Accessibility links

ڕزگار حاجی حەمە: وەکو یەکێتی هه‌میشه‌ ده‌رگای وتوێوێژمان كراوه‌یه‌


ڕزگار حەمە، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

ڕزگار حاجی حەمە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە هاوکات ئەندامی شاندی ئەو حیزبەیە بۆ بەغداد دەڵێت” ئێمه‌ دوو هێزی سیاسی كوردستانیین و یه‌ك نه‌ته‌وه‌ین ناكرێت هیچ كاتێك ئێمه‌ بڵێین ده‌رفه‌ت نامێنێت هه‌میشه‌ ده‌رگای دانوستان و گفتوگۆ ده‌بێت كراوه‌ بێت چونكه‌ چاره‌نوسی میلله‌ته‌كه‌مان و چاره‌نوسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ده‌بێت به‌یه‌كه‌وه‌ بێت، دەشڵێت”لەو کۆبونەوانەی شاندەکەی یەکێتی ئەنجامیداون لە90% لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی عێراق به‌ سونه‌ و به‌ شیعه‌وه‌ پشتیوانی كاندیدی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ده‌بن بۆ كاندیدی سه‌رۆك كۆمار، هەروەها سەبارەت بە کۆبونەوەکەی 26/03 بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق، ڕزگار حاجی حەمە دەڵێت: ئه‌گه‌ر پێكهاتن و ڕێكه‌وتنێكی سه‌قامگیر له‌نێوان هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی عێراق نه‌بێت دانیشتنه‌كه‌ به‌وه‌ نه‌گات كه‌ سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵبژێردرێته‌وه‌ و ڕه‌نگه‌ كۆتایی به‌و ماوه‌یه‌ش بێت كه‌ سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵبژێردێت، ئه‌وه‌ عێراق ده‌خاته‌ دۆخێكی خراپەوە. ”

” به‌شێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كانیشمان زیاتر بۆ داكۆكی كردنه‌ له‌مافی ڕه‌وای خه‌ڵكی كوردستان و داخوازییه‌كانیان ”

دەربارەی سەردانەکەی شاندەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ بەغداد لە دوو ڕۆژی ڕابردوو، ڕزگار حاجی حەمە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وتی” ئێمه‌ وه‌كو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ڕابردووش وه‌فده‌كانمان به‌به‌رده‌وامی له‌ به‌غداد بوون، له ‌دوای ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی ئه‌نجام دراوه،‌ ئێستا هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌وڵه‌كانیان چڕكردۆته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌شداریه‌كی كارایان هه‌بێت له ‌حكومه‌تی ئاینده‌دا، یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان وه‌كو یه‌كێك له‌و حیزبه‌ سیاسیانه‌ی عێراق كه‌ له‌ڕابردووش له‌وێ جێگه‌ و پێگه‌ی خۆی هه‌بووه‌ و به‌رنامه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌بووه‌، به‌شێكیش له‌ كۆبوونه‌وه‌كانیشمان زیاتر بۆ داكۆكی كردنه‌ له‌مافی ڕه‌وای خه‌ڵكی كوردستان و داخوازییه‌كانیان ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ناوه‌ندی عێراقه‌، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی تر هه‌میشه‌ هه‌وڵه‌كانمان بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كڕیزی و ته‌بایی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی عێراق بپارێزین و وه‌كو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان نه‌بین به‌ لایه‌نێك\تەرەفێک بۆئه‌وه‌ی كێشه‌و گیروگرفت دروست نەبێت و عێراق به‌ره‌و حاڵه‌تێكی نائارام بڕوات، ئێمه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كانمان بۆ ئه‌وه‌یه‌ لایه‌نه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ ته‌وافق-سازان و هه‌ماهه‌نگی به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ن له‌دامه‌زراندنی حكومه‌تی ئاینده‌ و له‌خزمه‌تكردنی زیاتری خه‌ڵك، له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدانی هه‌موو عێراق كه‌ چه‌ندین پێكهاته‌ی جیاجیای تێدایه‌.”

