Accessibility links

لە یەک هەفتەدا حەوت کەس دەبنە قوربانی ڕێگای نێوان هەولێر - کۆیە


ڕێگای هەولێر
ڕێگای هەولێر

تەنها لەماوەی یەک هەفتەدا 7 کەس دەبنە قوربانی ڕێگای نێوان هەولێر - کۆیە و 9 کەسی تریش بریندار دەبن. بەپێی گوتەبێژی هاتوچۆی کۆیە، نوێترین قوربانی ڕێگای هەولێر - کۆیە 5 یاریزانی تیپی باڵەی بنەسڵاوەبوون.

گوتەبێژی هاتوچۆی کۆیە ئاشکرا دەکات کە ڕێگای هەولێر - کۆیە بەڕێگای مەرگ ناسراوە لەبەر ئەوەی فراوانیەکەی کەمە و ڕێگایەکی سەختە لەهەمانکاتیشکدا شیاو نییە بۆ ئەو ئۆتۆمبێلە زۆرەی کە ئێستا لەهەرێمی کوردستاندا هەیە بەڵام یەکێک لە هۆکارەکانی تریش ئەوەیە کە ئیهمالی شوفێرەکەیە و سەرپێچی یاساکانی هاتوچۆ دەکات.

سەنگەر سەعید گوتەبێژی هاتوچۆی کۆیە بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " کاتژمێر حەوتی ڕۆژی چوارشەممە لە ڕێگای نێوان هەولێر- کۆیە لە نزیک گوندی گومەتاڵ لەئەنجامی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل لە جۆری مازدە لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری جۆری ئەتیکو پێنج یاریزانی تیپی باڵەی ناحیەی بنەسڵاوە گیانیان لەدەستداوە و شوفێری بارهەڵگرەکەش زامدارە و تاکۆ ئێستا لەژێر چاودێری چڕە لە نەخۆشخانەی شاری هەولێر، سەرجەم یاریزانەکانی نێو مازدەکە کەپێنج کەس بوون بەشوفێر و چوار کەسەکەوە کە هەر پێنجیان یاریزان بوون گیانیان لەدەستدا لەهەولێر بەئاراستەی کۆیە دەهاتن بە مەبەستی ئەنجامدانی خولێکی باڵە کەلە شاری کۆیە کرابووەوە".

گوتەبێژی هاتوچۆی کۆیە دەشڵێت" تەنها لەماوەی یەک هەفتەدا لەم ڕێگایە پێنج ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویداوە بەو هۆیەوە حەوت کەس گیانی لەدەستداوە و نۆ کەسیش زامداربووە، داوامان لە لایەنی پەیوەندیدار ئەوەیە کە هەرچی زووە هەوڵ بدەن بە دوو سایدکردنی ئەو ڕێگایە تاکو چیتر هاوڵاتیانی وڵاتەکەمان نەبنە قوربانی هاتوچۆ لەم ڕێگایەی کە فراوانیەکەی کەمە و ناوچە کوێریشی زۆرە".

لە لایەکی ترەوە عەلی ساڵح هاوڕێی یریزان عەبدوللای کۆچکردوویە و پێکەوە یاریزانی تیپی باڵەی بنەسڵاوەبوون بۆ دەنگی ئەمەریکا زانیاری زیاتر دەخاتەڕووو دەڵێت" بڕیار وابوو لەگەڵ عەبدوللا پێکەوە بەپێکهاتەیەکی باش بەشداری خولێک بکەین کەلەم چەند ڕۆژەدا دەکرێتەوە بەڵام ئێستا کە بەشداری ئەو خولە دەکەین لەپێناو ڕوحی ئەوە، پێنج یاریزان بوون لەنزیک کۆیە تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوون و کۆچی دواییان کرد منیش دەمویست لەگەڵیان بچم بەڵام نەمتوانی بچم هاورێکانمان بەنیازی یاری پێش کۆتایی ڕویشتبوون بەڵام نەگەیشتنە شوێنی مەبەست و کۆچی دواییان کرد، خولێک لە کۆیە کرابووە و یاری پێش کۆتاییمان هەبوو و ئەوانیش دەیانویست بۆ تیپی باڵەی بنەسڵاوە یاری بکەن".

بەپێی سەرچاوەکان ئـەو یاریزانانەی کە گیانیان لەدەستداوە دانیشتووی بنەسڵاوە و پردێ و قوشتەپە بوون بەناوەکانی عەبدوللا سەباح، ئاودل محەمەد، موسلم موحسین، بەڵێن ئازاد ، محەمەد کەمال. شۆفێری بارهەڵگرەکەش کە زامدارە بەناوی تەحسین عەلی دانیشتوی مامزاوایە لە هەولێر.

XS
SM
MD
LG