Accessibility links

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: لەگەڵ ئێراندا نزیکبووینەتەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەسەر بەرنامە ناوکییەکەی


گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند ئەمەریکا و ئێران نزیکبوونەتەوە لەوەی سەرلەنەوێ ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 زیندووبکەنەوە.

نێد پرایس گوتی ئێمە نزیکین لە شیانی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بەڵام هێشتا پێی نەگەیشتووین. دەشڵێت لەو بڕوایەداین کە شیانی هەیە بابەتەکانی تریش یەکلابکەینەوە.

لەلایەکی ترەوە هەر لە ڕۆژی چوارشەممە وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ڕایگەیاند لە دانوستانەکاندا لەگەڵ ئەمەریکا و زلهیزە جیهانییەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی2015 هێشتا دوو لە کێشەکان بە چارەسەرنەکراویی ماونەتەوە.

ئێران لە ڤیەننا بۆ زیندووکردنەوەی ئەو رێککەوتنە ناوکییە خەریکی گفتوگۆی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ فەڕەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ڕووسیا و چین و بە شێوەی ناراستەوخۆش لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان لە رێگای ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی ئیرناوە گوتی "ئێمە چوار کێشەمان هەبوو کە هێڵە سوورەکانمان، بەڵام دوو لەو کێشانەمان چارەسەر کراون و دووانی تریان بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە، لەوانە گەرەنتی ئابووری."

زیاتر لە دە مانگ لە دانوستانەکان، لایەنەکانی نزیک کردوەتەوە لە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی نێوان ئێران و ئەمەریکا.

جێی ئاماژەیە دانوستانەکان لە دوا ساتەکاندا بەهۆی داواکارییەکی ڕووسیاوە لە ئەمەریکا وەستاوە.

ڕووسیا ماوەیەک پێش ئێستا داوای پێدانی متمانەی لە ئەمەریکا کردبوو سەبارەت بەوەی گەمارۆکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر ئەو وڵاتە نەبێتە بەربەست لەسەر بازرگانییەکانی لەگەڵ ئێراندا.

بەڵام وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگی لاڤرۆڤ ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند مۆسکۆ دەخوازێت هەرچی زووترە ڕێککەوتنە ناوکەییەکەی ئێران دەستپێبکاتەوە. هاوکات گوتیشی چاوەڕوانی ئەوە دەکات واشنتن سزاکانی سەر تاران هەڵگربێت.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە مۆسکۆدا لەگەڵ هاوشانە ڕووسەکەی سەرگێ لاڤرۆڤ گوتی "هیچ شتێک ناتوانێت کاریگەری نەرێنی هەبێت لەسەر وتووێژەکانی ڤیەننا."

ئەمیر عەبدوڵاهیان گوتیشی ئەو بانگهێشتی لاڤرۆڤی کردووە بەمزووانە سەردانی ئێران بکات.

XS
SM
MD
LG