Accessibility links

سەرۆکی فەیسبووک: مرۆڤایەتی لە داهاتوودا بەتەواوی دەچێتە نێو ژیانی دەستکردنی ڤێرچوەڵ ڕیاڵتی


ڕەنگە زۆرێک لە ئێمە کە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی وەکو فەیسبووک بەکاردەهێنن گلەیی ئەوە بکەین کە زۆر مانەوە لەو تۆڕانە بریتییە لە کات بەفیڕۆدان و دوورکەوتنەوەیە لە ژیانی ڕاستەقینە.

بەڵام مارک زوکەربێرگ، بەڕێوبەری کۆمپانیای فەیسبووک کە ئێستا بە مێتاڤێرس ناسراوە، دەڵێت کە لە داهاتوودا ڕۆژێک دێت مرۆڤ بەتەواوی ژیانی ڕاستەقینە چێدەهێلێت و دەچێتە ناو ژیانی دەستکردی ڤێرچوەڵ ڕیاڵتیەوە.

زوکەربێرگ لە چاوپێکەوتنێکدا کە کۆتایی مانگی ڕابردوو لە پۆدکاستی لێکس فریدمان ئەنجامی دابوو، باسی هەنگاوەکانی کۆمپانیای مێتاڤێرس دەکات بۆ گەیشتن بەو ئامانجە و دەڵێت جیهانەکە سێ ڕەهەندی (3D) دەبێت و تیایدا دەتوانیت هەموو ئەو شتانەی کە ئارەزووی دەکەیت لە ڕێگەی دەنگت دەستەبەریان بکەیت.

بۆ نمونە، لەو جیهانە دەستکردەدا دەتوانیت لە کەنار دەریا کات بەسەربەریت و بە دڵخوازی خۆت ىڕیاربدەیت کە ئایا هەور لە شوێنەکە هەبێت یا شەپۆلی دەریاکان چۆن بێت ئەمە سەرەڕای زیادکردنی مۆسیقا و دەنگی سروشتی بۆ نزیک کردنەوەی ئەزمونەکە لە ژیانی ڕاستەقینە.

ڕۆژی پێنجشەممە، زوکەربێرگ لە ڕووپەڕی تایبەتی خۆی لە فیسبووک ڕایگەیاند کە چاویلکەی ڤێرچوەڵ ڕیاڵیتی ئۆکیوڵەس موڤ لە مانگی داهاتوو بەردەستدەبێت لە بەرنامەی فەیسبووک لە ناو مۆبایل. ئەو ڕایگەیاند کە لەڕێگەی ئەو چاویلکەیە بەکارهێنەرانی فەیسبووک دەتوانن یاری پیستڵ ویپ بکەن کە لە هەمان کاتدا دەبێتە وەرزشی جەستە.

زوکەربێرگ لە لێدوانێکدا ڕۆژی 23ی مانگی ڕابردوو پێشبینی ئەوەی کرد کە ئەم جیهانە دەستکردەی ڤێرچواڵ بەمزوانە جێگەی ئینتەرنێتی مۆبایل دەگرێتەوە و دەبێتە ژینگەیەک بۆ ئەوەی مرۆڤ تیایدا کار بکات و لەهەمان کاتدا پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی تێدا پەیڕەوبکات.

ئەو ڕایگەیاند، "کلیلی کردنەوەی هەموو ئەو پێشکەوتنانە بریتییە لە ژیری دەستکرد."

شایەنی باسە، سەرەڕای ئەو هیوایانەی کە مرۆڤ هەیەتی بۆ سودبینین لە ژیری دەستکرد (AI) هەندێک لە زانایان هۆشیاری دەدەن لە مەترسیەکانی بۆ سەر داهاتووی شارستانیەتی مرۆڤایەتی.

زانای بەناوبانگی بەریتانی ستیڤن هەوکینگ هۆشیاری ئەوەی داوە کە هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی ژیری دەستکرد بۆ مەکینە و ڕۆبۆتەکان ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی زیرەکی مرۆڤ تێبپەڕێنن و ببنە هۆی لەناوبردنی دەستەڵاتی مرۆڤایەتی. هەوکینگ ساڵی 2014 بۆ ئاژانسی بی بی سی ڕایگەیاند، "مرۆڤەکان کە بەهۆی پەرەسەندنی هێواشی بایەلۆجی سنوردارن ناتوانن پێشبڕکێ بکەن و لەلایەن ئەو ئامێرانەوە جێگایان دەگیرێتەوە.

سود لە ماڵپەڕی ڕۆیتەرس و زەسەن وەرگیراوە بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە.

XS
SM
MD
LG