” پارتی به‌جیا هاوپه‌یمانێتی خۆیان كردوو و ده‌توانم بڵێم ئه‌وان هۆكاری ئه‌وه‌ بوون كه‌ یه‌كڕیزی نێوماڵی كورد تێكبده‌ن”

هەرچەندە پێشتر وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی بە هۆکاری(تێکدانی یەکڕیزی) کورد ناوبرد، بەڵام لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئێستا نێوماڵی شیعه‌ جۆرێك له‌ گفتوگۆی تێدایه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌بینرێت كه‌ له‌پێشدا سونه‌كان و دواتر هه‌موویان نێوماڵیان ڕێكخستۆته‌وه‌ كورده‌كان نه‌بێت، ئێوه‌ وه‌كو لایه‌نێكی سه‌ره‌كی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا كه‌ی ده‌ستده‌كه‌ن به‌ گفتوگۆكان و به‌نیازن ده‌ستبكه‌ن به‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نی تردا بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی نێوماڵی كوردی؟

لە وەڵامدا ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وتی” ئێمه‌ وه‌كو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ڕابردووش له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی تریش چ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ شیعیه‌كان وچ له‌گه‌ڵ سونیه‌كانیش و هه‌روه‌ها له‌ناوخۆشماندا ده‌ستپێشخه‌ربووین بۆئه‌وه‌ی یه‌كڕیزی نێوماڵی كوردیش ڕێكبخرێته‌وه‌ و له‌وانه‌ش ”هه‌ڤاڵی به‌ڕێز سه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان كاك بافڵ” بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ چه‌ندین جار ده‌ستپێشخه‌ری كردووه‌ و سه‌ردانی به‌ڕێز كاك مه‌سعود بارزانی كردووه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كان بۆئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ كورد به‌یه‌كه‌وه‌ ته‌بابن و كورد به‌یه‌كه‌وه‌ یه‌كده‌نگ بێت بۆ به‌شداریكردن له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق بۆئه‌وه‌ی بتوانین داخوازییه‌كانی خه‌ڵك و مادده‌ی 140 وبودجه‌ی كوردستان و شایسته‌كانی پێشمه‌رگه‌ هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ داكۆكیكار بین، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ته‌نانه‌ت له‌و وه‌فدانه‌ی له‌سه‌ره‌تاشدا كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بووین به‌ڵام ئه‌وان به‌جیا هاوپه‌یمانێتی خۆیان كردوو و ده‌توانم بڵێم ئه‌وان هۆكاری ئه‌وه‌ بوون كه‌ یه‌كڕیزی نێوماڵی كورد تێكبده‌ن، وه‌ ئێستاش ئێمه‌ وه‌كو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ ته‌بایی و برایه‌تی و یه‌كڕیزی نێوماڵی كوردین ده‌رگاش كراوه‌یه‌ بۆ هه‌موو گفتوگۆیه‌ك له‌پێناوی خزمه‌تكردنی میله‌ته‌كه‌مان ئێمه‌ له‌كاتێكدا هه‌وڵه‌كانمان بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ یه‌كڕیزی نێوماڵی شیعه‌ و سونه‌ تێك نه‌ده‌ین به‌دڵنیایشه‌وه‌ هه‌وڵه‌كانمان بۆئه‌وه‌ش ده‌بێت یه‌كڕیزی نێوماڵی كورد پته‌وتر بێت و باشتر بێت هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌شداریه‌كی كارامان هه‌بێت له‌پێناو خزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستاندا. ”

” هه‌میشه‌ ده‌رگای دانوستان و گفتوگۆ ده‌بێت كراوه‌ بێت ”

سەبارەت بەوەی ئایا ده‌رفه‌ت ماوه‌ له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان گفتوگۆ بكه‌ن؟
وەڵامەکەی ڕزگار حاجی حەمە بەمجۆرە بوو” ئێمه‌ دوو هێزی سیاسی كوردستانیین و یه‌ك نه‌ته‌وه‌ین ناكرێت هیچ كاتێك ئێمه‌ بڵێین ده‌رفه‌ت نامێنێت هه‌میشه‌ ده‌رگای دانوستان و گفتوگۆ ده‌بێت كراوه‌ بێت چونكه‌ چاره‌نوسی میلله‌ته‌كه‌مان و چاره‌نوسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ده‌بێت به‌یه‌كه‌وه‌ بێت، بارودۆخی عێراق و بارودۆخی دنیا ئێستا گیروگرفت و كێشمه‌ كێشم و گیروگرفتی زۆری تێدایه‌ ناكرێت ده‌رگا دابخرێت و هه‌مووكاتێك گفتوگۆ كراوه‌ ده‌بێت. ”


