Accessibility links

دەرکەوتووە کە دەنگ لەسەر مەریخ دوو خێرایی جیاوازی هەیە


لێکۆڵینەوەیەک لەسەر یەکەم تۆماری دەنگی سەر هەسارەی مەریخ زانایانی تووشی سەرسوڕمان کرد دوای ئەوەی کە دەرکەوت جیاوازی هەیە لە گواستنەوەی دەنگەکان بەگوێرەی بەرزی و نزمی نۆتەکانیان.

زانایان لە ئاژانسی ناسا بۆ گەیشتن بەو ئەنجامە پشتیان بە پێنج کاتژمێر لە تۆماری دەنگی بەستووە کە ساڵی ڕابردوو لە لایەن کەشتییەکی ئاسمانی و گەڕۆکی کۆڵنەدەر (پێرسەڤێرەنس) لەسەر مەریخ تۆمارکرابوو.

لێکۆڵینەوەکە ئەوەی سەلماندووە کە خێرایی دەنگ لەسەر مەریخ هێواشترە لە زەوی. دەنگ لەسەر ئەو هەسارەیە 240 مەتر لە چرکەیەکدا دەگوازرێتەوە لەکاتێکدا لەسەر زەوی خێراییەکەی 340 مەترە لە چرکەیەکدا.

زاناکان دەڵێن ئەو ئەنجامە پێشبینیکراو بوو چونکە کەشوهەوای مەریخ بریتییە لە 95% دوانۆکسیدی کاربۆن لە کاتێکدا رێژەی ئەو پێکهاتە کیمیاییە لە سەر زەوی بریتییە لە %0.04 ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە بەرگەهەوای زەوی نزیکی سەد ئەوەندەی بەرگەهەوای مەریخ دەبێت.

بەڵام ئەوەی جێگای سەرسوڕمانی زانایان بوو بریتی بوو لەوەی کە لە یەکێک لە تۆمارە دەنگیەکان خێرایی گواستنەوە 10 مەتر زیاتر بوو بۆ 250 مەتر لە یەک چرکە.

ئەوان دەڵێن هۆکاری ئەم زیادبوونە پەیوەندی بە بەرزی و نزمی فریکوێنسی دەنگەکانەوە هەبوو، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ئەو دەنگانەی فریکوێنسی نزمیان هەیە هێواشتر دەگوازرێنەوە لە سەر هەسارەی مەریخ.

سەبارەت بەم ئەنجامە، سیلڤێستخە ماوریس، بەرپرسی لێکۆڵینەوەکە، بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتدپرێس ڕایگەیاند، "لەسەر زەوی دەنگی ئاهەنگێکی ئۆرکێسترا بەرز بێت یا نزم بەهەمان خێرایی دەگات بە ئێمە. بەڵام بیهێنە بەرچاوی خۆت، گەر لەسەر مەریخ کەمێک لە سەکۆکە (ستەیج) دووربیت، ئەوا دەنگەکە بۆ تۆ زۆر دوادەکەوێت."

سەرچاوە: ماڵپەڕی فیزیکس

XS
SM
MD
LG