Accessibility links

ئەرمینیا هۆشداری دەدات لە "کارەساتی مرۆیی" لە کاراباخ


ئەرمینیا ڕۆژی پێنجشەممە هۆشداریدا سەبارەت بە "کارەساتێکی مرۆیی" لە ناگۆرنۆ-کاراباخ دوای بڕینی دابینکردنی گاز بۆ ناوچە جێناکۆکەکان لە پاش چاکردنەوەی بۆرییەکانی گاز لەو ناوچەیە.

ئەرمینیا و ئازەربایجان وەک دوو ڕکابەری دژبەر، ئەو ناوچە شاخاویە هەر یەکەیان بە ناوچەی خۆیانی دەزانن، لە کۆتایی ساڵی 2020دا شەڕ لەو ناوچانە هەڵگیرسا و یەریڤان دوای ئاگربەستێک بە نێوەندگیری ڕووسیا ناوچەیەکی بەرفراوانی لەدەستدا.

بەڵام لە نێوان 25 هەزار تا 120 هەزار ئەرمەنی هێشتا لە کاراباخ دەژین؛ ڕۆژی شەممە پاش ڕۆژێک دوای چاککردنەوەی بۆرییەکی گاز کە لە ئەرمنیاوە دێت گازی سروشتی لەو ناوچەیە بڕا.

یەریڤان ئازەربایجانی تۆمەتبارکرد بەوەی کە گازی سروشتی لە دانیشتوانی ئەرمەن نەژادی کاراباخی بڕیوە، ئەو تۆمەتە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجانەوە بە "بێ بنەما" ڕەتکرایەوە.

بەڵام نیکۆل پەشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەرمەنستان ڕۆژی پێنجشەممە هۆشداری دا کە دانیشتوانی هەرێمەکە لەو کەش و هەوا زۆر سارددا " لە لێواری کارەساتێکی مرۆییدان."

لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتدا ڕایگەیاند "ئەمە بە ڕوونی سیاسەتی ئازەربایجان بەرامبەر بە ئەرمەنیەکانی کاراباخ دەردەخات."

لوسین ئاڤاناسیان وتەبێژی دەسەڵاتدارانی جودایخوازی کاراباخ بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند کە دانیشتوانی ناوچەکە پشتیان بە کارەبا و سوتاندنی دار بەستووە بۆ خۆگەرمکردنەوە و بەو هۆیەوە "باخچەی ساوایان و خوێندنگاکان داخران."

گوتیشی "ئازەربایجان خەڵکەکەمان تیرۆر دەکات بۆ ئەوەی خەڵکەکە کاراباخ بەجێبهێڵێت" ئەمە جێی ڕەزامەندی نیە و نامرۆڤانەیە، دەبێت جیهان وەڵام بداتەوە."

یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند پێویستیەکی بەپەلە هەیە بۆ دڵنیابوون لە دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی دابینکردنی گاز بۆ زیانلێکەوتووانی خەڵکی ئەو ناوچەیە.

ئەو شەڕەی کە بۆ ماوەی شەش هەفتە تا مانگی 11ی ساڵی 2020 بەردەوام بوو، بەوهۆیەوە زیاتر لە 6500 کەس کوژران.

کاتێک یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی 1991دا هەرەسی هێنا جوداخوازانی ئەرمەنی نەژاد لە ناگۆرنۆ-کاراباخ لە ئازەربایجان جیابوونەوە و بەهۆی بەردەوامی ئەو ململانێ و شەڕانەوە نزیکەی 30 هەزار کەس کوژران و خەڵکێکی زۆر ئاوارەبوون.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG