Accessibility links

ئەمەریکا و هاوپەیمانان سزای نوێ دژ بە ڕووسیا ڕادەگەیەنن


ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ڕۆژی پێنجشەممە سزای نوێیان سەپاند بەسەر ڕووسیادا کە تیایدا دەیان کۆمپانیای بەرگری ڕووسیایی، سەدان ئەندامی پەرلەمانی ئەو وڵاتە و بەرپرسی گشتی گەورەترین بانکی وڵاتەکە کرانە ئامانج، لە کاتێکدا واشنتن فشارەکانی زیاد دەکات لەسەر مۆسکۆ بەهۆی داگیرکارییەکانی کە لە ئۆکرانیا ئەنجامی دەدات.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕێنمایی لەسەر ماڵپەڕەکەی داناوە کە هۆشداری دەدات مامەڵەکانی پەیوەست بە زێڕ لەگەڵ ڕووسیادا ڕەنگە لەلایەن کاربەدەستانی ئەمەریکاوە سزایان بخرێتەسەر، ئەمە هەنگاوەش وا دەکات ڕووسیا نەتوانێت خۆی لە سزاکانی ئێستا لادات.

ئەمەش لە کاتێکدایە سەرکردەکانی ناتۆ ڕۆژی پێنجشەممە لە برۆکسل کۆبونەوە بۆ تاوتوێکردنی وەڵامە کورت و درێژخایەنەکانیان بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا و هەروەها گوێبیستی داواکارییەکانی ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەبن بۆ یارمەتی زۆرتری وڵاتەکەی.

پێش دانیشتنی ڕێبەرانی ناتۆ، زێلێنسکی لە ڕێگای پەیامێکی ڤیدیۆییەوە بە زمانی ئینگلیزی داوای لە ئەندامانی ناتۆ کرد بۆ پشتگیری "کاریگەر و بێ سنوور" ی خۆیان بۆ ئۆکرانیا، لەوانەش ناردنی چەکی زۆرتر بۆ هێزەکانی ئۆکرانیا .

زێلێنسکی هەروەها داوای لە تەواوی خەڵکی جیهان کرد کە خۆپیشاندانی جەماوەری دژی داگیرکاریی ڕووسیا ئەنجام بدەن.

سەرۆکی ئۆکرانیا گوتی "بە پیشاندانی هێما ئۆکرانیەکان بۆ پشتیوانی لە ئۆکرانیا، بۆ پشتیوانیکردن لە ئازادی، بۆ پشتیوانیکردن لە ژیان بڕوەنە مەیدان و سەر شەقامەکانتان و دەنگتان بەرز بکەنەوە بۆ پشتیوانیکردنمان."

جگە لەگفتوگۆکانی ناتۆ، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ ڕێبەرانی G-7 و ئەنجومەنی ئەوروپا کۆدەبێتەوە.

جەیک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا گوتی ئامانجی گشتی کۆبوونەوەکان "دڵنیابوون لە بەردەوامی ئەو یەکگرتنەوەیە لە مانگی ڕابردووەوە دژی داگیرکاری ڕووسیا دەستی پێکردوە."

سولیڤان گوتی ئەمەش ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە پابەند بوون لە دابینکردنی کەلوپەلی سەربازی بۆ ئۆکرانیا و سەپاندنی سزاکانی ئێستا لە دژی ڕووسیا و گەڕان بەدوای ڕێگاکانی زیادکردنی ئەو یارمەتیانە و هەروەها یارمەتییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی ئۆکرانیا کە بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتووە.

بڕیارە بایدن خولێکی تری نوێی سزاکان دژ بە کەسایەتییە سیاسییەکانی ڕووسیا و بازەرگانە دەوڵەمەندەکانی و قەوارەکانی دیکەی ئەو وڵاتە ڕابگەیەنێت.

بەریتانیا ڕۆژی پێنجشەممە گوتی پاکێجی نوێی سزاکان بریتین لە سڕکردنی سەرمایەکانی گازپرۆم بانک کە کەناڵێکی سەرەکیە بۆ پارەدانی نەوت و گاز و هەروەها سڕکردنی دارایی بانکی ئەلفا کە خاوەن قەرزی تایبەتی سەرەکیە لە ڕووسیا و هەروەها ئیڤگنی شڤیدلێر بازەرگانی نەوت، جێرمێن گرەڤ سەرۆکی کۆمپانیای ئەسبێربانک و پۆلینا کۆڤالێڤا، زڕ کچی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەنێو ئەو کەسانەدان کە سزاکان دەیانگرێتەوە.

ستۆلتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ گوتی"ئێمە سوورین لەسەر بەردەوامبوون لە سەپاندنی سزاکان بەسەر ڕووسیادا بۆ ئەوەی کۆتایی بەم جەنگە دڕندانەیە بهێنین".

ئەو پێشتر پێنجشەممە بە پەیامنێرانی ڕاگەیاندبوو کە "ناتۆ پشتگیرییەکی بێوێنە لە ئۆکرانیا دەکات و یارمەتیان دەدات بۆ بەرگریکردن لە خۆیان."

سکرتێری گشتی ناتۆ هەوەها سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی هۆشداریدا و چاوەڕێش دەکرێت ڕێبەرانی ناتۆ کەرەستەی پێویست بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا بۆ پاراستنیان لە دژی هەڕەشەی کیمیایی و بایۆلۆجی و تیشکی و ناوکی دابین بکەن.

ستۆلتنبێرگ گوتی "هەر جۆرە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بەشێوەیەکی بنەڕەتی سروشتی ململانێکە دەگۆڕێت" و گوتیشی "ئەمە پێشێلکارییەکی زەقی یاسای نێودەوڵەتی دەبێت و ئەنجامی بەربڵاو و توندی لێدەکەوێتەوە."

ئەنتۆنی بلیکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند هێزەکانی ڕووسیا تاوانی جەنگیان لەئۆکراینا ئەنجامداوەوە و گوتیشی ئەمەریکا لە هەوڵدایە بۆ لێپرسینەوەی ڕووسیا لەو بارەیەوە.

جێی ئەماژەیە کە ڕووسیا بەردەوام تۆمەتی تاوانی جەنگی ڕەتکردۆتەوە.

کاربەدەستێکی ناتۆ کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕۆژی چوارشەممە بەڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە لەنێوان 7000 تا 15 هەزار سەربازی ڕووسی تاکو ئیستا لەئۆکرانیا کوژراون.

ئەو بەرپرسە گوتی دەتوانم بڵێم هێزەکانی ڕووسیا تاکو ئێستا نەگەیشتون بە هیچ یەک لە ئامانجە ستراتیژییەکانیانی خۆیان و گوتیشی جوولەی هێزەکانی ڕووسیا لە شارەکانی باکووری کیێڤ و خارکیڤ و چەرنیهیڤ ڕاوەستاوە.

بەڵام وەزارەتی بەرگری ڕووسیا پێچەوانەی ئەو لێدوانانە، شتێکی تری جیاواز نمایش دەکات و ستایشی هێزەکانی دەکات کاتێک لە ناوچەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا پێشڕەوییان کردوە و هەروەها بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە لەناوبردنی عەمبار و بنکەی هێزەکانی ئۆکرانیا سەرکەوتووە بووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لەوەتای داگیرکاری ڕووسیاوە، زیاتر لە 3.6 ملیۆن پەنابەر لە ئۆکراینا هەڵهاتوون و 6.5 ملیۆن کەسی دیکەش لە ناو وڵاتەکەدا لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون.

XS
SM
MD
LG