Accessibility links

لێکۆڵینەوەیەک: بەخێوکردنی پشیلە مەترسی جەڵتەی دڵ و مێشک کەمدەکاتەوە


ئەوکەسانەی کە پشیلە بەخێودەکەن دەزانن کە هەبوونیان لە ناوماڵ چەندە یارمەتیدەرە بۆ بڵاوکردنەوەی شادی لە نێوان گەورە و منداڵ.

جگە لە کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی مرۆڤ، دەشێت ئەو گیاندارە دڵسۆزە سودی هەبێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسی جەڵتەی دڵ و مێشک، ئەمە بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک لە گۆڤاری Vascular and Interventional Neurology کە تایبەتە بە گرتنی وێنەی تیشکی دەمارەکانی خوێن و مێشک.

ئەنجامدەرانی لێکۆڵینەوەکە دەڵێن، "بەخێوکردنی پشیلە وەک گیاندارێکی ماڵی دەکرێت ببێتە ستراتیژیەکی نوێ بۆ کەمکردنەوەی مەترسی نەخۆشیەکانی دڵ و دەمار لەو کەسانەی مەترسی زۆریان لەسەرە."

بۆ گەیشتن بەو دەرەنجامە، لێکۆڵەرەوەکان پشتیان بەستووە بە ئاماری لێکۆڵینەوەی تەندروستی نیشتیمانی و خۆراکی ئەمریکا سەبارەت بە ڕێژەی هەستیاری (حەساسیەت) لەو کەسانەی کە خاوەن سەگ یا پشیلەن. سەرەنجام بۆیاندەرکەوتووە کە ئەو کەسانەی پشیلە بەخێودەکەن مەترسی مردنیان بە نەخۆشیەکانی دڵ و دەمار بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمترە لەو کەسانەی کە هەرگیز پێشتر خاوەنی پشیلە نەبوون.

لێکۆڵینەوەکە دەڵێت هۆکاری کەمبوونەوەی مترسی مردن بۆ هۆی جەڵتەی دڵ و مێشک لەو کەسانەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پشیلە دەبێتە هۆی زیادکردنی هەستی ئارامی و کەمکردنەوەی فشاری دەروونی لە خاوەنەکانیان.

لە هەمانکاتدا، لێکۆڵینەوەکە دەڵێت بەخێوکردنی پشیلە لە تەمەنێکی زووی مرۆڤ ڕەنگە کاریگەری باشتری هەبێت لەسەر تەندروستی دڵ و مێشک بە بەراورد بەوکەسانەی کە دوای توشبوون پەنادەبەنە بەر ڕاگرتنی.

سەرچاوە: ماڵپەڕی مارسا ستێوەرت

XS
SM
MD
LG