Accessibility links

لە پاش بۆنەی نەورۆز ژمارەیەک کەس لە کوردستانی ئێران دەستگیر دەکرێن


بۆنەی نەوڕۆز، سنە
بۆنەی نەوڕۆز، سنە

بە گوێرەی رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکوان، حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ژمارەیەک خەڵکی بە هۆی بەشداریکردنیان لە بۆنەکانی نەورۆزدا دەستگیرکردووە.

دوو هەفتە پێش نەورۆز، سپای پاسداران بە خەڵکی ڕاگەیاندبوو کە لە بۆنەی نەورۆزدا نابێت هەڵپەرکی، ڕەشبەڵەک و ئاوازی بێنێوەڕۆک هەبێت و ناشبێت هێماکانی وەک ئاڵا، جامانە و لەچکەی سپی و گوڵی سوور بەکاربێنن.

بە گوێرەی ماڵپەڕی ئێران وایر تەنیا لە ماوەی حەتووی ڕابردوودا ژمارەیەک لە خەڵک بە هۆی بەشداری کردنیان لە بۆنەی جێژنی نەورۆزدا گیراون.

بە گوێرەی هرانا ئاژانسی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ، لە نوێبوونەوەی ساڵدا، دوازدە هاووڵاتی لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە گیراون کە ناوەکانیشیان بڵاوکراونەوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان راپۆرت دەکات تەنانەت هونەرمەندانی وەک عادل نادری و ئومێد ئەسەدی بە هۆی بەشداربوونیان لە بۆنەی جێژنی نەورۆزدا دەستبەسەر کراون کە لە شار و گوندەکانی کوردستانی ئێراندا بەڕێوەچوون.

بە گوێرەی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ هەنگاو، ژمارەی ئەو کوردانەی تا ئێستا گیراون لە ٥٠ کەس تێدەپەڕن کە ناسنامەی ٣١ کەسیان بۆ ئەو ڕێکخراوە ئاشکرابووە. لە ئەو ژمارەیە، وەک ئەو ڕێکخراوە ڕاپۆرت دەکات ١٧ کەسیان ئازاد کراون بەڵام ١٤ کەسیان هەروا دەستبەسەرن.

هەروەها ئەو ڕێکخراوە زانیاری دەست کەوتووە کە لە نێو گیراوەکاندا مێرمنداڵیش لە گەڵن. بۆ نمونە ئومێد حوسێنی تەمەن ١٦ ساڵی رۆژی یەکەمی نەورۆز لە شاری سنە دەستبەسەرکرابوو، دوای دوو رۆژ و پاش ئەوەی بە نووسراوە بەڵێنی لێ‌وەرگیرا، حکوومەت ئازادی کرد.

هەروەها دەشڵێت زۆربەری ئەو کەسانەی لە لایەن حکوومەتەوە گیراون بە بەکارهێنانی جامانە و گوڵی سوور لە بۆنەی نەوڕۆدا تۆمەتبارکراون.

وەک ئەو ڕێکخراوانانە ڕاپۆرت دەکەن زۆربەی کەسە گیراوەکان هی گوندی نێی مەریوانن کە لانی کەم ژمارەیان دەگاتە ٤١ کەس.

XS
SM
MD
LG