Accessibility links

ئێران بۆ بۆنەی نەورۆز گوشار دەخاتە سەر کوردەکان


بۆنەی نەورۆز، گوندی نێ لە کوردستانی ئێران
بۆنەی نەورۆز، گوندی نێ لە کوردستانی ئێران


بە گوێرەی ماڵپەڕی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ – هەنگاو، سێشەممە ٨ی مارسی ٢٠٢٢ سپای پاسداران دەوری ٣٠٠ کەسیان لە ئەندامانی شورای شار و گوندەکانی دەرووبەری شاری سنەی کۆکردوونەوە و پێیانی ڕاگەیاندوون کە دەبێت سەرجەم بۆنەکانی نەورۆز لە ژێر چاودێری سپادا بێت، ئەگینا ڕێگا بە هیچ ڕێ و رەسمێک نادەن.

هەروەها هەنگاو ڕادەگەیەنێت کە هێندێک لە ئەنجومەنەکان لە بەرانبەر ئەم گوشارهێنانەی سپای پاسداران دا ناڕەزایەتییان دەربڕیوە. هەر لە ئەو پەیوەندییەشدا، ٥٠ هاوولاتی و چالاکی خەڵکی شارەدێی "نێ" سەر بە شاری مەریوان لە لایەن ئیتلاعاتی سوپای ئەو شارەوە بانگ کراون و بە نووسراوە بەڵێننامەیان لێ وەرگیراوە کە نابێت بەشداری ڕێورەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ بکەن.

چالاکوانانی سیاسی لە وتووێژیان دەگەڵ دەنگی ئەمەریکادا دەڵێن کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ناتوانێت پێشی بەڕیوەبردنی نەورۆز بگرێت.

ئارێز داراپوور دەڵێت کە نەورۆز جێژنێکی نەتەوەیی کوردەکانە و حکوومەت ناتوانێت ئاستەنگ بۆ بەڕێوەچوونی نەورۆز دروست بکات.

هەروەها پێی وایە، "بەرلە بەرچاوگرتنی ئەو راستییە کە لە سەردەمی شای ئێرانیشدا بەرگری لە بەڕێوەچوونی نەورۆز نەکراوە، بەڵام حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئەگەر بیهەوێت ئەم کارە بکات، ئەوە 'بەردێکە و داویانا لە دار' و لە ڕاستیدا مەبەستیانە بزانن خەڵک چ جۆرە کاردانەوەیەکی بەرامبەر بە ئەو سیاسەتە نیشان دەدەن."'

لە درێژەی گوشارهێنان بۆ سەر خەڵک، ماڵپەری "ئێران وایر" ئاگایی دەدات کە موزەفەری ساڵح نیا ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری یەکیەتی ئازادی کرێکاران و سێ هاووڵاتی دیکە لە لایەن ئیتلاعاتی سنەوە بانگ کران. ئەو هەواڵە کە بە پێی کاناڵی تێلێگرامی ئەو ناوەندەیە نووسیویەتی کە ئیتلاعاتی ئێران هەوڵیدا کە بە نووسراوە بەڵێنی لە موزەفەر و چەند چالاکی دیکە وەربگرێت لە بۆنەکانی نەرۆزدا بەشداری نەکەن، بەڵام ئەو هاووڵاتیانە ئامادە نەبوونە کە ئەو نووسراوەیە واژۆ بکەن و ناوەکانیان بریتین لە : جەماڵ ئەسەدی، فەردین عیوزی و قودوس شاکری.

رۆژنامەنووس خالید محەمەد زادە بۆ دەنگی ئەمەریکای شیدەکاتەوە کە بەڕیوەبردنی نەورۆز لە کۆماری ئیسلامی دا هیچ کات بێ کێشە نەبووە و ساڵەکانی پێشتریش لە کاتی نەورۆز دا خەڵک گیراوە. بەڵام ئەو جەخت دەکات کە نەرورۆز وەک جێژنێکی ئاسایی سەیری ناکردرێت و هەڵبەت نیشاندەری چەندین هێمایانە.

"یەکەم: لە باری کۆمەڵایەتییەوە خەڵک دیدار تازە دەکەنەوە. دووهەم: لە باری کولتوورییەوە نومایشی جل و بەرگی کوردی و لایەنی هونەری دەکەن و سێهەم: لە باری سیاسییەوە و لە ڕووی نەتەوایەتییەوە خواستی کوردەکان لە نەورۆزدا زەق دەکرێنەوە و بەگشتی نەورۆز خواستی هاووڵاتیانی لە پشتە."

ماڵپەری "کۆڵبەر نیوز" چوارشەممە ١٦ی مارس پشتڕاستی دەکاتەوە کە، "لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لە درێژەی بانگهێشتکردنی هاووڵاتییانی گوندی "نێی"مەریوان، ٢٠ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئەو گوندە بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کران."

XS
SM
MD
LG