Accessibility links

فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی سوریا دەڵێن ئامادەن لە بەرەی ڕووسیا شەڕ لە ئۆکرانیا بکەن


سەربازانی سوریا و ڕووسیا لە خاڵێکی پشکنینی لە نزیک دیمەشقی پایتەختی سوریا
سەربازانی سوریا و ڕووسیا لە خاڵێکی پشکنینی لە نزیک دیمەشقی پایتەختی سوریا

دوو لە فەرماندەی هێزە سەربازییەکانی سوریا بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند، هەندێک لە چەکدارەکانیان ئامادەن بچنە ئۆکراینا بۆ شەڕکردن و پشتیوانی لە ڕووسیای هاوپەیمانیان. ئەوان گوتیان بەڵام تا ئێستا ڕێنمایی و فەرمانێکیان لەو بارەیەوە بۆ ڕۆیشتن پێنەگەیشتوە.

نەبیل عەبدوڵلە ، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی بەرگری نیشتمانی (NDF) لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕۆیتەرز لە شاری سوقەیلەبیە گوتی ئامادەیە شارەزاییەکانی خۆی کە لە کاتی شەڕەکانی ناو شاری سوریادا فێری بووە، بۆ یارمەتیدانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بەکاریان بهێنێت.

عەبدوڵلە لە 14ی مانگی 3 دا، پاش ئەوەی ڤلادیمیر پوتن چرای سەوزی بۆ 16 هەزار چەکداری سەربازی خۆبەخش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ شەڕکردن لە ئۆکرانیا هەڵکرد، گوتی "کاتێک ڕێنمایی و فەرمانەکانمان لە سەرکردایەتی سوریا و ڕووسیا وەرگرت، ئەوا ئامادەیەن بۆ ئەوم شەڕە ڕەوایە."

کرملین داواکارییەکانی ڕۆیتەرزی بۆ لێدوان لەسەر ئەوەی کە ئایا ڕووسیا بەنیازە ڕێنمایی و فەرمان بۆ هێزە چەکدارەکانی بەرگری نیشتمانی سوریا دەربکات بۆ بڵاوەپێکردنی هێزەکانیان بەرەو ئۆکرانیا یان، ئایا تا ئێستا هیچ چەکدارێکی ئەو هێزە نێردراوە یان نا، ڕەتیکردەوە و وەڵامی پرسیارەکانی نەدایەوە.

NDF میلیشیاکانی لایەنگری ئەسەدن کە لە سەرەتای جەنگی سوریادا دروستبوون و لە شەڕی ئەو ولاتەدا بە پاڵپشتی هێزە ئاسمانییەکانی ڕووسیا توانیان هەندێ لە ناوچەکانی سوریا بگرنەوە.

فەرماندەیەکی تری چەکدارە سەربازییەکانی سوریا بە ناوی سایمۆن وەکیڵ لە نزیک شارۆچکەی محەردەی سوریا بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند" زۆرێک لە خەڵکەکەی ئێمە دەیانەوێت خۆبەخشانە ناویان بنووسن و بڕوەن بۆ یارمەتیدانی رووسیای هاوپەیمانمان، بەڵام تا ئێستا چاوەڕێێن و هیچ ڕێنماییەکمان لە سەرکردایەتیەوە وەرنەگرتووە".

وەکێڵ کە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆی بە وێنەی رووسیا و سەربازانی ئەسەدە ڕازاندوەتەوە، بە ڕۆیتەرزی گوت " ئێمە هێزی هاوکارین کە شانبەشانی سوپا و لەگەڵ هاوپەیمانە ڕووسیەکانماندا شەڕمان کرد، و ئەو تیرۆریستانەمان تێکشکاندن کە شەڕیان لە سوریا بەرپا کردبوو."

لە 11ی مانگی 3دا پوتن لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا ڕاگەیاند کە ئەگەر خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ویستیان بە خواستی خۆیان بێنە ئۆکرانیا و نەک بۆ پارە، ئەوا ڕووسیا دەبێت یارمەتیان بدات بۆ ئەوەی بگەنە ناوچەکانی شەڕ."

قسەکانی پوتن لەو بارەیەوە دوای ئەوە هات کە ئۆکرانیا لە 3ی مانگی 3دا ڕایگەیاند کە زیاتر لە 16 هەزار بیانی بە شێوەی خۆبەخشانە لە بەرەی ئەو وڵاتەدا دژ بە ڕووسیا شەڕ دەکەن.

لە واشنتن ژەنەڕال فرانک کێنیث مەککەنزی ، فەرماندەی فەرماندەیەتی ناوەندی لەشکری ئەمەریکا کە سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات ، لە 15ی مانگی 3 لە دانیشتنێکی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکادا گوتی پێدەچێت ژمارەی ئەو سورییانەی دەیانەێت بچنە ئۆکرانیا بۆ شەڕ، زۆر کەمن.

ئەو گوتی "ئێمە پێمان وایە کە لە دەرەوەی سوریا لەوانەیە هەندێ خەڵکی زۆر کەم، گروپێکی زۆر بچووک لە خەڵک هەوڵ دەدەن بچنە ئۆکرانیا."

دوو بەرپرسی باڵای ناوچەکە کە پەیوەندی نزیکیان لەگەڵ حکومەتی سوریادا هەیە و سێ سەرچاوەی نزیک لەسوپای سوریا بە رۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە کە ڕووسیا بەدوای ئەوەدا بووە ئەو چەکدارانەی سوریا کە ئەزموونی شەڕیان هەبووە، بیانباتە ئۆکرانیا بۆ شەڕ.

بەڕێوەبەری هەواڵگریی وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا لەوەڵامی پرسیارەکانی ڕۆیتەرزدا گوتی "150 بەکرێگیراو لەبنکەی حۆمەیمیمی ڕووسیا لەسوریاوە ڕەوانەی ڕووسیا کراون بۆ بەشداریکردن لەکردەوە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە دژ بە ئۆکرانیا."

لە ڤیدیۆیەکدا کە لە 11ی مانگی 3 بڵاوکرایەوە، سەرۆک ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی گوتی ئۆکرانیا "زانیاری هەیە کە هێزەکانی ڕووسیا لە وڵاتانی جیاوازەوە بەکرێگیراو دەهێنن" و هۆشداریشی دا کە "هەرکەسێک هەوڵ بدات لەگەڵ داگیرکەران لە خاکی ئۆکرانیا شەڕ بکات، ئەوا خراپترین بڕیاری ژیانی داوە."

بەرپرسانی باڵای ناوچەکە گوتیان موچەی پێشنیارکراو بۆ هەر سەربازێک، 1000 دۆلار بووە لە مانگێکدا، کە ئەمەش نزیکەی 30 جار زیاترە لە پارەی سەربازێکی سوریا و گوتیشیان جەنگاوەرە بەئەزموونەکان دەتوانن تا 2000 دۆلاریش وەربگرن.

لە کۆبوونەوەیەکی 11ی مانگی 3ی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا، سێرگێی شۆیگو وەزیری بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند، خۆبەخشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادەن شانبەشانی هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچەی دۆنباس لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا شەڕ بکەن.

XS
SM
MD
LG