Accessibility links

ڕەوەند مەلا مەحمود: پارتی فێڵی لە کورد و یەکێتیش کرد


ڕەوەند مەلا مەحمود
ڕەوەند مەلا مەحمود

بەرپرسێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کاردانەوەی دەربڕی بەرامبەر بە لێدوان ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکا کە تیایدا ڕەخنەی توندی لە یەکێتی گرتبوو.

بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پارتی بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، کەرکوکی بەداگیرکردن دا و بانگەشەی دروستکردنی دەوڵەتی دەکرد "کەچی ئێستا عەڕابەکانی ڕیفراندۆم لە بەغدا شەڕی پۆست دەکەن".

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕەوەند مەلا مەحمود ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی، دەڵێت ”کەمال کەرکوکی یەکێتی تۆمەتبار کرد گوایە بە سەر شۆڕی گەڕاوەتەوە کەرکوک، لە کاتێکدا کەمال کەرکوکی و ئاغاکانی، بەفیتی داگیرکەران ملهوڕییان کرد و کەرکوکیان توشی کارەساتی گەورەکرد."

بەرپرسەکەی یەکێتی، پارتی تۆمەتبارکرد بەوەی لە ڕێگەی هێنانە گۆڕێی ڕیفراندۆم، عەیبەی داخستنی پەرلەمانی کوردستان و هەبوونی کێشەیان لەگەڵ حیزبەکان و فرۆشتنی نەوتی "دزی" یان داپۆشیووە و کوردیان دووچاری کارەسات کردووە، وتی "ئەو ڕۆژەی سوپای عێراق بەرەو کەرکوک جوڵا، کەمال کەرکوکی لەنێو تەپ و تۆزدا خۆی ونکردبوو، کەس نەیزانی لە کوێوە ڕایکرد، نەک خۆی، حیزبەکەشی بەشی هەڵاتن بوون."

ڕەوەند مەلا مەحمود، پێیوایە پارتی بەناوی دروستکردنی دەوڵەتەوە، کەرکوکی بەداگیرکردن داوە، کەچی ئێستا بانگەشەی گەڕانەوە بۆ کەرکوک دەکات، وتی "عەڕابەکانی ڕیفراندۆم دوای ئەوەی بەسەر کەرکوکیان هێنا، ئێستا لەبەغدا وەزیرن و شەڕی وەرگرتنی پۆست دەکەن، خۆیان بۆ ئەوانە دەچەمێننەوە، کەکەرکوکیان داگیرکرد، هەر دوێنێ بوو، کاک مەسعود و کوڕەکەی دەستوەردانیان کردو نەیانهێشت کوردێک بکرێتە سەرۆک زانکۆی کەرکوک."

لە بەرامبەر جەختکردنەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بردنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، پارتی ئیستیحقاقی بردنی کورسی لەکەرکوک نییە، پارتی هەمیشە کێشەی بۆ کەرکوک دروستکردووە و ڕوبعێکی یەکێتی دەنگی لەکەرکوک نەهێناوە، لەکاتێکدا ٢٩ هەزار دەنگی یەکێتی سوتاوە، پارتی دوو کورسی کەرکوکی بردووە، یەکیان بەڕێکەوت بووە، ئەمە ناکاتە ئەوەی زۆرینەی دەنگیان هێناوە، وتی "خۆ ژمارەکان دیارن، پارتی گەر باوەڕی بەکەرکوک هەبایە، واکەمتەرخەم نەدەبوو بەرامبەری، هەر پارتی بوو نەیهێشت پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک دابنرێ، ئەوکاتەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک هەبوو، یەکێتی بەمەرجی دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک بەشداری حکومەتی هەرێمی کرد، بەڵام پارتی فێڵی لە کورد و یەکێتیش کرد."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕەوەند مەلا مەحمود ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی باسیلەوەشکرد، کاتێک مام جەلال سەرۆک کۆماری عێراق بوو، هەموو پێداویستیەکانی کوردی لەبەغدا جێبەجێکردووە، لەکاتێکدا ئێستا حاڵی حکومەتی هەرێم بەجۆرێکە خۆزگەی پێناخوازرێت، دەڵێت”ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی وابووە، سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی پەرلەمانی هەرێم بۆ یەکێتی، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت بۆ پارتی، بەڵام لە ئێستادا بارزانی ڕێککەوتنی لەگەڵ سەدرو حەلبوسی کردووە، کورد و کەرکوکی بەلاوە گرنگ نیە لە کوێی هاوکێشەکاندان، بەڵکو پۆستی لا گرنگترە، ئینجا گەر هەڵبژاردنی حەقیقی بکرێت لە هەرێم، کورسیەکانی پارتی لەپەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکات، بۆیە زۆرینەش نییە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:36 0:00

XS
SM
MD
LG