Accessibility links

ڕێژەی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران زیاد دەکات


بەپێی ئامارەکان و بەڵگەنامەکانی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ تەنها لە مانگی سێی ئەمساڵدا لانیکەم 33 کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستانی ئێران یان کوژراون یان بریندار بوون. شایەنی باسە بەپێی ڕاپۆرتەکان لە 43٪ ی حاڵەتەکان بەهۆی تەقکردنی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بەرکەوتوون.

بەپێی ئامارەکانی پێشوتر و بەراوردکارییەکانی ڕێکخراوی هەنگاو ڕێژەی هێرشکردنە سەر کۆڵبەران لە 94٪ بەرزبۆتەوە.

لە وردەکاری ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە دووان لە کۆڵبەرەکان کۆژراون و 31 کۆڵبەر و کاسبکاریش بریندار بوون و سەرجەم قوربانییەکان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران یان ڕووداوی سروشتی و ڕووداوی هاتوچۆوە بووە. هاوکات زۆرترین کوژراو بریندارەکان لە پارێزگای کرماشان تۆمارکراون کە 28 حاڵەتیان لەو پارێزگایە بوون.
لەکاتێکدا ئێران لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤەوە ڕەخنەی توندی لێگیراوە سەبارەت بە پێشلکردنی مافەکانی مرۆڤ. لە دوایەمین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بۆ ساڵی ٢٠٢١ تیشک خراوەتە سەر چەندین لایەنی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن کاربەدەستانی حکومەتی ئێرانەوە، کە هەزاران کەس تەنها بەهۆی بەکارهێنانی مافە بنەڕەتی و ئاشتیخوازەکانی خۆیانەوە دەستگیرکراون و سەدان کەس بە شێوەیەکی ناڕەوا لە بەندیخانەکاندا ماونەتەوە. هێزەکانی ئیتلاعات تەنانەت لە خۆپیشاندانە بە ئاشتییەکانیشدا دەستڕێژی گولەیان لە خەڵكی کردووە.

شایەنی باسە کۆڵبەر بەو کەسانە دەوترێت کە لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران، کە زۆربەیان لە شار و گوندەکانی سەقز، پیرانشار، بانە، سەردەشت، مەریوان و هەورامان و جوانڕۆ و کرماشان بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان بە شێوەی نایاسایی کاڵا و شتومەک بە کۆڵ لە هەرێمی کوردستان و تورکیاوە دەگوازنەوە بۆ ناو ئێران.

XS
SM
MD
LG