Accessibility links

دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا


ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بۆ ساڵی ٢٠٢١ی زایینی تیشک دەخاتە سەر گەلێک لایەنی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لایەن کاربەدەستانی حکومەتی ئێرانەوە، کە هەزاران کەس تەنها بەهۆی بەکارهێنانی مافە بنەڕەتی و ئاشتیخوازەکانی خۆیانەوە دەستگیرکراون و سەدان کەس بە شێوەیەکی ناڕەوا لە بەندیخانەکاندا ماونەوە.

هێزەکانی ئیتلاعات تەنانەت لە خۆپیشاندانە بە ئاشتییەکانیشدا دەستڕێژی گولەیان لە خەڵكی کردووە. ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی ئاماژە بە هەندێک لە لایەنەکانی ئەو پێشێلکارییانە دەکات.

ئازادی بەیان، پێکهێنانی ڕێکخراوەکان و کۆڕ و کۆبوونەوە

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە کاربەدەستان لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینیدا بە توندی بەردەوامبوون لەسەر سەرکوتکردنی مافەکانی ئازادی بەیان، پێکهێنانی کۆڕ و کۆبوونەوە. ئەوان پارتە سیاسیە سەربەخۆکان، یەکیەتییە کرێکارییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدنییان قەدەغە کرد. ڕاگەیەنەرە گشتییەکانیان سانسۆڕکرد و کاناڵەکانی تەلەفزیۆنی سەتەلاتییان قەدەغەکرد. هەروەها کاربەدەستانی بەشی ئیتلاعاتی ئێران بە هۆی چالاکی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی کە ئەوان بە "دژە شۆڕش" یان "نائیسلامی"یان ناوزەد کرد گەلێک کەسیان بە هەرەمەکی گرت و خستییانە نێو بەندیخانەوە.

کاربەدەستان لە ماوەی خۆپیشاندانەکانی خەڵکدا، بەشی ئێنترنێتیان پچڕاند و ڕادەی سەرپێچی و پێشێلکارییەکانی هێزەکانی ئیتلاعتیان شاردەوە. لە مانگی حەوتدا مەجلیس بە پەلە بەرنووسێکی یاسایی ئامادە کرد و چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ پەسندبکرێت کە چاودێری بە سەر ئێنتێرنێتدا زیادتر دەکات.

ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر ئەو لایەنەی کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە سەرکوتکردنی خەڵکدا تووێژەکانی جۆربەجۆری خەڵکیان خستە ژێر گوشاری خۆیان و چەندین هەزار پیاو، ژن و منداڵ تەنها بە هۆی کەڵکوەرگرتنی هێمنانەی مافەکانی خۆیان لە بوارەکانی ئازادی بەیان، پێکهێنانی کۆڕ و کۆبوونەوە لێپێچینەوەیان لێکرا و بە شێوەیەکی ناڕەوا خرانە ژێرڕاونان و ڕاپێچکردن.

لە نێو ئەو کەسانەدا جودابیران، ڕۆژنامەوانان، کەسانی ناڕازی، نووسەران، مامۆستایانی گرتەوە. هەروەها داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و بگرە پارێزەرانیش بوون. داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان، مافەکانی کار و مافەکانی کەمینەکان، ژینگەپارێزان، خەباتکاران دژ بە سزای لەسێدارەدان و خزم و کەسانی داخدار خوازیاری وەڵامدانەوە بە تایبەت بە لە سێدارەدانەکانی بە کۆمەڵ و بەزۆر بێسەر و شوێنکردن بوون. لە کۆتایی ساڵدا سەدان کەس بە ناڕەوا لە بەندیخانەکاندا هەروا مانەوە.

جودابیران و رۆژنامەوانانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات ڕووبەڕووی هەڕەشەی توند بوونەوە و بنەماڵەکانیان لە ئێران خرانە ژێر لێپێچینەوە و یان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی دەستبەسەرکران. لە مانگی ٨ دا، کاربەدەستانی ئیتلاعات هەڕەشەی مەرگیان لە بنەماڵەی ئەرسەلان یارئەحمەدی کرد کە چالاکوانێکی مافەکانی مرۆڤی کوردە و لە دەرەوەی ئێران دەژیت. هەروەها حەبیب چەعب، نارازی ئیرانی- سویدی و جەمشید شارمەهد، ناڕازی ئێرانی – ئاڵمانی کە پیشتر لە دەرەوی وڵات ڕفێنرابوون و گەڕاندبوویانەوە ئێران، هەر لەژێر مەترسی سزای ئێعدامدان.

هێزەکانی ئاسایش بۆ سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکانی بەئاشتیانە بە شێوەیەکی نایاسایی و بە توندی مامەڵەیان لەگەڵ خۆپیشاندەراندا کرد و تەنانەت تەقەشیان لێکردن. لە مانگی ٧، لانی کەم ١١ کەس لە ماوەی خۆپیشاندانەکان بە هۆی کەمبوونی ئاو لە ئوستانەکانی خوزستان و لۆرستان بە دەسترێژی گولە کوژران و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون. لە ٢٦ی مانگی ١١ هێزەکانی ئاسایش بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندەران کە سکاڵایان سەبارەت بە خراپی چارەسەری ئاو لە ئیسفەهان هەبوو، بە گولەی ساچمە تەقەیان لە خەڵک کرد و ژمارەیەکی زۆر لە نێویاندا منداڵیش یان بیناییان لەدەستدا و یان زیانێکی زۆر بە چاوەکانیان گەیشت.

ئەشکەنجەدان و بێ ڕێزیکردن

ئەشکەنجەدان و بێڕێزیکردن بە تایبەتی لە ماوەی ساڵدا بە شیوەیەکی بەرفروان بەردەوام بوو. "دانپێدانانەکان" ی کە بە ڕێگای ئەشکەنجەدان وەرگیرابوون لە تەلەڤزیۆنەکانی حکومەتی پەخش کرانەوە و بە شێوەیەکی بەردوام بۆ بڕیاری مەحکوومکردن بەکارهاتوون.

دەسەڵاتدارانی بەندیخانە کە لە ژێر فەرمانی بەشی دادوەریدا کاردەکەن، بەندکراوان لە دۆخێکی زۆر نامرۆڤانە و ستەمکارانەدا ڕادەگرن وەک ڕاگرتنی ژمارەیەکی زۆری بەندکراوان لە ژوورێکدا، تەندروستی نەگونجاو، نەبوونی خواردەمەنی و ئاوی پێویست و هێرشی مێش و مەگەز و تەنانەت گەلێک لە بەندکراوان چاودێری پزیشکییان بۆ دابین ناکرێت کە ئەمەش وایکردووە زیاتر لە ژێر مەترسی پەتای کۆڤید ١٩ دا بن.

ئەو گرتە لە مانگ ٨دا بڵاوبوونەوە نیشان دەدەن کە بەڕیوەبەرانی بەندیخانە خەریکی لێدان و کوتان و بێڕیزی جنسی بە بەندکراوانن.

ڕاپۆرتەکە ئاگایی دەدات کە لانی کەم ٢٤ بەندکراو لە دۆخی جێگای گۆمان لە نێویاندا ئەشکەنجەدان و ڕەفتاری ناشیاو و بێبەش کردن لە چاودێری پزیشکی گیانیان لە دەستداوە.

ڕەفتاری ناڕەوا و جیاوازیدانان و پێشێلکارییە کۆمەڵایەتییەکان

ڕەوشی ژنان و کچان:

ژنان چ لە یاساکانی کۆماری ئێسلامیدا و چ لە کردەودا لە ئێران بە شێوەیەکی ناڕەووا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، لەوانە لە بوارەکانی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، جیابوونەوە، دامەزراندنیان، دابەشکردنی میرات و هەروەها لە وەرگرتنی پۆستی سیاسی لە ناو حکومەت.

یاساکانی "حیجاب"ی زۆرەملێ بووەتە هۆی هەراسانکردنی ڕۆژانە، دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی، ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپی دیکە بەرامبەر بە ژنان، لەوانە بێبەشکردنیان لە دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و دامەزراندن و کارکردنیان لە شوێنە گشتیەکاندا.

بەلایەنی کەمەوە شەش پارێزەری مافەکانی ژنان بە هۆی چالاکییەکانیانەوە دژی حیجابی زۆرەملێ لە ئێستادا لە زیندانی کۆماری ئێسلامی ئێراندان.

