Accessibility links

ئێران و سوریا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان لە سەروبەندی قەیرانی ئۆکرانیا کۆدەبنەوە


حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی چوارشەممە گەیشتە دیمەشق و گوتی کارە لە پێشینەکانی ئێران پتەوکردنی پەیوەندییە ستراتیژییەکانە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی دیمەنی جیهان، دوای هێرشەکانی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا.

ئەمیر عەبدوڵاهیان لە کاتی گەیشتنی بە دیمەشق بە پەیامنێرانی گوت" وڵاتەکەی لەگەڵ سوریا لە یەک سەنگەردا دەوەستێتەوە و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ دیمەشق لە ئاستێکی باشدایە.

هەروەها بە ڕۆژنامەنووسانی گوت "ئێمە باس لە پەیوەندییە ستراتیژییەکان دەکەین و ئەمڕۆ جگە لە هەموو ڕەهەندەکانی تری پەیوەندییەکانمان، کاری لە پێشینەمان کێشەی پەیوەندییە ئابوورییەکانە."

وەزیری دەرەوەی سوریا فەیسەڵ میقداد گوتی قەیرانی ئۆکرانیا و کاردانەوەکانی دەبێتە تەوەری گفتوگۆکانی نێوان هەردوو هاوپەیمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کاتێکدا هەردوولایان لە ژێر سزاکانی ڕۆژئاوادان.

میقداد گوتیشی"ئێمە دوای پەرەسەندنە گەورەکانی ئۆپراسیۆنی ڕووسیا لە ئۆکرانیا قسە دەکەین و هەڵوێستی هاوبەشی خۆمان بەرامبەر بەو پێشکەوتنانە تاوتوێ دەکەین."

ئێران پێگەی سەربازیی خۆی لە سوریا جێگیر کردووە، کە بنکەکان لەلایەن میلیشیا موسڵمانە شیعەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، زۆرجاریش دەکرێنە ئامانجی هێرشەکانی ئیسرائیل، کە دەیەوێت کاریگەری تاران لاواز بکەن.

لەم ساڵانەی دواییدا کاریگەری ئابووری تاران لەو وڵاتانەی شەڕیان تێدایە گەشەی کردووە و گرێبەستی بازرگانی بە قازانجی بەدەست هێناوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG