Accessibility links

کاربەدەستێکی ئەمەریکا دەڵێت هێرشەکان بۆ سەر هەولێر هیچ زیانێکی بە لەشکری ئەمەریکا نەگەیاندووە


هەولێر
هەولێر

پاش ئەوەی شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە چەند مووشەکێک ئاراستەی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کرا، کاربەدەستێکی ئەمەریکا بە مەرجێک ناوی ئاشکرا نەکرێت بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند ئەو هێرشانە هیچ زیانێکیان بە هێزەکانی ئەمەریکا نەگەیاندووە.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کاربەدەستان لە هەرێمی کوردستان هیچ زیانێکی گیانیان بەهۆی ئەو هێرشانە ڕانەگەیاندووە و هەتا ئێستاش هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی بە فەرمی نەگرتووەتە ئەستۆ هەرچەندە لە ڕابردوودا هێرشی لەو جۆرە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سەربە ئێرانەوە ئەنجام درابوون.

سەرۆکی عێراق مستەفا کازمی لە تویتێکدا هێرشەکەی شەرمەزار کرد و گوتی " ئەو دەستدرێژییەی شاری هەولێری ئازیزی کردە ئامانج و خەڵکەکەی تۆقاند دەستدرێژییە بۆسەر ئاسایشی گەلەكەمان، لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی برا بەدواداچوونم كرد، هێزەكانمان لێكۆڵینەوە لە هێرشەكان دەكەن و بەرەنگاری هەر چەشنە تێكدانێكی ئاسایشی هاووڵاتیان و شارەكانمان دەبینەوە".

سەرۆک وەزیری هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانیش لە پەیامێکدا داوای ئارامی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد " هەولێر خۆی بۆ ترسنۆکان ناچەمێنێت. ئەو هێرشە تیرۆریستییەی کرایە سەر چەند شوێنێکی هەولێر، بە توندی شەرمەزار دەکەم و داوا لە خەڵکی قارەمان و خۆڕاگری هەولێر دەکەم ئارام بگرن و ڕێنمایی دەزگا ئەمنیەکان جێ بە جێ بکەن. سوپاسی خۆڕاگریتان دەکەم."

موقتەدا ئەلسەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدرییەکانیش لەبارەی هێرشەکەوە لە تویتێکدا بێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ لایەک بکات دەڵێت هەولێر کەوتووەتە ژێر ئاگری دۆڕاوەکان و شەرمەزارەکان لە دقی بەیاننامەکەدا دەڵێت "هەولێر، کەوتووەتە ژێر ئاگری دۆڕاوەکان و شەرمەزارەکان هەروەهاشا کەوتووەتە ژێر باری برسیکردنەوە وەک ئەوەی کورد عێراقی نەبن، لە کاتێکدا کورد سییەکانی عێرقە و بەشێکی جیاوەنەبووە لە عێراق. هەولێر هەرگیز چۆکدانادات تەنها بۆ میانڕەویی و سەربەخۆیی و سەروەری نەبێت. هەولێر و هەروەها کورد سڵاو و خۆشەویستی منتان لێبێت پشوودرێژبن تا گەیشتن بە ئامانجی حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی. براتان موقتەدا ئەلسەدر."

بەشێکی ئەم هەواڵە لە ئاژانسی ڕۆیتەرز وەرگیراوە.

XS
SM
MD
LG