لە مانگی١١ی ساڵی ڕابردوودا، پەرلەمانی ئێران لە ڕێگای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای "پاراستنی خێزان و گەشەدان بە دانیشتوانی گەنج" مافی ژنانی زیاتر پێشێلکردوە. بە پێی ئەو یاسایە، بنکە دەرمانییەکانی دەوڵەت قەدەغە کراون لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە خۆڕاییەکان بۆ بەرگری لە دووگیانی و هەروەها دەرمانخانەکان ناچار دەکات بۆ فرۆشتنی دەرمان و حەبی بەرگری لە دووگیانی داوای نامەی دکتور بکەن.

کۆمسیۆنی کۆمەڵایەتی پەرلەمان لە مانگی٧ی ساڵی ڕابردوودا دوای ساڵانێکی زۆر، پرۆژەیاسای "داکۆکیکردن لە کەرامەتی و پاراستنی ژنان لە دژی توندوتیژی" پەسەند کرد. ئەو پرۆژە یاسایە، کە هێشتا پەسەندکردنی کۆتایی ماوە، هەندێ خاڵی ئەرینی لە خۆ دەگرێت، لەوانە دامەزراندنی یەکەی پۆلیسی تایبەت بە پرسی ژنان، دابینکردنی خانووی پارێزراو، دەستنیشانکردنی گروپێکی کاری نیشتمانی بۆ داڕشتنی ستراتیژی بۆ بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و کچان.

هەڵبەت لە پڕۆژە یاساکەدا، توندوتیژی خێزانی، دەستدرێژی سێکسی نێوان هاوسەرەکان و هاوسەرگیری منداڵان وەک تاوانێک پێناسەی بۆنەکراوە و هەروەها دەستەبەری ئەوەش ناکات کە ئەو پیاوانەی ژن و کچەکانیان دەکوژن ڕووبەڕووی سزای گونجاو ببنەوە.

پرۆژە یاساکە لە حاڵەتی توندوتیژی خێزانیدا، ئاشتەوایی نێوان کەسەکانی خستووەتە پێش لێپرسینەوە و سزادانی تاوانبارەکان.

تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری بۆ کچان وەک ساڵانی پێشوو لە یاسای ئێراندا، تەمەنی ١٣ ساڵ دیاریکراوە و تەنانەت باوکان دەتوانن مۆڵەتی دادوەری بۆ هاوسەرگیری کچەکانیان لە تەمەنێکی بچووکتریشدا وەرگرن. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە نێوان مانگی٣ی ساڵی ٢٠٢٠ بۆ مانگی٣ی ساڵی ٢٠٢١دا، هاوسەرگیریی ٣١ هەزار و ٣٧٩ کچی تەمەن نێوان ١٠ بۆ ١٤ ساڵ تۆمارکراون.

ڕەوشی کۆمەڵگەی LGBTI(هاوڕەگەزخواز، دووڕەگەزخواز، ترانسجێندەر، هەمەڕەگەزخواز و نێوانەڕەگەز):

کوژرانی عەلیڕەزا فازێڵی مونفەرەد کە خۆی وەک پیاوێکی هاوڕەگەزخواز پێناسەکردبوو، لە مانگی٥ی ساڵی ڕابردوودا، ئەوە نیشاندەدات کە چۆن تاوانبارکردنی هاوڕەگەزخوازان و کەمایەتییە ڕەگەزییەکان لە ڕێگای سەپاندنی سزاکانی لە سێدارەدان و ئەشکەنجەدانیان ڕێگەخۆشکەرە بۆ توندوتیژی کۆمەڵگە و خێزانەکان بەرامبەر بەو کەمایەتییانە.

دەرمان و چارەسەرییەکان کە لەلایەن حکوومەتەوە پاڵپشتی دەکرێن بۆنەهێشتنی هاوڕەگەزخوازی و ئەو ڕەفتارانەی لەگەڵ نەریتە باوەکانی کۆمەڵگەدا ناگونجێن. ئەشکەنجە و چارەسەرێکی خراپە کە هێشتا وەک خۆی لە ئێران باوە و بەکاردەهێنرێن، تەنانەت دژی منداڵانیش.