”لە90% لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی عێراق به‌ سونه‌ و به‌ شیعه‌وه‌ پشتیوانی كاندیدی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ده‌بن بۆ كاندیدی سه‌رۆك كۆمار”

سه‌باره‌ت به‌ پۆستی سه‌رۆك كۆمار ئایا ئێوه‌ سورن له‌سه‌ر كاندیده‌كه‌ی خۆتان و ڕای لایه‌نه‌كان چییه‌؟

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکەتی نیشتمانی کوردستان( ڕزگار حاجی حەمە) وتی” به‌شێكی زۆری لایه‌نه‌سیاسیه‌كانی عێراق له‌ برا شیعیه‌كان و برا سونییه‌كان تائێستاش پاڵپشت و پشتیوانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانن بۆ كاندیدی سه‌رۆك كۆمار كه‌ پشكی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌، پێیانوایه‌ له‌ ڕابردوو ڕۆڵی ئه‌و كاراكته‌رانه‌ی كه‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق بوون به‌تایبه‌تی ڕۆحی شاد جه‌نابی مام جه‌لال كه‌ ئه‌وه‌نده‌ ئیلهامی به‌و پۆسته‌ به‌خشیووه‌ و ئه‌وه‌نده‌ هه‌وڵیداوه‌ ته‌بابی و ڕێكخه‌ری نێوان ماڵی شیعه‌ و ماڵی سونه‌ بێت ئێستاش ده‌توانم بڵێم لە 90% لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی عێراق به‌ سونه‌ و به‌ شیعه‌وه‌ پشتیوانی كاندیدی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ده‌بن، چونكه‌ هه‌میشه‌ پێیانوایه‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان هه‌میشه‌ هه‌وڵه‌كانی به‌یه‌ك مه‌سافه‌-دووری وه‌ستاوه‌ له‌نێوان هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان هه‌رگیز هه‌وڵینه‌داوه‌ كێشه‌و گرفت دروست ببێت. ”

وتیشی” ئێمه‌ گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان كردووه‌، كاندیدی ئێمه‌ (دكتۆر به‌رهه‌م)ه‌، هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه‌ وتویانه‌ ئێمه‌ پاڵپشتی كاندیدی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانین. ”

” ئه‌گه‌ر ڕێككه‌وتن نه‌كرێت ئه‌و حاڵه‌ته‌ واده‌كات ماوه‌یه‌كی زۆر هەڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار دوابكه‌وێته‌وه‌ و ڕه‌نگه‌ ئه‌وكاته‌ به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنێكی تری پێشوه‌خته‌ بڕوات له‌عێراق. ”

وا بڕیارە ڕۆژی 26/03 کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری داهاتووی عێراق ئەنجام بدرێت، سەبارەت بەوەی پێتان وایە پێش ئەو وادەیە پارتی و یەکێتی کۆببنەوە بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدی هاوبەش؟

ڕزگار حاجی حەمە وتی ” 26 ی مانگ دانیشتنی په‌رله‌مان ده‌بێت تائێستا ئێمه‌ چه‌ندین ده‌ستپێشخه‌ریمان كردووه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی حیزبه‌كه‌مانه‌وه‌ به‌ڵام هه‌میشه‌ ئه‌وان خۆیان به‌دوور گرتووه‌ له‌و قۆناغانه‌ی هاتۆته‌ پێشه‌وه‌، من جارێكی تریش ده‌یڵێمه‌وه‌ هه‌میشه‌ ده‌رگای وتوێوێژمان كراوه‌یه‌. ”

دەربارەی ئەوەی پێشبینی ده‌كه‌یت سیناریۆی 2018 دوباره‌ بێته‌وه‌ كه‌ به‌دوو كاندیدی جیاواز بچنه‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدانه‌وه‌؟

