و سەرکوتکردنی هەستی هاوڕەگەزخوازی و نوێژکردن و پاڕانەوە لە خودا. بەگوێرەی ئاژانسی بی بی سی، لە هەندێک حاڵەتدا پەنا براوەتە بەر ڕێگە توندەکانی وەکو "دەرکردنی جن" لە ڕێگەی پیاوانی ئاینی یاخود دەستدرێژی سێکسی وەک چارەسەر.

ئاژانسی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندووە کە هیچ کام لەو چارەسەرانە بۆ گۆڕینی ڕەگەز بەڵگەی پزیشکیان نییە و دەبنە مەترسی لەسەر تەندروستی کەسانی بەکارهێنەر.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا هەنگاوەکانی گۆڕینی ڕەگەزی بە 'ساختە' ناوبردووە و داوای لە وڵاتانکردووە کە پرۆسەکە وەک "کەمکردنەوەی بەهای مرۆڤ" بناسێنن.

XS
SM
MD
LG