Accessibility links

هەندێک تووتی هەشتا ساڵ دەژین، زانایان لەهۆکاری تەمەندرێژی ئەو باڵندەیە دەکۆڵنەوە


تووتی جگە لە ڕەنگاوڕەنگی و زیرەکیەکەی بەوە دەناسرێتەوە کە تەمەنی زۆر درێژترە لە باڵندەکانی تری کە هەمان قەبارەی ئەویان هەیە.

هۆکاری ئەو تەمەندرێژیە دەشێت پەیوەندی بە گەورەیی قەبارەی مێشکی باڵندەکەوە هەبێت، ئەمە بە گوێرەی توێژینەوەیەک لەلایەن پەیمانگای ماکس پلانک بۆ هەڵسوکەوتی باڵندە لە ئەڵمانیا.

توێژینەوەکە لەسەر 217 جۆر تووتی کراوە و دەڵێت جۆرەکانی وەکو رەنگ سوری ماسکاو و سنگ زەردی کوکەتوو بۆ25 تا 30 ساڵ دەژین.

لەمبارەوە، سایمۆن سمیڵ کە سەرپەرشتی توێژینەوەکەی کردووە دەڵێت، "سی ساڵ تەمەن زۆر دەگمەنە بۆ باڵندەیەک لەو قەبارەیە. هەندێک لە تووتیەکان تا سەرو هەشتا ساڵ دەژین کە تەمەنێکی تاڕادەیەک درێژە تەنانەت بۆ مرۆڤ. ئەو ئەنجامانە جێگەی تێڕامانن بەتایبەت ئەگەر ئەوە لەبەرچاوبگرین کە مرۆڤێکی نێرینە کێشی سەد ئەوەندە زیاترە لە تووتی."

لێکۆڵینەوەکە، بە پشتبەستن بە داتای زیاتر لە130 هەزار تووتی کە لە نزیکی هەزار باخچەی ئاژەڵان کۆکراوەتەوە، دەریخستووە کە گەورەیی قەبارەی مێشک و توانای زیرەکی یارمەتی ئەو باڵندەی داوە بۆ ئەوەی بتوانێت ڕووبەڕووی ئاستەنگە سروشتیەکان ببێتەوە.

سایمۆن سمیڵ ڕایگەیاند، "ئەم ئەنجامە پشتگیری ئەو بۆچونە دەکات کە بەگشتی مێشکی قەبارە گەورە یارمەتی چەشنی بوونەوەران دەدات بۆ ئەوەی زیاتر لەگەڵ دەوروبەر بگونجێن و درێژتر بژین. بۆ نمونە، گەر خواردنی دڵخوازی خۆیان نەمێنێت توانای ئەوەیان هەیە کە فێرببن خۆراکێکی نوێ بدۆزنەوە بۆ بەردەوامبوون."

گروپی توێژینەوەکە لە داهاتوودا دەیەوێت سەرنج بخاتە سەر ئەگەری پەیوەندی تەمەندرێژی تووتی بە هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی ئەو باڵندەیە و توانای فێربوونیان لە یەکتر.

سایمۆن سمیڵ لەمبارەوە ڕایگەیاند، "ئەو شتەی کە وادەکات ئێمەی مرۆڤ تایبەت بین بریتییە لەو توانست و شارەزاییانەی لە پەیوەندی کۆمەڵایەتیەوە فێریان دەبین. زۆر بەپەرۆشین بۆ ئەوەی بزانن ئاخۆ تووتی تەمەندرێژ بە قۆناغی 'منداڵی' تێپەڕدەبن بۆ ئەوەی فێری هەموو شتێک ببن وەکو دۆزینەوە و شکاندی گوێز یان خۆلادان لە توڕەکردنی نێرینەی باڵادەست لە نێوانیان. لە کۆتاییدا دەمانەوێت تێبگەین لەو پاڵنەرانەی پەرەسەندن کە چەشنی بوونەوەرانێک درووست دەکەن کە مێژووی ژیانیان نزیکە لە باوانی ئێمە."

سەرچاوە: سایتی فیزیکس

XS
SM
MD
LG