ڕۆژی چوارشەممە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سزای بۆ سەر پێنج کەسایەتی و قەوارەی ئێرانی ڕاگەیاند و دەڵێت ئەوان پەیوەندییان هەبووە بە بەرنامەی مووشەکی بالستیکی وڵاتەکەوە.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا دەڵێت سزاکان بە تایبەتی ناوەندی توێژینەوە و پیشەسازی بەرگری سوپای پاسدارانی ئێرانی کردووەتە ئامانج، کە بەرپرسیارە بۆ لێکۆڵینەوە و بەرهەمهێنانی مووشەکی بالستیکی وڵاتەکە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکیدا دەڵێت " هەنگاوەکەی ئەمڕۆمان دوابەدوای هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بوو بۆ سەر هەولێر، عێراق لە 13 ی مانگی سێدا و هێرشی مووشەکی حوسییەکان دژ بە کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی لە 25 ی مانگی سێ و هەروەها هێرشە مووشەکییەکانی بەکرێگیراوەکانی ئێران دژ بە عەرەبستانی سعودیە و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب ئەوەمان بەبیردەهێننەوە کە پەرەسەندن و زۆربوونی مووشەکی بالستیکی ئێران بەردەوام هەڕەشەیەکی ڕژدە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی."
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە تویتێکدا ڕایگەیاند " چالاکییەکانی پەیوەست بە مووشەکی بالستیکی ڕژێمی ئێران بەردەوامن لە ناسەقامگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڕەشەیەکی ڕژدن بۆسەر ئاسایشی هەرێمی و نێونەتەوەیی. ئەمڕۆ ئێمە پێن کەسایەتی و قەوارە دەستنیشان دەکەین کە پەیوەندییان هەیە بە بەرنامەی مووشەکی ڕژێمەکەوە."
جێگری وەزیری خەزێنە بۆ کاروباری تیرۆرزم و زانیاری دارایی برایەن نێڵسن ڕایگەیاند " ئەم کردارە پابەندبوونی ئەمەریکا بۆ ڕێگرتن لەگەشەپێدانی ڕژێمی ئێران و بەکارهێنانی مووشەکی بالستیکی پێشکەوتوو بەهێزتر دەکات." گوتیشی " لە کاتێکدا ئەمەریکا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ پابەندبوونی تەواوی بە ڕێککەوتنە ناوکییەکە، ئێمە دوو دڵ نابین لە کردنە ئامانجی ئەوانەی پشتیوانی لە بەرنامەی مووشەکی بالستیکی ئێران دەکەن. و ئێمە لە گەڵ هاوبەشەکانیشماندا لە هەرێمەکە کاردەکەین بۆ بەرپرسیارکردنی ئێران لە ڕەفتارەکانی، لە ناویاندا سەرپێچیکردنی سەروەری خاکی دراوسێکانی."
ئەمەش لە کاتێکدایە هەر ڕۆژی چوارشەممە سەرۆکایەتی هەرێمی کورستان ڕایگەیاند سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی نامەیەکی لە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنەوە پێگەیشتووە کە تیایدا جەخت لەوە دەکاتەوە هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی سەرەکییە بۆ ئەمەریکا. ڕاگەیاندنەکەی حکومەتی هەرێم کە سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی لە تویتێکیشدا بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت " سهرۆک بايدن ههروهها هێرشه مووشهكييهكهى سهر ههولێرى سهركۆنه كردووه و ستايشى خۆى بۆ ههماههنگيى پتهو و دوورودرێژى ههرێمى كوردستان و ئهمهريكا نيشان داوه، ههروهها پابهنديى ئهمهريكاى به بهردهواميى پشتگيريى هێزه ئهمنييهكانى عيراق و پێشمهرگه، دووپات كردووهتهوه."
هەروەها دەشڵێت "له بهشێكى ديكهى نامهكهيدا سهرۆك بايدن جهختى لهوه كردووتهوه كه ئهمهريكا هەرێمی کوردستانێکی ئارام، سەقامگیر و گەشاوە وەک بەشێکی سەرەکی بۆ عيراقێکی سەقامگیر و گەشاوە دهبينێت. سهرۆك بايدن ههروهها جهژنى نهورۆزى له سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و گهلى كوردستان پيرۆز كردووه. "