Accessibility links

نێردراوی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران دڵنیا نییە دانوستاندنەکانی ڕێککەوتنی ناوکی بە ئەنجام بگات


ڕۆبێرت ماڵی نێردراوی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران لە دانیشتنی دۆحەدا باسی لە هەڵوێستی حکومەتی ئەمەریکا کرد سەبارەت بە داواکارییەکانی کۆماری ئیسلامی، لەوانە دەرهێنانی ناوی سوپای پاسدارانی ئێران لە لیستی گروپە تیرۆریستییەکاندا، و هەروەها مسۆگەرکردنی مانەوەی ئەمەریکا لە رێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 لە داهاتوودا.

ڕۆبێرت ماڵی لە وەڵامی پرسیارێکی سی ئێن ئێن سەبارەت بە بەئەنجام گەیشتنی ڕێککەوتنەکە، گوتی ئێران و ئەمەریکا زۆر نزیک بوونەتەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنە ناوکییەکە بەڵام هێشتا بوژاندنەوەی ڕێککەوتنەکە نەگەیشتوەتە ئەنجام، و گوتیشی من دڵنیا نیم لەوەی لە ئێستادا نزیک بوبێتینەوە لە ڕێکەوتنەکە.

ماڵی گوتی "لە هەر دانوستانێکدا، کاتێک کێشەکان بۆ ماوەیەکی زۆر بە کراوەیی دەمێننەوە، شتێکت پێ دەڵێت کە پرکردنی ئەو بۆشاییانە چەندە قورسە".

کەمال خەرازی پێش لێدوانەکانی ڕۆبێرت مالی سەبارەت بە ڕێککەوتنەکە ڕایگەیاندبوو کە بەوزوانە ڕێککەوتنەکەی نیوان ئەمەریکا و ئێران دەگاتە ئەنجام.

ڕۆبێرت ماڵی ڕۆژی یەکشەممە سەبارەت بەداخوازی ئێران بۆ سڕینەوەی سوپای پاسداران لەلیستی تیرۆری ئەمەریکادا گوتی ئەو گروپە ئەگەر تەنانەت لە ڕیزبەندی تیرۆریشدا بێتە دەرێ، وەک خۆی لە ژێر سزاکاندا دەمێنێتەوە. ئەو جەختیشی کردەوە کە بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن هێشتا هیچ بڕیارێکی سەبارەت بە مانەوە یان نەمانەوەی سوپای پاسداران لە ڕێزبەندی تیرۆردا نەداوە.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران سڕینەوەی سوپای پاسدارانیان لە لیستی تیرۆردا وەک مەرجێک بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران ڕاگەیاندوە.

هەر لەو دانیشتنەدا کەمال خەرازی، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئێران کە ئێستا ڕاوێژکارێکی باڵای ئایەتوڵا خامنەیییە گوتی بۆ ئەوەی ئێران بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنە ناوکییەکە، پێویستە سوپای پاسداران لە لیستی گروپە تیرۆریستییەکاندا بسڕێتەوە.

ڕۆبێرت ماڵی هەروەها لەبارەی داواکاری کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە دڵنیابوون لەوەی کە بەڕێوبەرایەتی داهاتووی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنەکەدا دەمێنێتەوە، گوتی ئێمە ناتوانین گەرەنتی ئەوە بکەین کە بەڕێوبەرایەتی داهاتووی ئەمەریکا پابەند بێت بە ڕێککەوتنەکەوە، و گوتی ئەمە بەشێکە لە سروشتی سیستەمی وڵاتەکەمان.

ئەو گوتیشی باشترین گەرەنتی ئەوەیە کە ئێران بە زووترین کات بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنەکە و جێبەجێی بکات و پرسەکانی دیکە تاوتوێ بکات و بەو شێوەیەش رێککەوتنەکە جێگیرتر دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی پانێڵەکەدا نوێنەری ئەمەریکا بۆ ئێران ڕایگەیاند کە بە هۆی شەڕی ئۆکرانیاوە، هیچ گۆڕانکارییەک لە ڕوانگەی کۆشکی سپیەوە سەبارەت بە ڕێککەوتنەکە نەهاتوەتە ئاراوە و بەڕێوبەرایەتی بایدن ئامادەیە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێراندا.

ڕۆبێرت ماڵی سەبارەت بە ئازادکردنی بارمتەکانی ئەمەریکا جەختی کردوە کە دانوستانەکان بەردەوامن و گوتیشی ئێمە لە ڕێگەی حکومەتی بەریتانیاوە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا لەو بارەیەوە لە دانوستانداین.

ئێران و ئەمەریکا لەوەتەی دەستبەکارکردنی جۆو بایدنەوە، دانوستانی ناڕاستەوخۆیان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 دەستپێکردوە و تا ئێستا نەگەیشتونەتە ئەنجام.

ئێران داوای هەڵگرتنی هەموو ئەو سزایانە دەکات کە لە ژێر دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپدا بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێندراوە، و ئەمەریکاش لە وەڵامدا دەڵێت گەر ئێران بگەڕێتەوە بۆ هەموو پابەندییەکانی لە ڕێککەوتنەکەدا، ئەوا هەموو سزاکانی سەر ئەو وڵاتە لادەبات.

XS
SM
MD
LG