Accessibility links

کارمەندانی تەندروستی تورکیا بۆ پێدانی موچەی باشتر و کاری سەلامەتتر، مان لە کارەکانیان دەگرن


بە هەزاران لە پزیشکانی تورکی و کارمەندانی دیکەی تەندروستی ڕۆژی دووشەممە دەستیان بە مانگرتنێکی دوو ڕۆژی کرد، داوای پاراستنی باشتر و بارودۆخی کارکردنی باشتر و پێدانی کرێی زیاتری کارکردن دەکەن، ئەمەش لەو کاتەی ڕێژەی هەڵئاوسان لە تورکیا لە هەڵکشاندایە.

جێی ئاماژەیە بە سەدان لە پزیشکان لە تورکیا وازیان لە کارەکانیان هێناوە و هەوڵی بەدەستهێنانی دەرفەتی کارکردن لە دەرەوەی وڵات دەدەن.

لە ساڵی 2021 دا پتر لە هەزار پزیشک هەوڵی وەرگرتنی بەڵگەنامەی شارەزاییان لە کۆمەڵەی پزیشکی تورکی داوە، تا بەهۆیەوە بتوانن کاری پزیشکی لە دەرەوەی وڵات بەدەست بهێنن.

لە سەرەتای مانگی 3دا سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردوغان گوتی ئەو پزیشکانەی بۆ کارکردن دەیانەوێت بڕۆنە دەرەوەی وڵات فەرموون با بڕۆن.

بەڵام ڕۆژی دووشەممە ئەردۆغان لە میانەی وتارێکیدا بە بۆنەی ڕۆژی پزیشکانی وڵات، بە شێوازێکی نەرم وتەکانی ئاڕاستەی پزیشکان کرد و گوتی ئەو پزیشکانەی بۆ کارکردن وڵات بەجێ دەهێڵن لە ماوەیەکی کورتدا دەگەڕینەوە بۆ تورکیا، لەبەرئەوەی وەک دەڵێت ئەو بڕوای وایە کە تورکیا بەڵێنێکی پرشنگداری بۆ پزیشکان هەیە، گوتیشی تورکیا ئەرکی دڵسۆزی و پێویستی بە پزیشکەکانی خۆی هەیە.

سەرچاوە: AP

XS
SM
MD
LG