Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: دڵسۆز ڕەسوڵ


گرنگییەکانی هونەری شێوەکاری هەر تەنها لە ڕاکێشانی سەرنجەکاندا نین و ڕامان بە دیار تابلۆکانەوە، بەڵکو دەشتوانرێت ئەم هونەرە پڕ لە جوانکارییە بەکاربهێنرێت بۆ خوێندنەوەی قۆناغە جیاوازەکانی بیرکردنەوەی مرۆڤەکان؛ بۆ نمونە کاتێک دەڕوانینە نەخش و نیگار یان هێڵکارییەکی دێرینی ناو ئەشکەوت و پەرستگاکان ئەوجا دەتوانرێت ئاستی هوشیاری و کارامەیی لەو قۆناغەدا بزانرێت.

تابلۆکان خاوەنی زمانێکی هاوبەشن و دەتوانن بینەر بهێننە گۆ و وتووێژکردن لەگەڵ ڕەنگەکان و مەتریاڵە بەکارهاتووەکانی تری ناو تابلۆکە.
بە دڵنیاییەوە جوان بینین و ئەندازەی چێژ وەرگرتن لە هونەری شێوەکاری، کارێک نییە هەروا ئاسان بێت، چونکە پێویستی بە پاشخانێکی گونجاوی ڕۆشنبیری هەیە، هەر بۆیەشە زۆر جار لە پێشانگاکاندا دەبینین بینەرێک دەکەوێتە دۆخێکی نا ئارامەوە چونکە لە ڕووی دەروونییەوە توشی هەڵکشان و داکشان دەبێت کاتێک دەیەوێت لە تابلۆیەک تێبگات.

لەوانەیە زۆربەمان ئەو دیمەنەمان بینیبێت لە پێشانگاکاندا یانیش بەرگوێمان کەوتبێت "کەی ئەوە تابلۆیە!" یان "ئەمە چییە هەر ڕەنگە و بە یەکیاندا داوە" وە زۆر جۆر قسەی تریش بە تایبەتیش ئەگەر هونەرمەندە شێوەکارەکەمان بڕیاری خۆی دابێت تا لە دنیای مۆدێرندا کار بکات و بخوازێت بە ئەبستراکت ڕوانینی خۆی دەرببڕێت و ئازادانە توانایی و بەهرەی خۆی نومایشت بکات وەک هونەرمەندێکی داهێنەر.

هونەری مۆدێرن جۆرێکە لە خۆ ڕزگارکردن لە کۆت و بەندەکانی شێوازەکانی پێشتر و هەروەک چۆن ژیان بە گەورەترین تاقیکردنەوە دادەنرێت ئاوەهاش هونەرمەندان بڕیاری تاقیکردنەوەی نوێش دەدەن لە هونەرەکەیاندا.

دڵسۆز ڕەسوڵ، هونەرمەندی شێوەکار یەکێکە لەوانەی هەوڵێکی ڕژدی داوە لە بواری ئەبستراکتدا و کردویەتیە بەشێک لە تاقیکردنەوە هونەرییەکانی خۆی، ئەڵبەت لەگەڵ ژمارەیەک تاقیکردنەوە و ئەزموونی تری هونەریدا.

هەندێک لە ڕەخنەگران لەوبڕوایەدان کارکردنی هونەرمەند لە بواری ئەبستراکتدا، جۆرێکە لە گیانبازی هونەرمەند، لەو ڕوانگەیەوەی وەک دەڵێن هیچ تابلۆیەکی ئەبستراکت ناتوانێت بە ڕوونی و ئاشکرایی خۆی بە چاوی بینەر بناسێنێت یان دیدی بینەر بتوانێت دەستبەجێ لەو تابلۆیە تێبگات. بەشێکی تری ڕەخنەگرانیش جەخت دەکەنەوە لەوەی ئەگەر ئاستی ڕۆشنبیریی بینەر ئامادەیی هەبێت، ئەوا تێگەیشتن لە ئەبستراکت سانایە و بینەر خۆی دەتوانێت بڕیاردەر بێت لەوەی چ جۆرە لێکدانەوەیەک بۆ تابلۆکە دەکات.

دڵسۆز ڕەسوڵ، هونەرمەندی شێوەکار، وەڵامی پرسیارەکانی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:03 0:00

XS
SM
MD
LG