لە وەڵامدا ئەندامەکەی شاندی دانوستانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان( ڕزگار حاجی حەمە) وتی ” پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2018 جیایه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی ئه‌مجاره،‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسی سه‌ره‌كی شیعی –سونی-كوردی هاوپه‌یمانێتیه‌كیان پێكهێناوه‌ ئه‌مه‌ وایكردووە سینارێوی 2018 دوباره‌ نه‌بێته‌وه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌گه‌ر پێكهاتن و ڕێكه‌وتنێكی سه‌قامگیر له‌نێوان هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی عێراق نه‌بێت دانیشتنه‌كه‌ به‌وه‌ نه‌گات كه‌ سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵبژێردرێته‌وه‌ و ڕه‌نگه‌ كۆتایی به‌و ماوه‌یه‌ش بێت كه‌ سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵبژێردێت، ئه‌وه‌ عێراق ده‌خاته‌ دۆخێكی خراپه‌وه‌ چونكه‌ ئێستا به‌شی زۆری لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان سێ یه‌كی په‌كخراویان هەیە هه‌ركاتێك بیانه‌وێت ناتوانن ئه‌و دانیشتنه‌ بكرێت ئه‌گه‌ر ڕێككه‌وتن نه‌كرێت ئه‌و حاڵه‌ته‌ واده‌كات ماوه‌یه‌كی زۆر هەڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار دوابكه‌وێته‌وه‌ و ڕه‌نگه‌ ئه‌وكاته‌ به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنێكی تری پێشوه‌خته‌ بڕوات له‌عێراق.”

”پارتی ئه‌وان تائێستا هیچ سه‌رنج و تێبینیه‌ك و هی ڤیتۆیه‌ك، هیچ شتێكیان نه‌ به‌فه‌رمی و نه‌ به‌شێوه‌ی نافه‌رمی ئاراسته‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان نه‌كردووه‌ كه‌ سه‌رنج و تێبینیان له‌سه‌ر كاندیده‌كه‌ی ئێمه‌ هه‌بێت . ”

لە دواین پرسیاری بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، سەبارەت بەوەی وەک ئاماژه‌ت به‌وه‌ كرد كه‌ ”سه‌رۆكی حیزبه‌كه‌تان كاك بافڵ چه‌ندین ده‌ستپێشخه‌ری ئاراسته‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووه‌ بۆ گفتوگۆكردن به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت و ده‌بیسترێت پارتی دیموكراتی كوردستان تێبینیان له‌سه‌ر كاندیده‌كه‌ی ئێوه‌ (د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح) هه‌یه‌ یاخود هه‌ندێك ده‌ڵێن (ڤیتۆ) یان هه‌یه‌ ئایا ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ریانه‌ی كاك بافڵ چی بوون و بۆچی پارتی نایه‌ته‌ پێشه‌وه‌ و چ مه‌رجێكی له‌سه‌ر ئێوه‌ داناوه‌؟

ڕزگار حاجی حەمە وتی”كه‌ ده‌ڵێین ده‌ستپێشخه‌ری چه‌ندین جار سه‌رۆكی حیزبه‌كه‌ی ئێمه‌ كاك بافڵ سه‌ردانی كاك مه‌سعود بارزانی كردووه‌ له‌سه‌ر بارودۆخی كوردستان له‌سه‌ر سه‌رۆك كۆمار له‌سه‌ر حكومه‌تی ئاینده‌ی عێراق هه‌میشه‌ به‌ جه‌نابی وتووه‌ و قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردووه‌ كه‌ ئێمه‌ بۆ هه‌موو ڕێككه‌وتن و گفتوگۆیه‌كی هه‌ڤاڵانه‌ و دۆستانه‌ ئاماده‌ ده‌بین، به‌ڵام ئه‌وان تائێستا هیچ سه‌رنج و تێبینیه‌ك و هی ڤیتۆیه‌ك، هیچ شتێكیان نه‌ به‌فه‌رمی و نه‌ به‌شێوه‌ی نافه‌رمی ئاراسته‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان نه‌كردووه‌ كه‌ سه‌رنج و تێبینیان له‌سه‌ر كاندیده‌كه‌ی ئێمه‌ هه‌بێت . ”

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:48 0:00






XS
SM
MD
LG