ئەو کەسانەی کە جێندەری خۆیان لە دوانەی نێر و مێدا نابینیەوە، بەردەوام ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە لەڕووی یاساییەوە، مەگەر ئەوەی ڕەگەزی خۆیان بگۆڕن کە ئەویش پێویستی بە نەشتەرگەری گۆڕینی ڕەگەزە.

سیستەمی سەربازی ئێران بەردەوامە لە پێناسەکردنی هاوڕەگەزخوازی وەک لادان لە نەریت و کۆمەڵگە.

سیستمی سەربازی کۆماری ئێسلامی ئێران لە ناو کارتی سەربازی کەمایەتییە ڕەگەزی و جێندەرییەکان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاراستەی سێکسی یان ناسنامەی ڕەگەزییان بەبێ ڕەزامەندی خۆیان ئاشکرا دەکات و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو کەسانە ڕووبەڕووی مەترسی و توندوتیژی ببنەوە.

ڕەوشی ئەندامانی پێکهاتە نەژادی و کەمایەتییە نەتەوەییەکان:

کەمینە ئیتنیکیەکان، لەوانە عەرەبی ئەهوازی و تورکەکانی ئازەربایجانی و بەلووچ و کورد و تورکمانەکان ڕووبەڕووی جیاوازی بوونەتەوە و زۆرجار لە پەروەردە و دامەزراندن و پۆستە سیاسییەکان بێبەشکراون. سەرەڕای داواکارییە بەردەوامەکان بۆ هەمەچەشنی زمانەوانی، زمانی فارسی تەنیا زمانی پەروەردەی نێو خوێندنگاکانە لە پۆلی سەرەتاییەوە تا پۆلی ناوەندی.

کەمایەتییە ئیتنیکیەکان زۆرتر لە زۆرینەی خەڵکی ئێران بە تۆمەتە گوماناوییەکان ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە.

دەسەڵاتداران ژمارەیەک لە چالاکوانانی کەمایەتیە نەتەوەییەکانی بە تۆمەتی "موحارەبە" واتە دژایەتی خودا تاوانبارکردوون و بەنهێنی و بە بێ ئاگادارکردنەوەی خێزانی قوربانییەکان، لەسێدارەی داون و شوێنی ناشتنی قوربانیەکانیشی بە خێزانەکانیان ڕانەگەیاندوە، لەوانەش لەسێدارەدانی چوار پیاوی عەرەبی ئەهواز لەمانگی ٣ و هەروەها لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی لە مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردوودا.

دەسەڵاتداران بەردەوامن لە کوشتنی کۆڵبەرانی کورد و رەتکردنەوەی بەرپرسیارکردنی ئەو کەسانەی بە شێوەی نایاسایی کۆڵبەران کورد و بەلووچ دەکوژن.

زیاتر لە ٢٠٠ هاوڵاتی کوردی ئێران ، لەوانە چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی لە میانەی دوو شەپۆلی دەستگیرکردنێکی هەڕەمەکیدا لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٠ بۆ مانگی ٧ و ٨ی ساڵی ٢٠٢١ دەستبەسەرکراون. زۆرینەی دەستبەسەرکراوەکان دوای چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک بێسەروشوێنکردنیان یان ئازادکراون یان ڕووبەڕووی سزای زۆرتری زیندانیکردن بوونەتەوە.

ڕەوشی ئەندامانی پێکهاتە ئاینییەکان:

کەمایەتییە ئاینییەکان، لەوانە بەهاییەکان، مەسیحییەکان، جووەکان، دەروێشەکانی گۆنابادی، یارسانەکان و موسڵمانی سوننەوە چ لە بواری یاسا و چ لە ڕووی پراکتیکەوە ڕووبەڕووی جیاکاری و جیاوازی بوونەتەوە، لەوانەش لە بواری خوێندن و دامەزراندنیان و وەرگرتنی پۆستی سیاسی لە ناو حکومەتدا بێبەش کراون.

ئەو کەسانەی کە لە دایک و باوکێکی موسڵمان لەدایک بوون، ئەگەر بیانەوێت ئایینی خۆیان بگۆڕن یان لە دینی خۆیان دەربچن، ئەوا لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بە تاوانی دەرچوون لە دین ڕووبەرووی مەترسی دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی، ئەشکەنجەدان یان سزای لە سێدارەدان دەبنەوە.

XS
SM
MD
LG