Accessibility links

دوای عەرەبی سونە، هێزە شیعەکانیش بەرەو ڕێککەوتن دەڕۆن بەڵام هێشتا کورد ناکۆکە


دوای ڕێککەوتنی عەرەبی سونە و بردنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، لایەنە شیعەکانیش خەریکە لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت ڕێکدەکەون، بەڵام هێشتا یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ڕێکنەکەوتوون و هەردوولایان لەهەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ بردنی ئەو ئەو پۆستە.

سەرباری ناکۆکی توندی نێوان ڕەوتی سەدر و هێزەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعی بەگشتی و بەتایبەتی نوری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا، بەڵام لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەستەڵەکی نێوانیان تاڕادەیەک توایەوە و لێکنزیکبوونەوە لەنێوانیان ڕوویدا، چاوەڕوان دەکرێت ئەم لێک نزیکبوونەوە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق خێراتر بکات.

ڕێککەوتنی هێزە شیعەکان کاریگەری لەسەر خێراتر یەکلایی کردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقیش هەیە، کە یەکێتی و پارتی ململانێ یانە لەسەری و تا ئێستا ڕێکنەکەوتوون.

شێرکۆ میروەیس ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەدەنگی ئەمەریکای وت"هێزە شیعیەکان بەرەو ڕێککەوتن دەڕۆن و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق خێراتر دەبێت، لەکاتێکدا تا ئێستا نێوماڵی کورد پەرتەوازەیە."

سەرکردەکەی یەکێتی هیوای خواست تا ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار هەلی ڕێککەوتن بقۆزرێتەوە، وتی"گەر پارتی و یەکێتیش ڕێکنەکەون کۆتایی دونیا نیە، ئەوکات پەرلەمانی عێراق پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلایی دەکاتەوە."

ڕێککەوتنی هێزە شیعە دژبەیەکەکان لەکاتێکدایە، پێشتر دەنگی ئەمەریکا بڵاویکردبوویەوە، وەفدێکی شیعی لەدەرەوەی عێراقەوە هاتوون و هەوڵی لەیەکترنزیککردنەوەی هێزە شیعە ناکۆکەکان دەدەن.

هاوپەیمانێتی عەزم بەسەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر و هاوپەیمانێتی پێشکەوتنی عەرەبی سونەش بەسەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی، سەرباری ناکۆکی توندی نێوانیان، بەڵام بەدەستپێشخەری وڵاتانی عەرەبی و هەرێمایەتی ڕێککەوتن و پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیان برد.

لەکاتێکدا عەرەبی سونە و شیعە ڕێککەوتنی نێوخۆییان ئەنجامداوە، بەڵام پارتی و یەکێتی هێشتا لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار ناکۆکن، پارتی هەوڵی سەرخستنی ڕێبەر ئەحمەد دەدات و یەکێتیش پێداگیرە لەسەر بەدەستهێنانەوەی پۆستەکە بۆ بەرهەم ساڵەح.

مەحمود محەمەد وتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایگەیاند"یەکێتی لەسەر قسەی خۆیان سووربوون، بۆیە ئێمەش دەچنە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار."

گەر پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێکنەکەون، ڕەنگە ناکۆکی نێوانیان قوڵتر ببێتەوە، بەو پێ یەی ئەو پۆستە بووەتە مایەی مشت و مڕێکی قورس لەنێوانیان.

شێرکۆ میروەیس ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ڕوونیکردەوە، کورد باجی گەورەی پەرتەوازەیی داوە، یەکڕیزی لەساتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەوە دەست پێ ناکات، بەڵکو یەکڕیزی پەیوەندی بە ڕوئیای کوردەوە هەیە، وتی"نەک تەنها یەکێتی و پارتی، بەڵکو دەبێت هەموو لایەنە کوردیەکان لەسەر پرسە نیشتیمانیەکان ڕێکبکەون."

جەختیشیکردەوە"سەدر و مالیکی دوای مێژوویەکی خوێناوی، لاپەڕەی تازەیان هەڵدایەوە، بۆیە دەستکەوتی گەورەتر لەسەرۆک کۆمار، هەنگاونانە بۆ بەدەستهێنانی خواستە نەتەوەیی و ئیستیحقاقە دەستوریەکانمان و یەکێتی ئەمەی دەوێت."

بەردەوامی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار لەکاتێکدایە، بەپێی زانیاری یە نافەرمیەکان، لێکتێگەیشتن لەنێوان ڕەوتی سەدر و هێزە شیعەکان دروستبووە لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت، بەوەی 7 وەزارەت بۆ سەدر و 5 وەزارەت بۆ هێزە شیعیەکان بێت، بەڵام تا ئێستا شۆڕنەبوونەتەوە بۆ ڕێککەوتن لەسەر وردەکاریەکان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:21 0:00

XS
SM
MD
LG