Accessibility links

تورکیا دەڵێت ئەبرامۆڤیچ، خاوەنی یانەی چێڵسی 'دڵسۆزانە' کار بۆ کۆتایهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا دەکات 


ڕۆمەن ئەبرامۆڤیچ
ڕۆمەن ئەبرامۆڤیچ

تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند ڕۆمەن ئەبرامۆڤیچ، بازەرگان و ملیاردێری ڕووسیا کە لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە لەسەر داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا سزادراوە، لەم هەفتەیەدا بەشێک بووە لە شاندی ڕووسیا بۆ گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیا لە ئەستەنبوڵ و دڵسۆزانە کاری بۆ کۆتایی شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە کردوە.

ئەبرامۆڤیچ لە گفتوگۆکانی ڕۆژی سێشەممەی کە لە تورکیا بەڕێوەچوون بەشداری کردبوو، بەڵام لە گرتە ڤیدیۆییەکانی ئەو دانیشتنەدا لەجیاتی ئەوەی لەگەڵ دوو دەستەی دانوستانکار دانیشتبێت، لە نێوان چاودێراندا دانیشتبوو.

بە گوێرەی هەواڵێکی NTV، تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لە کاتی گەشتێکیدا لە ئۆزبەکستانەوە بە پەیامنێرانی گوت "ئامادەبوونی ئەبرامۆڤیچ ئەوە پیشان دەدات کە ناوبراو جێگای متمانەی ڤلادیمێر پۆتن سەرۆکی ڕووسیایە."

سەرۆکی تورکیا گوتی" ئەبرامۆڤیچ وەک بەشێک لە شاندی ڕووسیا بەشداری دانوستانەکان بوو." گوتیشی "لە جیاتی ئەوەی سەیری ئەوە بکەین کە کێ لەسەر مێزی گفتوگۆکان بووە، دەبێت سەیری ئەو کەسانە بکەین کە لەو دانیشتنەدا ئامادە بوون."

مەولوود چاوش ئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە کەناڵی A Haber گوت ئەبرامۆڤیچ لە 24ی مانگی 2وەوە هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی دەدات لە نێوان کیێڤ و مۆسکۆ و "دڵسۆزانە" کار بۆ کۆتایهێنانی شەڕەکە دەکات.

وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی "بە دڵنیاییەوە گفتوگۆی فەرمی و دانوستانەکان گرنگن، بەڵام ڕای گشتی هەستیارە و هەموو کەسێک دەیەوێت پێگەی خۆی بپارێزێت." ئەو گوتیشی "هەندێ کەناڵ و ڕێگای پەیوەندیکردن هەیە کە دەبێت لە نێوان سەرکردە و وڵاتەکاندا بە کراوەیی بهێڵرێتەوە. ئەبرامۆڤیچ لێرە لە تورکیا ڕۆڵێکی بەسوودی هەیە لە گفتوگۆکاندا بۆ ئاشتی."

دیمیتری پێسکۆف، گوتەبێژی کرێمڵین گوتی ئەبرامۆڤیچ ئەندامی فەرمی شاندی ڕووسیا نیە، بەڵام ئامادەبوونی ناوبراوی بۆ "چالاککردنی پەیوەندیە دیاریکراوەکان" پشتڕاستکردەوە.

تورکیا ئەندامێکی ناتۆیە و سنووری دەریایی هاوبەشی هەیە لەگەڵ ئۆکرانیا و ڕوسیا لە دەریای ڕەشدا و هەروەها پەیوەندی باشی لەگەڵ هەردوو وڵاتەدا هەیە، هەر بۆیەش پێشنیاری نێوەندگیری لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیای کردووە.

تورکیا لە شەڕ ئۆکرانیادا پشتیوانی لە کیێڤ کردووە، بەڵام دژایەتی سزاکانی سەر مۆسکۆش دەکات، لەوانەش دژی سزاکانە بۆ سەر ئەبرامۆڤیچ و ملیاردێرە ڕووسییەکانی دیکە.

ئەبرامۆڤیچ کە خاوەنی یانەی تۆپی چێڵسییە، لە هەوڵی فرۆشتنی ئەو یانەیەدا بوو کە دوای سزاکانی بەریتانیا بۆ سەر ناوبراو، پڕۆسەی فرۆشتنەکەی وەستاوە و لە کۆنتڕۆڵیدا نەماوە.

لە ماوەی ڕابردوودا چەند بەلەمێکی ئەبرامۆڤیچ بە بەهای 1.2 بلیۆن دۆلار لە بۆدرۆم و مارماریس لە باشووری ڕۆژئاوای تورکیا جێگیر کراون و سەرچاوەکان گوتیان کە ئەبرامۆڤیچ و دەوڵەمەندەکانی تر دوای سزاکانی ڕۆژئاوا هەوڵی وەگڕخستنی سەرمایە لە تورکیا دەدەن

XS
SM
MD
LG